سەرۆکی ئەنەکەسە: ئەڵمانیا دۆستی کوردە و حەز دەکەین لە سووریادا رۆڵی سیاسیی هەبێت

25-10-2023
پەیمان محەممەد
محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنەکەسە
محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنەکەسە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنەکەسە باسی لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات و دەڵێت، باسی رەوشی خراپی رۆژئاوای کوردستان کرا، گوتیشی، "ئەڵمانیا بە دۆستی کورد دەزانین و حەز دەکەین رۆڵی سیاسیی لە سووریادا هەبێت."
 
رۆژی سێشەممە 24-10-2023 سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازیی لە شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) بە سەرۆکایەتیی محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کرد و بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سووریا و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.
 
رۆژی چوارشەممە محەممەد ئیسماعیل، سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا و سەرۆکی ئەنەکەسە لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 19:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سورەیا هەساری پێشکێشی کرد، لەبارەی دیدارەکەیان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی رایگەیاند، "سەرۆک بارزانی بەردەوام بۆ پرسی کورد بە پەرۆشە و هاوکات لەگەڵ رووداوەکانی شەڕی غەززە و ئیسرائیل، خەمخۆری میللەتی کوردە، کە چۆن لەگەڵ رووداوەکانی نێودەوڵەتیدا هەڵسوکەوت دەکات، هەروەها باسی دۆخی سووریا و ناوچەکەمان کرد."
 
بە گوتەی سەرۆکی ئەنەکەسە، باسی رەوشی خراپی رۆژئاوای کوردستان و پێویستیی دروستبوونی هەڵوێستێکی یەکگرتوو کرا، بۆئەوەی کورد بتوانێت لە خاکی خۆیدا بمێنێتەوە و کۆچ نەکات.
 
لە 4ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان زیاتر کردووە، لەو رۆژەوە چەندین جار بە چڕی بۆردوومانی ناوچەکانی سنووری دێرکی کردووە، ئەم ئۆپەراسیۆنەش لە ئەنجامی هێرشە "خۆکوژی"یەکەی سەر بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی تورکیا لە ئەنقەرە بوو. تورکیا دەڵێت، هێرشکارەکان لە ناوچەکانی ژێر بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە چووبوون، تۆمەتێک کە فەرماندەی گشتیی هەسەدە رەتی کردەوە.
 
دێرەزوور کە بە نەوت دەوڵەمەندە، هاوسنوورە لەگەڵ عێراق؛ زۆربەی دانیشتووانی پارێزگاکە عەرەبن. پێشتر هەسەدە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی چەمی فوراتی کۆنترۆڵ کردبوو، بەشی رۆژئاوای پارێزگاکەش لەژێر کۆنترۆڵی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانە. وەکو محەممەد ئیسماعیل گوتی، بەگشتی سووریا لە قۆناخێکی نوێدایە، بەتایبەتی دۆخی دێرەزوور و شەڕی نێوان هەسەدە و هۆزە عەرەبەکان.
 
سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا ئاماژەی بە کۆبوونەوەی ئەنەکەسە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و فەرەنساش کرد و گوتی، "لە بەرلین پێشوازییەکی باشیان لە ئێمە کرد، ئەوانیش لە دۆخی سووریا بەتایبەتی مەسەلەی دێرەزووریان پرسی و کار بۆ ئەوە دەکەن، دەرفەتی پێکەوەژیان لە سووریادا بڕەخسێت."
 
محەممەد ئیسماعیل ئەڵمانیا بە دۆستی کورد دەزانێت و دەڵێت، "حەز دەکەین لە سووریادا رۆڵێکی سیاسی هەبێت و ئەوانیش جەختیان لەوە کردووەتەوە هاوکاری و ئاسانکاری دەکەن بۆ یارمەتیی پەنابەر و ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنساش جەختی لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان کردووەتەوە."
 
تائێستا بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە 45 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە 35 کەسیان ئەندامی ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بوون، 10ـیان هاووڵاتیی سڤیل بوون، کە دوو دانەیان منداڵ و کەسێکیان ژنە.
 
هەروەها لە ئەنجامی هێرشەکاندا 52 کەسیش بریندار بوون کە 30 کەسیان ئەندامی ئاسایشن، 20ـیان خەڵکی سڤیلن، پێنجیان ژن و سێ دانەیان منداڵن، هەروەها دوو شەرڤانی ئەنجوومەنی سەربازیی سریانیش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە