هەولێر دیجیتاڵ
لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی هەڵکۆڵینی نایاسایی لە گەڕەکێکی شارەکە بە مەبەستی گەڕان بەدوای پارچە شوێنەواری مێژووییدا، کەسێک کەوتە نێو چاڵێک و گیانی لەدەستدا.
رۆژی چوارشەممە 25-10-2023 محەممەدڕەزا زارعی، فەرماندەی یەکینەی پاراستن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی میراتی کولتووری، گەشتیاری و پیشەسازیی دەستیی پارێزگای سنە رایگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن خەڵکەوە ئاگادارکرانەوە، کە لە یەکێک لە گەڕەکە کۆنەکانی شاری سنە کەسێک کەوتووەتە نێو چاڵێک، کە لە ژووری ماڵێکدا هەڵکەندراوە و گیری خواردووە، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکەوە دەستیپێکرد.
محەممەدڕەزا زارعی گوتیشی، "دوای ئەوەی تیمێکی بەرگریی شارستانی، تیمەکانی فریاکەوتن و هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، کەسەکە بە برینداری لەنێو چاڵەکە دەرهێندرا و رەوانەی نەخۆشخانە کرا، بەڵام لە رێگەدا گیانی لەدەستدا." ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، هەڵکۆڵینەکە بە مەبەستی دۆزینەوەی پارچە شوێنەواری مێژوویی بووە و چەند کەسێک زەوییان بە قوڵایی 15 مەتر هەڵکەندووە.
فەرماندەی یەکینەی پاراستن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی میراتی کولتووری، گەشتیاری و پیشەسازیی دەستیی پارێزگای سنە ئاماژەی بەوەدا، لەسەر ئەو دۆسیەیە سێ کەس دەستگیر کران و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ