رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایەکی ئایینی لە سنووری قەزای بەردەڕەش لە ئێوارەی دوێنێوە بێسەروشوێنە. دراوسێیەکی دەڵێت، مامۆستاکە سەرقاڵی ماسیگرتن بووە و بە گومانی خنکانی بۆ تەرمەکەی دەگەڕێن.
مەلا ئەحمەد خارووکی، پێشتر گوتاربێژ و پێشنوێژی مزگەوتی گوندی خارووک بووە لە ناحیەی دارەتوو لە سنووری قەزای بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک و ئێستا خانەنشینە. ئەو هاونیشتمانییە لە ئێوارەی دوێنێ هەینییەوە نەگەڕاوەتەوە ماڵەکەی.
لەشکر نەجمەدین دراوسێی مامۆستاکەیە و یەکێکە لەو کەسانەی لە سۆراخی ئەو هاونیشتمانییە دەگەڕێت، ئەمڕۆ شەممە، 25ـی ئایار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مامۆستا ئەحمەد خولیای ماسیگرتنی هەبوو و دوێنێ بە چووپێک چووەتە ئاوی گوندەکەمان و دواتر لە دووریی حەوت کیلۆمەتر چووپەکە دۆزراوەتەوە و خۆی نادیارە".
زێی گەورە بە سنووری گوندی خارووکدا تێدەپەڕێت. کەسوکاری ئەو مامۆستا ئاینییە جگە لە چووپەکە، جلوبەرگ و کاتژمێرەکەشیان دۆزیوەتەوە.
کەسوکارەکەی داوای هاوکاری لە هاونیشتمانیانی گوندەکانی کەورە سۆر، داڵەڕێ، گردمامک و ئیفرازەکانی یەک و دوو، بەنێنان و شێوەڕەش دەکەن تاوەکو هاوکاریان بن لە زانینی چارەنووسی مامۆستا ئەحمەد.
پۆلیسی بەردەڕەش پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.
ساڵانە لە دەستپێکی وەرزی گەرمادا خنکان لە باشووری کوردستان زیاتر دەبێت. دوێنی هەینی لە دوو رووداوی جیادا لە دهۆک و کەرکووک دوو کەس خنکان؛ 21ـی ئایاریش گەنجێک لە قەزای دەربەندیخان خنکا و رۆژی دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوە.
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم ساڵ تاوەکو 21ـی ئایار، زیاتر لە هەزار و 292 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و خنکان و هەڵدێران روویانداوە و بەهۆیانەوە 61 کەس گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ