سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: پێش جەژنی قوربان دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت

25-06-2022
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو - هەولێر 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، پێش جەژنی قوربان دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران دەکرێت.
 
ئەمڕۆ شەممە، 25.6.2022 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، دوای کۆتاییهاتنی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار لە 29ـی حوزەیران، دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی مووچەی ئەو مانگەش دەکرێت و گوتیشی: "پارەی پێویست کۆکراوەتەوە و بەردەستە".
 
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "29ـی ئەم مانگە، دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار کۆتایی دێت و 30ـی مانگ، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران دەکرێت، ئەگەر پێڕابگەن، رەنگە تاوەکو جەژن، مووچەی هەموو وەزارەتەکان دابەشبکەن".
 
بەپێی پێشبینییەکان، رۆژانی 8 یان 9ـی تەممووز یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە. 
 
رۆژی 06-06-2022 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار کرا و پرۆسەکە تاوەکو 29ـی مانگ دەخایێنێت. 
 
لە هەرێمی کوردستاندا یەک ملیۆن و 251 هەزار و 451 مووچەخۆر هەن، کە 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین؛ 242 هەزار و 269 کەسیان خانەنشینن. حکومەت بۆ پێدانی مووچە بێ لێبڕین مانگانە 895 ملیار دیناری پێویستە، کە ساڵانە 10 تریلیۆن و 740 ملیار دینار دەکات.
 
دوێنێ 24ـی حوزەیرانی2022 حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتی بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، بەهۆی لێبڕین و پێداچوونەوەوە بە مووچەخۆراندا مانگانە زیاتر لە دوو ملیار دینار بۆ حکومەت گەڕاوەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە