کوردستان
ناو و ژمارەی نهێنی دەدرێتە قوتابییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان تاوەکو لەکاتی کارابوونی زانکۆلایندا لە هەرێمی کوردستان، ئەوانیش داواکاری پێشکێش بکەن
رووداو دیجیتاڵ
دابەشکردنی فۆرم بۆ وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان لە ناوچە دابڕێنراوەکانی باشووری کوردستان دەستپێدەکات.
شێرزاد سەعید، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (یەکشەممە، 25-8-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تەواوی دەرچووانی 12ـی ئامادەیی دەتوانن فۆرم پڕبکەنەوە و لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان بخوێنن.
دوای پڕکردنەوەی فۆرم، ناو و ژمارەی نهێنی دەدرێتە قوتابی بۆ ئەوەی لەکاتی کارابوونی زانکۆلایندا لە هەرێمی کوردستان، ئەوانیش داواکاری پێشکێش بکەن.
وەرگرتنی قوتابیانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، سنووری پارێزگای کەرکووک، قەزاکانی خورماتوو، خانەقین و شنگال دەگرێتەوە.
شێرزاد سەعید گوتی، ئەگەر قوتابیان بە دروستی زانکۆلاین پڕبکەنەوە، هەموویان بێ جیاوازی بەگوێرەی نمرەکانیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن.
دوایین رۆژ بۆ وەرگرتنی فۆرم 29ـی ئەم مانگەیە و دوایین کاتیش بۆ گەڕانەوەیان 01ـی مانگی نۆیە.
دەرچووانی ساڵی خوێندنی 2022- 2023 و 2023 - 2024ـی ناوچە دابڕێنراوەکان دەتوانن داوای فۆرمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
شێرزاد سەعید ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوانەشی لە خولی دووەم تاقیکردنەوە دەکەن، دەبێت لە ماوەی دیاریکراودا فۆرم وەربگرن، چونکە جارێکی دیکە دابەشی ناکەنەوە.
ساڵی رابردوو؛ هەزار و 384 دەرچووی 12ـی ئامادەیی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان وەرگیران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ