دوای بەرنامەیەکی لەگەڵ رەنج؛ چەند گرووپێکی گەشتیاری لە باشوورەوە چوونەتە باکووری کوردستان

25-06-2023
ئاسۆ سەراوی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گەشتیارانی باشووری کوردستان گرنگی بە ناوچە گەشتیارییەکانی باکووری کوردستان نادەن و زیاتر سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی تورکیا دەکەن. سەرۆكی لقی سلێمانیی ‏‏كۆمەڵەی كۆمپانیا ‏گەشتیارییەكانی ‏هەرێمی ‏‏‏‏كوردستان دەڵێت؛ "ئێستا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کۆمپانیا و بەرپرسانی گەشتیاریی باکووری کوردستان بەهێزکردووە و چەندین گرووپی گەشتیاریمان رەوانەی باکووری کوردستان کردووە." 
 
رۆژی یەکشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2023، بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی جەودەت ئۆزگۆگچە، سەرۆكی یەكێتیی ئاژانسەكانی گەشتیاری لە ‏ناوچەی رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، ‏دەرباز بویوكسو، سەرۆكی شارەوانیی قەزای ئەسەندەرە، ‏سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بازاڕكردن لە دەستەی گەشتوگوزاری ‏هەرێمی كوردستان، زریان بەهجەت، سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی كۆمپانیا ‏‏گەشتیارییەكانی هەرێمی ‏‏‏‏كوردستان و عەتا ئەنوەر، سەرۆكی لقی سلێمانیی ‏‏كۆمەڵەی كۆمپانیا ‏گەشتیارییەكانی ‏هەرێمی ‏‏‏‏كوردستان؛ گرنگیی كەرتی گەشتیاریی نێوان باكوور ‌و باشووری كوردستانیان تاوتوێکرد.
 
پەیوەندیی گەشتیاریی باشوور و باکووری کوردستان 
 
 
عەتا ئەنوەر، سەرۆكی لقی سلێمانیی ‏‏كۆمەڵەی كۆمپانیا ‏گەشتیارییەكانی ‏هەرێمی ‏‏‏‏كوردستان دەڵێت؛ "بەرنامەی پێشووی لەگەڵ رەنج وایکرد بتوانین دوو گرووپی گەشتیاری لە سلێمانی دروستبکەین و بیانبەین بۆ شاری وان، بڕیاریشە بەردەوامبین بۆ ناردنی گرووپی گەشتیاری بۆ باکووری کوردستان." 
 
عەتا ئەنوەر داوا لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان دەکات لە باکووری کوردستانەوە گرووپی گەشتیاری دروستبکرێت و بێن بۆ هەرێمی کوردستان و دەشڵێت؛ لە17‏ی مانگی هەشتی 2023 ‏پێشانگەیەكی گەورەی گەشتیاری لە ‏سلێمانی ‏دەكرێتەوە، بۆ ئەو ‏پێشانگەیە بانگهێشتی كۆمپانیا ‏گەشتیارییەكانی باكووری كوردستان دەكەن ‏بەشداربن.
 
 
سەرۆكی لقی سلێمانیی ‏‏كۆمەڵەی كۆمپانیا ‏گەشتیارییەكانی ‏هەرێمی ‏‏‏‏كوردستان گلەیی لە كۆمپانیاكانی ‏گەشتیاریی ‏باكووری کوردستان كرد كە داشكاندنی نرخ ‏بۆ گەشتیارانی ‏رۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر دەكرێت، بەڵام بۆ ‏ئەوان ناكرێت و وەکو ئاماژەی پێدەدات "لە باكوور نرخ ‏بۆ گەشتیاری ئێرانی هەرزانترە". 
 
جەودەت ئۆزگۆگچە، سەرۆكی یەكێتیی ئاژانسەكانی گەشتیاریی لە ‏ناوچەی رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ ‏لەبارەی گلەیی عەتا ئەنوەر لە جیاوازیی نرخ بۆ گەشتیارانی باشووری کوردستان ‏بەڵێنیدا ئەو ‏جیاوازییە نەهێڵێ‌.‏
 
‏"هەرزان بوونی نرخی ڤیزا دەگەیێنینە ‏بەرپرسانی ‏توركیا"‏
 
‏دەرباز بویوكسو، سەرۆكی شارەوانیی قەزای ئەسەندەرە پێیوایە؛ ‏بەفەرمیكردنی دەروازەی سەرزێڕ ‏دەبێتە هۆكارێك بۆ زیادبوونی جموجووڵی ‏گەشتیاری لە نێوان ‏باكوور ‌و باشووری كوردستان، بۆیە بەمنزیکانە ‏دەروازای ‏سەرزێڕ دەبێتە 24 كاژێری، "ئەوەش وادەکات هاتووچۆی ‏گەشتیاری ‏لە نێوانماندا زیاتر ببێت."
 
دەرباز بویوكسو، سوپاسی رووداو دەکات کە ‏بووەتە هۆكارێك بۆ ‏ئەوەی كۆمپانیا گەشتیارییەكانی هەردوولا ‏زیاتر یەكتری بناسن ‌و لەو ‏رێگایەشەوە ئاڵوگۆڕی گەشتیاری ‏زیاتر دەبێت. هاوکات گەشبینە بەوەی داواكارییەكانیان بۆ ‏هەرزانبوونی ڤیزەی توركیا كاریگەری خۆی دەبێت ‌و دووپاتیدەکاتەوە؛ "ئێمە ‏ئەو داوایە دەگەیەنینە بەرپرسانی توركیا ‌و ئەوەش ‏كاریگەری ‏خۆی دەبێت".‏
 
گەشتی ئاسمانیی وان-هەولێر و وان-سلێمانی
 
 
رۆژی 25-12-2022 سەرۆكی فیدراسیۆنی پیشەسازی و جیهانی كار، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج کە لە شاری وان بەڕێوەچوو، باسی لەو گرفتانە کرد کە بوونەتە لەمپەر لەبەردەم گەشتی راستەوخۆی هەولێر و سلێمانی بۆ شاری وان و گوتی؛ بەشێک لە کێشەکان پەیوەستن بە حکومەتی تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ نەبوونی گەشتی ئاسمانی راستەوخۆ لە هەولێر و سلێمانییەوە بۆ شاری وان.
 
موسلیم ئەربای رایگەیاند، کە ئەوان هەموو رێکارە یاساییەکانیان بۆ دەستپێکردنی گەشتی ئاسمانی تەواوکردووە و تەنانەت کۆمپانیای فرۆکەوانیش ئامادەی کارە و چاوەڕوانی وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستانن بۆ ئەوەی رەزامەندی بدات بە دەستپێکی گەشتی راستەوخۆی وان و هەولێر - سلێمانی.
 
سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بازاڕكردن لە دەستەی گەشتوگوزاری ‏هەرێمی كوردستان ‏گوتی؛ "شاندێک بە سەرۆکایەتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ شاندی پارێزگای وان کۆبوونەوە و هەموو ئامادەکارییەکیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی گەشتی ئاسمانی راستەوخۆ لەنێوان هەولێر و وان دەستپێبکات.
 
کردنەوەی سنوور بەڕووی پاسە گەشتیارییەکان
 
 
زریان بەهجەت، سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی كۆمپانیا ‏‏گەشتیارییەكانی هەرێمی ‏‏‏‏كوردستان بە گرنگی دەزانێت خەڵکی پارچەکانی کوردستان تێکەڵاوی و هاتووچۆیان لەگەڵ یەکتر هەبێت و دەڵێت؛ شارەکانی باکووری کوردستان بۆ گەشتیارانی هەرێمی کوردستان نزیکترن و لەڕووی گەشتیاریشەوە لە شارەکانی تورکیا خۆشترن، بەدەر لەمانەش لە قسەکردنیشدا کێشەیان نابێت لەبەر ئەوەی یەک زمانین و هەموومان کوردین.
 
زریان بەهجەت داوا دەکات؛ رێگە بدەن لەدەروازەی سنووری سەرزێڕەوە بە پاس گەشتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق ببەین بۆ وان و شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان و پێیوایە؛ ئەمە تێچووی سەفەرەکە لەسەر گەشتیاران کەمتر دەکاتەوە، وەکو ئاماژەشی پێدەدات لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلیشەوە رێگە نادەن پاسی عێراقی بچێتە نێو خاکی تورکیاوە و پێویستە ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت.
 
گرانیی نرخی ڤیزای توركیا گرفتێكی دیكەی گەشتیارانی هەرێمی ‏كوردستانە
 
 
سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی كۆمپانیا ‏‏گەشتیارییەكانی هەرێمی ‏‏‏‏كوردستان رایگەیاند؛ "پێشتر ڤیزەمان بە 70 بۆ ‏‏80 دۆلار ‏وەردەگرت، ئێستا بووەتە 180دۆلار و ئەوەش بۆ گەشتیار ‏زۆرە".‏
 
بە گوتەی زریان بەهجەت؛ هۆكاری گرانیی ‏نرخی هۆتێلەكانی هەرێمی كوردستان بۆ گەشتیاران دەگەڕێتەوە و دووپاتیدەکاتەوە؛ "ئەگەر بمانەوێ‌ گەشتیارێكی زۆرتر بێتە ‏كوردستان، دەبێت نرخی ‏هۆتێلەكان هەرزانتر بكرێن، بۆ ئەمەش پێویستە نرخی كارەبای هۆتێلەكانی هەرێمی ‏كوردستان هەرزان بكرێن".
 
لە باكوور شوێنی گەشتیاری هەیە 20 هەزار ساڵە ‏بەفرەكەی ‏نەتواوەتەوە
 
هەر لە بەرنامەكەدا كۆمەڵێك گەنج ‌و خاوەنی كۆمپانیا ‏گەشتیارییەكان ‏ئامادەبوون ‌و بەشێكیان سەرنجی جیاوازیان ‏خستەڕوو، خاوەنی ‏كۆمپانیایەكی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستانیش ‏گوتی "داوا لە ‏گەشتیارانی هەرێمی كوردستان دەكەم ‏سەردانی وان بكەن، نرخی ‏گەشتەكەش زۆر هەرزانە، بۆ نموونە بۆ ‏پێنج رۆژ 200 دۆلار خەرجی دەبێت، ‏ئەگەربێن دیمەنی زۆر ‏سەرنجڕاكێش دەبینن، جگەلە بینینی دەریاچەی وان، ‏لە جۆلەمێرگ چیا هەیە 20 هەزار ساڵە بەفرەكەی نەتواوەتەوە".‏

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە