رووداو دیجیتاڵ
داوا دەکرێت ناحیەی رزگاری لە سنووری گەرمیان کە بەشێکی زۆری کەسوکاری شەهیدانی ئەنفالن، بکرێتە قەزا. بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، مەرجەکانی قەزابوونیان هەیە و شوێنی دیکە کراوە بە قەزا مەرجەکانی ئەوانیشی نەبووە.
چەند رۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جارێکی دی داواکردنی بە قەزابوونی ناحیەی رزگاری لەلایەن چالاکڤانانەوە دەستیپێکردووە. جەمال مام ساڵح، بەڕێوەبەری ناحیەکە لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ئەمڕۆ شەممە، 25ـی ئایار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو مەرجەکانی بە قەزابوون لە ناحیەکەمان هەیە و داواکاری خەڵک و کەسوکاری ئەنفالکراوانیشە".
دانیشتووانی ناحیەی رزگاری 67 هەزار کەسن لە 17 گەڕەکدا، بەڕێوەبەری ناحیەکە گوتی: "نەوەکو لە پارێزگای سلێمانی، بەڵکو لە ئاستی هەرێمی کوردستانیش یەکێکین لە گەورەترین ناحیەکان، کە سنوورەکەمان 73 گوندیشی لەسەرە و 21 فەرمانگەی حکومیی تێدایە".
مەرجەکانی بە قەزابوون
دوو جۆر رێکاری یاسایی بۆ بە قەزابوونی ناحیە هەیە. یەکەم دەبێت سەرەتا حکومەت لە رێگەی کشتوکاڵەوە سنووری ناحیەکە لەسەر نەخشتە دیاری بکات و بینێرێت بۆ پارێزگا، دواتر ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگی لەسەر بدات و رەوانەی وەزارەتی ناوخۆی بکات، وەزارەتەکەش بیباتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و دوای پەسەند کردنی رەوانەی وەزارەتی ناوخۆی بکاتەوە؛ دواتر فەرمانی سەرۆکوەزیران و فەرمانی هەرێمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ دەربچێت.
ئێستا ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی داگەی فیدراڵییەوە سڕکراون. د. عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا کە ئەنجوومەن کارەکانی راگیراوە، پارێزگار دەتوانێت راستەوخۆ داوای بە قەزابوونی ناحیە رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ بکات، لەوێشەوە ببرێتە ئەنجوومەنی وەزیران و دوای پەسندکردنی، فەرمانی هەرێمیی و سەرۆکی حکومەتی بۆ دەربچێت.
ناحیەی رزگاریی ساڵی 1987 دامەزراوە، دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی جینۆساید، ئەنفال و راگواستن لە سنووری گەرمیان، بەشێکی خەڵکی گوندەکان بە زۆر برانە ناحیەکە، کە ئەوکات ناوی کۆمەڵگەی سموود بوو.
داواکردنی بە قەزابوونی رزگاریی جاری یەکەم نییە، بەڵکو ئابی 2023 و ئاداری 2022 هەمان داوا کرا، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی پرسەکە نەبراوەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.
لە ماوەی ساڵێکی رابردوودا، چەند ناحیەیەک کراون بە قەزا، لەوانە ناحیەکانی سیدەکان، هەریر و خەلیفان لە پارێزگای هەولێر و ناحیەی خوورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ