یادی ئەنفالی بادینان؛ دوای 36 ساڵ هێشتا نە رووفاتیان دیارە نە گۆڕ

24-08-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سبەی 36 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالی بادیناندا تێدەپەڕێت کە دوایین قۆناخی ئەنفال بوو. نووسەرێکی بواری ئەنفال و جینۆسایدیش دەڵێت، تاوەکو ئێستا رووفاتی هیچ ئەنفالکراوێکی بادینان نەگەڕێندراوەتەوە.
 
ئەنفالی بادینان 25ـی ئابی 1988 دەستیپێکرد و 6ـی ئەیلوولی هەمان ساڵ کۆتاییهات. لەو تاوانەدا سنووری دهۆک، زاخۆ، کانی ماسێ، دێرەلووک، سەرسەنگ، دینارتە، ئاکرێ، ئەترووش، زاوێتە، زێوە، شێخان و شێروان مەزن لە 11 قۆڵەوە پەلاماردران.
 
ئەنفالی بادینان بە سەرکردایەتی لیوا روکن سوڵتان هاشم، فەرماندەی فەیلەقی یەک، لیوا روکن یونس محەممەدزەرب، فەرماندەی فەیلەقی پێنج، لیوا روکن کامیل ساجد، فەرماندەی فەیلەقی دوو و بە سەرپەرشتی راستەوخۆی بەرپرسانی ئەو کاتی عێراق، هەریەکە لە فەریقی یەکەمی روکن عەدنان خەیروڵڵا، وەزیری بەرگری، فەریق روکن نزار خەزرەجی سوپاسالار و عەلی حەسەن مەجید، بەرپرسی لیژنەی کاروباری باکووری حیزبی بەعس ئەنجام درا.
 
هێمن حەسیب، چالاکڤان و نووسەری بواری ئەنفال ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەنفالی بادینان وەک قۆناخەکانی پێشتر بە هێرشی کیمیایی دەستیپێکرد و لە 24ی ئاب گوندی سپینداری لە قەد پاڵی چیای گارە بە بۆمبی هێشوویی بۆردوومانکرا".
 
قۆناخی هەشتی ئەنفال کە بە ئەنفالی بادینان دەناسرێت، 10 هەزار و 360 کیلۆمەتری چوارگۆشەی گرتەوە و تاکە قۆناخی ئەنفالە کە کەوتە دوای وەستانی جەنگی عێراق و ئێران.
 
هێمن حەسیب دەڵێت، لە 13 رۆژی ئەنفالی بادیناندا ناوچەکە 19 جار بە چەکی کیمیایی بۆردوومانکرا، تەنیا 25ـی ئاب شەش جار بەو چەکە کوشندەیە بۆردوومان کرا.
 
ئەو چەکدارانەی لە ئەنفالی بادیناندا بەشداربوون لەژێر ناوی جیادا بوون، لەنێویاندا سوپای عێراق، گاردی کۆماری و جاش و مستەشارەکان، بەگشتی نزیکەی 200 هەزار چەکدار و سەرباز لە پرۆسەکەدا بۆ کۆمەڵکوژکردنی کورد بەشداربوون.
 
ئەو نووسەرەی بواری ئەنفال و جینۆساید دەڵێت: "بەپێی بەڵگەنامەیەک کە واژۆی لیوا روکن یونس محەممەد زەرب، فەرماندەی فەیلەقی پێنجی لەسەرە و بۆ فەرماندەی گشتی سوپای ناردووە، لە ئەنفالی بادیناندا 13 هەزار و 553 کەس دەستگیرکران، لەوانە 3 هەزار و 373 ژن و 6 هەزار و 964 منداڵن".
 
بەگوێرەی ئامارەکان، جگە لەو ژمارەیەی ئەنفالکران، لە مەیدانی ئەنفالی بادیناندا زیاتر لە 5 هەزار هاونیشتمانی سڤیل کۆمەڵکوژ کراون. هێمن حەسیب گوتی: "بەداخەوە تاوەکو ئێستا رووفاتی هیچ ئەنفالکراوێکی بادینان نەگەڕێندراوەتەوە، چونکە هیچ گۆڕێکی بەکۆمەڵیشیان نەدۆزراوەتەوە".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی رێکخراوی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ کە 16-06-1990 بڵاوکراوەتەوە، بەهۆی ئەنفالی بادینانەوە 55 هەزار کەس ئاوارەی باکووری کوردستان و تورکیا بوون.
 
هێمن حەسیب کە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی لە ئەنفالدا کردووە، دەڵێت لە ئەنفالی بادیناندا 152 هاووڵاتی کریستیان و 183 کوردی ئێزدی ئەنفالکران.
 
جگە لە کۆمەڵکوژکردنی هاونیشتمانیان، لە ئەنفالی بادیناندا نزیکەی 600 گوند خاپوور کران و نزیکەی 60 هەزار هاونیشتمانی ئاوارە و بێ ماڵ مانەوە؛ هەروەها ژمارەیەک گوند کیمیاباران کران، لەنێویاندا 40 گوندی کریستیان و 81 گوندی کوردانی ئێزدی.
 
بەپێی راپۆرتی ژمارە 28/8 لە 3-9-1988ـی فەیلەقی پێنج کە لیوا روکن یونس محەممەد زەرب واژۆیکردووە، ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە 13 سەرکردایەتی فیرقەکانی (4، 7، 25، 29، 41) لەگەڵ هێزەکانی ( 38، 41، 45) و سەرکردایەتیی جاش و موستەشارەکان بەشداریی کاریگەرییان کردووە؛ سەرجەم هێزەکانیش بریتی بوون لە 29 لیوا، 7 کەتیبەی تانک، 2 سرییە، 4 کەتیبەی زرێپۆش، 24 کەتیبەی سەدام، گاردی کۆماری، 171 فەوجی جاش.
  
بەعسییەکان لە قۆناخی هەشتەمی ئەنفالی بادیناندا، جگە لە کیمیابارانکردن، گۆڕی بەکۆمەڵ و گولـلەبارانکردنی بەکۆمەڵیشیان لە چەند گوندێک لە دەڤەری بادینان کرد، لەنێویاندا لە گوندی کورێمێ لە قەزای ئامێدی. 
 
لە ئەنفالدا کە هەشت قۆناخ بوو نزیکەی 182 هەزار هاونیشتمانی شەهیدبوون. قۆناخی گەرمیانی شاڵاوەکە لە 14ی نیسانی ساڵی 1988 دەستیپێکرد و ئەو رۆژەش وەک ساڵیادی ئەو شاڵاوە لە باشووری کوردستان دەستنیشانکراوە و یادی دەکرێتەوە.    
 
ئەنفال لەلایەن هەریەکە لە عێراق، بەریتانیا، سوێد، نەرویج و کۆریای باشوورەوە بە جینۆساید ناسراوە. توێژەران و سیاسەتمەداران پێیان وایە، دەکرێت هەندێک کاری زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر وڵات وەکو جینۆساید دان بە تاوانەکەدا بنێن. 
 
پەرلەمانی عێراق لە 14ی نیسانی ساڵی 2008دا ئەنفالی وەک جینۆساید ناساند. ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکانی سەردەمی دەسەڵاتی سەدامیش لەسێدارەدراون، لەوانەش عەلی حەسەن مەجید، ناسراو بە عەلی کیمیایی لە ساڵی 2010دا.
 
لە هەڵمەتی ئەنفالدا جگە لەوەی سەتان هەزار هاونیشتمانی شەهیدکران، نزیکەی 4500 گوندیش رووخێندران.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی لووتکەچیای هەڵگورد لە 30-12-2022ـی. چیای هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو

زانکۆی کوردستان: چیاکانی زاگرۆس کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، گوتیشی، ''لە کۆپ29 داوامان لە چەند زانکۆی نێودەوڵەتی کردووە، سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر چیاکانی زاگرۆس بکەن.''