رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ناوی نوێ بۆ چوون بۆ سعودیە بەمەبەستی حەجکردنی ساڵی 2025 تۆمار ناکرێت.
بڕیارەکە بە فەرمانێکی پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردن بڵاوکراوەتەوە و رێککەوتی 25-08-2024ـی لەسەرە.
ئەمڕۆ (یەکشەممە) بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی ئەوقاف بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی هاونیشتمانیانە، چونکە ساڵانی رابردوو خەڵکێکی زۆر چاوەڕوانی هاتنەوەی ناوەکانیان بوون بۆ حەج و، ناویان دەرنەچوو."
16-12-2023 تیروپشک بۆ ئەو کەسانە کرا کە فۆڕمی حەجیان پڕکردبووەوە، لەوانە 65 هەزار و 195 کەس لە ساڵی 2017 و 56 هەزار و 669 کەسیش لە ساڵی 2023 داوایان بۆ چوونە حەج پێشکێش کردبوو؛ لە تیروپشکەکەدا ناوی چوار هەزار و 174 کەس بۆ حەجی ساڵی 2024 دەرچوو.
وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، تەواوی ئەو کەسانەی لە ساڵانی 2023 و 2017 ناویان نووسیبوو، ناویان لە تیروپشکی حەجی 2025 دا دەبێت.
پێشتر بۆ حەجی ساڵی 2024 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، ئەوانەی ناویان دەرنەچێت ناویان دەسڕنەوە و جارێکی دیکە ناویان ناچێتەوە تیروپشکەوە، ئەگەر دووبارە ناو تۆمار نەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ