رووداو - کەرکووک
کۆمپانیای نەوتی باکوور داوای لە کارمەندانی خۆی کردووە مامەڵەکانیان پێشکەش بکەن تاوەکو زەوی نیشتەجێبوونیان لە کەرکووک پێبدرێ، لەکاتێکدا بەپێی دەستووری عێراق، لەو شوێنانەی بەناوچەی کێشە لەسەر دادەنرێن، رێگە بە مامەڵەی دابەشکردن و جیاکردنەوەی زەویی نیشتەجێبوون نادرێت.
کۆمپانیاکە لە نووسراوێکدا داوا دەکات بەپەلە مامەڵەکان پێشکەش بکرێت بۆ وەرگرتنی زەوی و، دابەشکردنی زەوی بەسەر کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی باکوور، سەرەڕای ئەوەی بەشێکی ئەو کەسانەی لەو کۆمپانیایەن خەڵکی شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن و، لە رابردوودا حکومەتی سەدام لە چوارچێوەی پرۆسەی بەعەرەبکردن هێناونی بۆ کۆمپانیاکە، بەو هەنگاوەش دەتوانن بەشێوەی یاسایی لە کەرکووک ببنە خاوەنی زەوی و بۆ هەمیشە لێی نیشەجێ ببن.
بەپێی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق؛ لەو شوێنانەی بە ناوچەی کێشەلەسەر دادەنرێن، رێگە بە مامەڵەی دابەشکردن و جیاکردنەوەی زەوی نیشەجێبوون نادرێ، تاوەکو ماددەکە جێبەجێ دەکرێت.
جەمال شکوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێ "ناکرێت لە کەرکووک بەبێ پرسی ماددەی 140 زەوی دابەشبکرێت، ئەو ماددەیە کاتی خۆی کە دەرچوو، بڕیاری هەبوو؛ زەوی بە ئاوارەکان بدرێت و قەرەبوو بکرێنەوە، بەداخەوە حکومەتی عێراق هیچ زەوییەکی بەسەر ئاوارەکان دابەش نەکردووە، نەک لە کەرکووک، بەڵکو لەسەرجەم ناوچە کێشە لەسەرەکان، بۆیە بەپێی دەستوور ناکرێت زەوی لە کەرکووک دابەش بکرێت".
بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک؛ دابەشکردنی زەوی لە هەر فەرمانگە و دامەزراوەیەکی حکومی کەرکووک، تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کە تۆماری ساڵی 1957ـیان لە پارێزگای کەرکووک بووە.
نەجات حوسێن، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێ "پێش سەپاندنی، یاسا ئەم پرسە پێشکەش کرابوو، ئێمە لە ئەنجوومەن و پارێزگا بە کۆمپانیای نەوت و گازی باکوورمان گوت؛ دەبێت دابەشکردنی زەوی بەپێی رێنماییەکان بێت، رێنمایی چییە؟ دەبێت تۆماری ساڵی 1957ـی کەرکووک بێت، ئەگینا نابێت زەوێ وەربگرێ".
کۆمپانیای نەوتی باکوور زیاتر لە 14 هەزار کارمەندی هەیە و، لە کۆی گشتی، کەمتر لە 1000 کارمەندی کۆمپانیاکە کوردن، زۆرینەی کارمەندان عەرەبن و خەڵکی پارێزگاکانی دیکەن، تورکمانیش لە کۆمپانیاکە بە پلەی دووەم دێن لەڕووی ژمارەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ