رووداو دیجیتاڵ
جێگری فەرماندەی لیوای پێنجی هێزی پێشمەرگە کە لە سنووری کفری جێگیرە، دەڵێت، چاوەڕوانی فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەن بۆ هەر هەنگاوێک لە بەرامبەر ئەو دۆخەی لە ناوچەکەدا هاتووەتە ئاراوە.
ئەو سنوورەی حەشدی شەعبی لێی جێگیر بووە گوندێکی بەناوی رەحیم وەرەقەی تێدایە و پێشتریش بیرە نەوتێکی تێدا بوو. ناوچەکە دەکەوێتە سنووری ناحیەی کوڵەجۆ لە قەزای کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان. جگە لە پۆلیسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، لیوای پێنجی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنوورەکەدایە.
عەقید بەختیار بێسەری، جێگری فەرماندەی لیوای پێنجی هێزی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێزەکە زیاتر لە 150 ئامێری سەربازی پێیە و بێ هیچ هاوئاهەنگییەک هاتووەتە سنوورەکە".
بێسەری گوتی، ئەو بیرە نەوتەی حەشدی شەعبی دەستی بەسەریدا گرتووە، ئێستا بەرهەمی نییە.
جێگری فەرماندەی لیوای پێنجی هێزی پێشمەرگە گوتی، هێزەکەی حەشدی شەعبی "زۆرە" و پێگەی خۆی لە سنوورەکە قایم دەکات؛ گوتیشی، هێزی پێشمەرگە لە سنووری خۆیەتی و چاوەڕوانی فەرمانە لە سەرووی خۆیەوە کە وەزارەتی پێشمەرگەیە.
هێزەکە سەرەتا لە سنووری کوڵەجۆ چووەتە نزیک گوندی سەید مدریک کە لیوای 9ی هێزی پێشمەرگەی تێدایە.
عەقید ناسر محەممەد، جێگری فەرماندەی لیوای نۆی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیک کاژێر 04:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێک هاتە سنووری ئێمە و دواتر ئێرەی چۆڵکرد و کەسیان لێرە نەمان".
عەقید ناسر دەڵێت، هێزەکە هیچ هاوئاهەنگییەکی لەگەڵ ئەواندا نەبووە؛ گوتیشی، "ئامانجیان تەنیا داگیرکردنی بیرە نەوتەکانە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ