یونیتاد بەشی دووەمی بەڵگەکانی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی رادەستی هەرێمی کوردستان کرد

25-08-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش ناسراو بە یونیتاد، نزیکەی 12 گێگابایت بەڵگەی کۆکراوەی تاوانەکانی داعش بەرامبەر کوردانی ئێزدی رادەستی هەرێمی کوردستان کرد.
 
ئەمڕۆ یەكشەممە، دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئانا پێرۆلۆپیس، راوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) کۆبوونەوە.
 
فەرمانگەی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، یونیتاد بڕی 11.9 گێگابایت زانیاری و لێکۆڵینەوەی تایبەت بە رێکارە یاساییەکان بۆ دادگەییکردنی تاوانبارانی داعش رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
 
لەبارەی کۆبوونەوەکەوە دیندار زێباری رایگەیاند،  لە میانەی هاوئاهەنگیمان لەگەڵ یونیتاد ئەو بەڵگەنامە و زانیارییانەیان لەگەڵدا هاوبەش کراوە.
 
جگە لە بەڵگەکانی ئەمڕۆ، 11ـی تەممووزی2024، لە قۆناخی یەکەمدا یونیتاد (45.95) گیگابایت بەڵگەنامە و زانیاری کۆدکراو و پارێزراوی رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
 
بەڵگەنامەکان تایبەتن بە رێکارە یاساییەکان بۆ دادگەیکردنی "تاوانباران" بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی نێودەوڵەتی بەرامبەر کوردانی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیكه.
 
07ـی ئەم مانگە تیمی یونیتاد بە رووداوی راگەیاند، "لەسەر داوای حکومەتی عێراق و بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی 17-09-2024 ئەرکی تیمەکەمان لە عێراق کۆتایی دێت."
 
یونیتاد شەش ساڵە لە عێراق خەریکی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی داتا و زانیارییە لەسەر تاوانەکانی داعش. لەو ماوەیەدا یارمەتیی حکومەتی عێراقیان داوە بۆ گەڕان بەدوای گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا.
 
یونیتاد رایگەیاندووە، "68 گۆڕی بەکۆمەڵی سەردەمی داعش هەڵدراونەتەوە. 18 ملیۆن تۆماری کاخەزیی پەیوەست بە داعش بە دیجیتاڵکراون و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی عێراق ئەرشیفکراون. هەروەها، قەبارەیەکی گەورە لە بەڵگەنامە، وێنە و ڤیدیۆ لەو ئامێرانەی داعش کە لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە دەستبەسەرکراون، ئەرشیفکراون."
 
یونیتاد، لە ساڵی 2017 لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان پێکهێنرا، تاوەکو تاوانبارانی داعش بدۆزرێنەوە و دادگایی بکرێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە