سەربەست لەزگین: کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا زیاتر سیاسین

25-09-2023
پەیمان محەممەد
سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا زیاتر سیاسین و پێیوایە ''کێشەکانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کارکردنی هاوبەشی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان چارەسەر دەبن.''
 
رۆژی دووشەممە، 25-09-2023، سەربەرست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەراوێزی رێوڕەسمی شەشەمین ساڵیادی گشتپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە شەقڵاوە بە مستەفا گۆران، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''ئەوکات بۆ یەکەم جار گەلی کورد بەشێوەیەکی یاسایی و سیاسی بڕیارێکی چارەنووسسازی دەرکرد و رێژەیەکی هەرە سەرکەوتوو کە نزیکەی 93٪ بوو، دەنگی 'بەڵێ'یان بە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دا.''
 
سەربەست لەزگین باسی لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و گوتی: "ئێستاش کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر هەر بەردەوامن و هۆکاری سەرەکیی ئەنجامدانی گشتپرسیی ساڵی 2017ـەش بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، هەر ئەو کێشانە بوون."
 
رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017، گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە تێیدا زیاتر لە 72٪ـی ئەو هاونیشتمانییانەی مافی دەنگدانیان هەبوو، بەشدارییان لە گشتپرسییەکەدا کرد و 92.7٪ـی بەشداربووان بە 'بەڵێ' دەنگیان بۆ جیابوونەوە لە عێراق دا.
 
دوای گشتپرسییەکە، حکومەتی عێراق و هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە گوشارێکی زۆریان لەسەر هەرێمی کوردستان دروستکرد، لەوانەش داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لەلایەن تارانەوە و داخستنی فڕۆکەخانەکان لەلایەن بەغداوە.
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی جەختی لەوە کردەوە، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، زیاتر "سیاسین" و دۆخێکی نالەباریان لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە، ''بەڵام پێموایە تا سەر بەو شێوەیە نامێننەوە و دەبێ چارەسەرێک بۆ ئەو بابەتە بدۆزینەوە.''
 
سەربەست لەزگین پێیوایە، کێشەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان لە رێگەی کارکردنی هاوبەشی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان چارەسەر دەبن و دەشڵێت: ''پارتی باوەڕی بە کاری پێکەوەیی هەیە و هەموو کاتێک هەوڵ دەدات سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان لەوبارەوە کۆبکاتەوە.''
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی چاوەڕوان دەکات، کێشە و ناکۆکییەکانیان لەگەڵ بەغدا لە رێگەی دانوستاندن چارەسەر بکەن و رێگەی زاڵبوون بەسەر کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بە ''یەکڕیزی''ـی لایەنە کوردستانییەکان دەزانێت.
 
سەربەست لەزگین گوتی: ''هەموو کات بۆ دروستکردنی یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان دەستپێشخەریمان کردووە و بانگەوازیمان داوە، چونکە یەکڕیزی و یەکبوون لە هەرێمی کوردستان، خاڵی هەرە بەهێزی ئێمە دەبێت.'' 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە