رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆیە دەڵێت، بەهۆی کارکردن لە شەقامی 40 مەتریی فیدراڵی و بە مەبەستی گواستنەوەی بەشێک لە بۆرییەکانی هێڵی سەرەکی، بۆ ماوەی 72 کاژێر ئاو نادرێتە ئەو ماڵانەی دەکەونە سنووری شەقامەکە.
لە راگەیێندراوێکدا هاتووە، راگرتنی دابەشکردنی ئاو لە رۆژانی 27-28 و 29ـی ئەم مانگە دەبێت. هۆگر کەیفی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ شەممە و سبەی یەکشەممە ئەو گەڕەکانەی رۆژانی دواتر بێ ئاو دەبەن هەر رۆژە و دوو کاژێر ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە بۆ ئەوەی پێویستییەکانیان جێبەجێ بکەن و ئاوی پێویستیش کۆگە بکەن".
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیە نزیکەی 19 هەزار هاوبەشی هەیە. هۆگر کەیفی گوتی، نزیکەی شەش هەزار هاوبەش بەهۆی کارکردنەکەوە ئاویان پێ نادرێت.
لە راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کۆیەدا هاتووە، "داواکارین لە هاووڵاتیانی شارەکەمان ئەو ماوەیە بە هۆشیارییەوە ئاو بەکاربێنن و هاوکارمان بن تاوەکو کارەکان کۆتاییان دێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ