رووداو دیجیتاڵ
ماش بۆ بەشەخۆراکی مانگانە لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیاد کرا. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی دەڵێت، بەشی حەوتەمی خۆراک بۆ دابەشکردن ئامادەیە.
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ماش گەیشتووەتە بەغدا و بۆ بەشەخۆراکی مانگانە زیادکراوە."
بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە پارێزگای هەولێر گوتی، تاوەکو ئەمڕۆ ماش نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و پێناچێت لەگەڵ دابەشکردنی بەشەخۆراکی حەوتەم دابەش بکرێت.
دلێر عەبدولواحید ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئەمڕۆ نووسراویان پێ نەگەیشتووە سەبارەت بە دابەشکردنی حەوتەم بەشە خۆراکی ئەم ساڵ.
بەشەخۆراکی مانگانە بۆ هەر کەسێک سێ کیلۆ برنج، 9 کیلۆ ئارد، کیلۆیەک شەکر، لیترێک رۆنی شل و کیلۆیەک نیسک یان جۆرێکی دیکەی پاقلەمەنییە.
هەر ئەمڕۆ کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەشەخۆراکی حەوتەم بە زیادەوە ئامادەیە و لە کۆگەکاندایە، بەڵام فەرمانی دابەشکردنمان بۆ نەهاتووە."
کامەران فەتاح لەبارەی زیادکردنی ماشەوە گوتی، بە فەرمی لە زیادکردنەکە ئاگادارنەکراونەتەوە؛ گوتیشی، "هەر کاتێك نووسراومان پێگەیشت، دابەشکردنی خۆراک دەستپێدەکەین."
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 ملیۆن و 354 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن. لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس بەشەخۆراک وەردەگرن؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ