رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی چوارشەممە دەرگەی قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە. سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، ئامادەکارییەکان تەواو کراون.
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە، 24-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ بەگوێرەی ژمارەی قوتابییەکان کتێب دراوەتە هەموو قوتابخانەکان و پێچەوانەی رابردوو هیچ کتێبێک بە فیڕۆ نەدراوە؛ کتێبەکان بە کوالیتی بەرز چاپکراون".
ئەحمەد گەرمیانی گوتی: "ئەم ساڵ ئاماری نوێ و ورد بڵاو نەکراوەتەوە. بەڵام بەگشتی لە هەرێمی کوردستان لەنێوان ملیۆنێک و 650 هەزار بۆ ملیۆنێک و 750 هەزار قوتابی دەخوێنن".
بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، لە هەرێمی کوردستان 158 هەزار مامۆستا لە نزیکەی 5700 قوتابخانەدا دەوام دەکەن.
سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان گوتی: "ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنی خوێندن بە باشی کراون؛ 96%ـی رێکارەکان بەرێکوپێکی تەواو کراون".
بەگوێرەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، سبەی چوارشەممە 25-09-2024، یەکەم رۆژی خوێندنی ساڵی 2024 – 2025 دەبێت لە هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ