ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی: دەبێ لێکنزیکبوونەوەی زیاتر لە نێوان یەکێتی و پارتی هەبێت

25-11-2023
پەیمان محەممەد
ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، ''کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی کەشێکی ئەرێنی دروستکردووە"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان، دەبێ لێکنزیکبوونەوەی زیاتر لە نێوان ئەو دوو حیزبە هەبێت".
 
رۆژی هەینی 24-11-2023، ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پێنجەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی قسەی بۆ هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، پەرتەوازەبوونی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان زیانێکی گەورەی هەیە، چونکە دەنگی کورد بۆ زۆربەی مەلەفەکان پەرتەوازە دەکات.
 
ئێستا بۆ دابەشکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان، پشت بە داهاتی نێوخۆ و ئەو پارەیە دەبەسترێت کە عێراق بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت. ستران عەبدوڵڵا لەوبارەوە گوتی، ''ناکرێت شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ملکەچی سیاسەت بن، نە بۆ سیاسەتی نێوان یەکێتی و پارتی و نە بۆ سیاسەتی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی.''
 
پێشتر لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان دەکرا، بەڵام بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی پاریس لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە. ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی پێیوایە، دەبێت لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بەتایبەتی یەکێتی و پارتی مەلەفە سیاسیەکانیان یەکبخەن بۆ ئەوەی بە یەکدەنگی شایستە داراییەکان کە دەستووریین و لە بودجەی عێراقدا رێکخراون، بۆ خەڵکی کوردستانی دابین بکەن.
 
دوای کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە لەنێوان یەکێتی و پارتی دەستیپێکردووە. ستران عەبدوڵڵا گوتی، ''کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی کەشێکی ئەرێنی دروستکردووە، بەڵام پێویستە هەوڵەکانیان لەوە زیاتر بن.''
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی گوتیشی، ''نابێت دیداری ئاسایی نێوان دوو حیزبی کوردستانی سەرەڕای ناکۆکییەکانی نێوانیان بە دەستەوتێکی گەورە بزانرێت، بەڵکو دەستکەوتی گەورە ئەوەیە کێشەکان چارەسەر بکرێن و هەردوو لایەنەکە دیدگەیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان، ناوچە دابڕاوەکان و ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر کورد، یەکبخەن.''
 
بڕیارە کورد لە کەرکووک بە پێنج لیستی جیا بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکات کە 18-12-2023 بەڕێوەدەچێت، ستران عەبدوڵڵا دەڵێت، ''دەبووایە کورد لە ناوچە دابڕاوەکان بەتایبەتی لە کەرکووک بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بێت، بەڵام کە ئەوە نەکراوە، پێویستە دوای هەڵبژاردن بە لێکنزیکبوونەوەی زیاتر دەستکەوتەکانی کورد بپارێزین.''
 
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە جگە لە کورسییەکی کۆتای کریستییان، هەڵبژاردن بۆ 15 کورسی دەکرێت، یەکێتی و حیزبی شیوعی کوردستان بە هاوپەیمانیی "کەرکووک هێز و ئیرادەمانە" بە ژمارە 142؛ پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 197؛ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی بە هاوپەیمانیی ''مەشخەڵی کەرکووک'' بە لیستی ژمارە 163؛ پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 202 و جووڵانەی نەوەی نوێ بە لیستی ژمارە 167 بەشدارن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی رەوتی هەڵوێست.

رەوتی هەڵوێست پڕۆژەیەک بۆ یەک لیستی دەداتە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان

لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە بۆ تاوتوێکردنی یەک لیستی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆدەبنەوە. رەوتی هەڵوێست پڕۆژەیەک بۆ یەک لیستییەکە پێشکێش لایەنەکان دەکات.