رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، زنجیرە ئاگرکەوتنەوەکانی 21ـی تەممووز لە سنووری ئیدارەکە، بە مەبەست کرابوون، گوتیشی پەیوەست بە دۆسیەکە دوو کەس دەستگیرکراون.
رۆژی یەکشەممە 21-07-2024، لە یەک کاتدا چەندین ئاگرکەوتنەوە لە دارستان، زەوی و پووش و پاوانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەوتنەوە، بەڵام دواتر لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی ئیدارەکە و پۆلیسی دارستان کۆنترۆڵکران و هیچ زیانێکی گیانیان نەبوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، رەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وردەکاریی زنجیرە ئاگرکەوتنەوەکانی خستەڕوو و رایگەیاند، "رووداوە یەک لە دوای یەکەکان هۆکار بوون بۆ ئەوەی گومان بکەین ئاگرکەوتنەکان دەستی تاوانکاریان لەپشتە."
رەوەند هاودیانی گوتی: "بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرجەم ئاگرکەوتنەوەکان، ناچار بووین تیمەکانمان بەسەر شوێنی ئاگرکەوتنەوەکان دابەش بکەین کە زیاتر لە هەشت شوێن بوون."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، "دەرکەوتووە تاوانباران بە شێوەیەکی زۆر خێرا لە کاژێر 15:22 خولەک لە سەرەتای پێچەکانی قەزای رواندزەوە دەستیان پێکردووە و تاوەکو پردی حافیز زیاتر لە هەشت ئاگریان کردووەتەوە."
بەگوتەی رەوەند هاودیانی، ئەو کەسانە مەبەستیان بووە بە خێرایی کارەکە بکەن، بۆ ئەوەی رێگر بن لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و زۆرترین زیان بە ژینگە بگەیێنن: ''بەڵام زیاتر لە 14 تیمی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان، دوو تیمی پۆلیسی دارستان و هاونیشتمانییانی خۆبەخش، بە خێرایی رێگرییان لە تەشەنەسەندنی کرد.''
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران ئاماژەی بەوە کرد، پۆلیس و ئاسایشی سۆران پەیوەست بە رووداوەکە دوو کەسیان دەستگیرکردووە کە خەڵکی قەزای رواندزن. گوتیشی: ''ئێمە دڵنیاین لەوەی کە تاوانێکی رێکخراو بووە، کێ لەپشت هاندانی ئەوانەوەیە نازانین، بەڵام پێویستە لێکۆڵینەوەکان لەسەر بابەتەکە بەردەوام بن.''
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم ساڵ تاوەکو 21ـی ئایار، زیاتر لە هەزار و 292 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و خنکان و هەڵدێران روویانداوە و بەهۆیانەوە 61 کەس گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ