رووداو دیجیتاڵ
ئەو باندەی دوو رۆژ لەمەوپێش بە زەبری چەک دزیان لە ماڵێکی تورکمان کردبوو، دەستگیرکران. فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، باندەکە لە پێنج کەس پێکهاتبوو و سەرجەم زێڕ و پارەی خێزانەکەش گەڕێندراوەتەوە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس.
پێنجشەممە 25-04-2024، لیوا کاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک بە هیوا حوسامەدین، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت ''دوای دزیکردنەکە، توانیمان تەنیا لە چەند کاژێردا ناسنامەی ئەو کەسانە دەستنیشان بکەین، بەڵام دوێنێ کاژێر 16:00 بە تەواوی شوێنی مانەوەیان دەستنیشانکرا، بۆسەمان بۆ دانان و دوای 30 خولەک شەڕ و پێکدادان، توانیمان هەموویان دەستگیر بکەین.''
درەنگی شەوی سێشەممە، چوار چەکدار هەڵیانکوتایە سەر ماڵێکی تورکمان لە گەڕەکی واستی کەرکووک، لە کامێرای چاودێرییەوە دەردەکەوێت چەکدارەکان دەموچاوی خۆیان پێچاوە و جگە لە لێدان و سووکایەتیکردن پێیان، بڕێکی زۆر پارە و زێڕ دەدزن.
باندەکە خۆیان وەک تیمێکی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان ناساندووە. لیوا کاوە غەریب، رەتیدەکاتەوە سەر بە هیچ هێزێکی چەکداری بووبن و دەڵێت، ''تەنیا گرووپێکی دزیکردنن. پێنج کەس بوون کە لەکاتی بەرەنگاربوونەوە و دەستگیرکردنیاندا، کەسێكیان بریندار بوو.''
فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم پارە و زێڕی دزراوی خێزانە تورکمانەکە وەرگیراوەتەوە و ئێستا لەبەردەستی هێزەکانی پۆلیسدایە.
هەر پێنج تۆمەتبار دانیان بە تاوانەکەیان ناوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەش بەردەوامە، وەک کاوە غەریب گوتی ''هەر کەس و هەر لایەنێک لەپشت رووداوی دزیکردنەکەوە بووبێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ