قاچاخچییەک لەسەر سکاڵای 7 کەس دەستگیر دەکرێت؛ کۆچبەرێک: هەموو قسەکانی درۆ بوون

24-08-2021
کاوار ساڵح
A+ A-

رووداو رادیۆ

حەوت گەنجی پارێزگای دهۆک دوای ئەوەی 65 رۆژ لە گرتووخانەیەکی تاکەکەسیی بێلاڕووس دەمێننەوە، دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و سکاڵا لەسەر قاچاخچییەک و دوو نووسینگەی گەشتوگوزار تۆماردەکەن و قاچاخچییەکە دەستگیر دەکرێت. پارێزەری کەیسەکەیش دەڵێت، "کەسی دیکەیش دەستگیر دەکرێت".
 
حەسەن کەمال گەنجێکی 23 ساڵانی شاری دهۆکە و دەرچووی زانکۆیە. بەشداریی لە بەرنامەی "رێیا سۆر"ـی رادیۆی رووداو کرد و دەڵێت: "پێشتر ژیانم ناخۆش بوو، بەڵام ئێستا ناخۆشترە، چونکە هەرچی بە ماندووبوونی خۆم کۆم کردبووەوە رۆیشت."
 
حەسەن کەمال پەشیمانە کە هەوڵی داوە بە رێگەی نایاسایی کۆچ بکات و دەڵێت: "رۆژی 1ی نیسانی 2021 ئێمە بەرەو بێلارووس بەڕێکەوتین. دوای 11 رۆژ مانەوە لە هۆتێلێکی شاری مینسک کە پارەی مانەوەی هەر لێرە درابوو بە نووسینگە دوای ئەوەی لەگەڵیان رێککەوتبووین، چووینە سەر سنووری نێوان بێلارووس و لیتوانیا. هەر کە لە ئۆتۆمبێلەکانمان دابەزینە سەر سنوور، یەکسەر دەستگیر کراین. خێزانەکان هەر زوو دیپۆرت کرانەوە. ئەوان نزیکی 3 رۆژ لە گرتووخانەیەک مانەوە، چونکە منداڵیان لەگەڵدا بوو، بەڵام رێگە بە ئێمەی گەنج نەدرا بگەڕێینەوە تا دوای 65 رۆژ مانەوە لەو گرتووخانە لە کاتێکدا هەر یەکەم رۆژ وەرگێڕێکی کوردی رۆژئاوای کوردستان کە 30 ساڵ بوو لەوێ بوو پێی گۆتین زوو دەگەڕێندرێنەوە."
 
ئەو هاونیشتمانییە کۆچبەرە لەبارەی هاوڕێکانیەوە گوتی: "20 کەس لە خەڵکی شارەکانی هەرێمی کوردستان بووین. زۆربەیان خەڵکی دهۆک بوون، ئەوانی دیکە خەڵکی زاخۆ و سلێمانی بوون. لەو ژمارەیە 12 گەنج بووین و دوو خێزانیشمان لەگەڵ بوو کە منداڵێکی دوو مانگی و 5 منداڵی دیکە کە تەمەنیان لە 6 ساڵی تێنەدەپەڕی لەگەڵ خۆیان هێنابوو. یەکێک لە خێزانەکان هی قاچاخچییەکەمان بوو، هەر لەبەر ئەوەیش بوو کاتێک پێی گوتین خێزانیشی دەهێنێت، باوەڕمان پێکرد کە وەک خۆی پێی گوتبووین هاوئاهەنگییەکی باشی هەیە و درۆی لەگەڵدا کردین کە پێیشی گوتبووین پۆلیس هاوکاریی دەکەن و هاوئاهەنگییان هەیە کە بیانبەن بۆ لیتوانیا؛ پارەیەکی زۆریشمان پێدابوو." 
 
حەسەن گریان لە قورگیدا بوو کاتێک ئاماژەی بەوە کرد کە لەو گرتووخانەیەدا لە ژووری تاکەکەسیدا بوون و گوتی: "لە هەموو لایەکەوە شەڕی دەروونیمان لەگەڵ دەکرا. 06:00 بەیانی ئێمەیان لە خەو هەڵدەستان تاوەکو 10:00ی شەو نەیاندەهشت بخەوین. لە گرتووخانەکەدا کە تەنیا بۆ تاوانە گەورەکانە و دەکەوێتە شاری ئوورشا لەسەر سنووری رووسیا، لە ژووری تاکەکەسی و یەک مەتری و تاریکدا دانرابووین و تەنانەت دەرگاکانیشی کۆنکرێتی بوون. دیار بوو پێشتریش کوردی لێبووە، چونکە لەسەر دیواری ژوورەکان و سەر مێزەکانیش ناوی کوردی و شارەکانی دهۆک، زاخۆ، هەولێر و سلێمانی لەلایەن گیراوەکانەوە نووسرابوون. لە پۆلیسی بەردەرگایشم پرسی، پێیگوتم کە پێشتر کوردی دیکەشیان دەستگیر کردووە. مانمان دەگرت، خۆمان ئازار دەدا تاوەکو بمانتوانیبا کەسێک ببین. ئەویش هەمیشە پزیشکێک دەهات بۆ بینیمان و قسەی بۆ دەکردین و ئارامی دەکردینەوە، لە کاتێکدا کەسمان لەگەڵدا بوو پێشتر نەشتەرگەریی گەورەی کردبوو و پێویستی بە پزیشک بوو و هیچی بۆ نەدەکرا. بۆ هەموو جۆرە نەخۆشییەک یەک جۆر حەبیان پێدەداین، چ بۆ سەر ئێشە یان بۆ قاچ ئێشە بووایە."
 
حەسەن ئاماژە بەوە دەکات کە لەو گرتووخانەدا خواردنی ماوەبەسەرچوویان پێدراوە و دەڵێت: "خواردنەکان زۆر ناخۆش و پیسبوون، بۆ نموونە نیوەڕۆ گەنمی خوساویان پێدەداین. هەموومان چاوەڕێی رۆژی سێشەممە دەبووین، چونکە تەنیا بەیانیانی ئەو رۆژە هێلکەیەکی کوڵاومان بۆ دەهات. زۆر جار بسکیت و هەویری ددانیان پێدەداین کە ماوەیان بەسەر چووبوو. 16 رۆژ نەیانهێشت خۆمان بشۆین و بۆگەنمان کردبوو."
 
حەسەن کەمال دەرچووی کۆلیژی فیزیای زانکۆی دهۆکە و ئاماژە بەوە دەکات دوای ئەوەی لە زانکۆ تەواو دەبێت، دەست بە کرێکاری دەکات. دواتر ویستوویەتی ماستەر لە هەمان بواردا بخوێنێت و دەڵێت: "بە رێگەی یاسایی هەوڵم دا بچمە دەرەوەی وڵات ماستەر بخوێنم، بەڵام چونکە ناسنامەی من عێراقییە، بۆم نەکرا وەک زۆر شتی دیکە. دەیشمزانی بەو رێگەیە یان تووشی کێشەیەک دەبم یان تێدەپەڕم، بەڵام چیم کردبا کە مانگانە 350 هەزار دینارم هەبوو لە کاتێکدا خاوەنی بڕوانامەیەکی ئەوەندە بەرز بووم و بڕۆم بە 350 هەزار دینار قاپ بشۆم و بەشی نەدەکردم."
 
ئەو گەنجە کوردە باس لەوە دەکات کاتێک لەسەر سنوور دەستگیر دەکرێن بە شێوەیەکی نایاسایی پارەیان لێ وەرگیراوە و دەڵێت: "هەریەکێکمان 700 دۆلارمان لە لایەن ئەو پۆلیسانەوە لێوەگیراوە کە هەر لە کاتی دەستگیرکردنمان تاوەکو گرتووخانە و دەرچوونمان و نێو فڕۆکخانەیش و تاوەکو دیپۆرتکرانەوەمان لەگەڵمان بوون. زۆر هەوڵم دا و لێیانم پرسی: 'پارەی چییە؟' نووسراوێکیش نییە کە بڕۆین بۆ بانک بۆ ئەوەی شتێکی فەرمی هەبێت بیسەلمێنێت پارام داوە.  کاتێک پێیانم گوت: 'لە فڕۆکەخانە سکاڵاتان لەسەر تۆمار دەکەم،' تووشی کێشەیان کردین بۆ ئەوەی قسە نەکەین و پشکنینی کۆرۆنایان بۆ دوو کەسمان کرد و لە خۆیانەوە تووشی کۆرۆنا بوون و ئەو دووانە 14 رۆژی دیکە هێڵدرانەوە."
 
حەسەن کەمال یەکێکە لەو سەتان گەنجەی کە بە رێگەی نایاسایی هەوڵی داوە کۆچ بکات ئامۆژگاریی بۆ گەنجان هەیە و ئەوەی خستەڕوو، دوای ئەوەی گەڕاوەتەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 گەنجی دەوروبەری خۆی پەشیمان کردووەتەوە لەوەی بە رێگەی نایاسایی کۆچ بکەن و دەڵێت: "دوای ئەوەی گەڕامەوە، چاو و گوێم کرانەوە کە زۆر رێگەی دیکەی دروست هەیە، بەڵام بێپشوویی ئەمەی بەسەر هێنام و وەک بە کوردی دەڵێن: 'شاخی پەشیمانەکان نایەنەوە.' بۆیە هەر کەسێک بەهرەمەنەدە و لێرە پشتیوانیی نییە، با بە رێگەی یاسایی کۆچ بکات، وەک من نەکات و یەک مەتریش ئەو هەوڵە نادەم بێبەرامبەریش بێت بە نایاسایی کۆچ بکەم. تاوەکو ئێستا نەمهێشتووە نزیکی 20 گەنج بەو رێگەیەدا بڕۆن. هاوڕێیەکم هەر لەنێو بیلاڕووسیا گەڕاندەوە بەر لەوەی بچێتە سەر سنوور."
 
حەسەن کەمال دوای ئەوەی لە بێلاڕووس گەڕاوەتەوە دەستی بە کار کردووە بۆ ئەوەی مافی بگەڕێنێتەوە. لەگەڵ 7 کەسی دیکەدا سکاڵایان تۆمار کردووە و کەسێک دەستگیرکراو و دەڵێت: "ئێستا بە نابەدڵی گەڕاومەتەوە سەر هەمان کاری جارانی خۆم. پێشتر ناخۆش بوو، بەڵام ئێستا ناخۆشترە، چونکە هەموو پارەی ماندووبوونم بەفیڕۆچوو. نزیکەی 6500 دۆلارم خەرج کرد کە پارەی ئۆتۆمبێل و هەندێکی خێزانم و کەسوکارم پێیان دابووم."
 
لەبارەی ئەو کەسەی دوای سکاڵاکەیان لە دهۆک دەستگیر کراوە، حەسەن کەمال دەڵێت: "دوو جار بۆ دوو وڵاتی ئەوروپا هەوڵم داوە بڕۆم و مامەڵەم پێشکێش کردووە. زەحمەتیان زۆربوو و قبووڵ نەکرام، بەڵام قاچاخچییەکەمان ئەو رێگە نایاساییەی بۆ ئێمە زۆر ئاسانتر و خۆشتر لە یاساییەکە کرد. هەرچی لە دهۆک پێی گوتبووین، یەک خاڵیشی راست دەرنەچوو. پارەی زیاتری لێ وەرگرتین، هەڕەشەی لێکردین و هیچ پۆلیسێکیش نەهاتە پێشوازیمان، وەک پێی گوتبووین. بۆیە چوومە دادگە و داوای مافی خۆم کردەوە. رێککەوتنمان وابوو کە گەیشتینە شوێنی مەبەست ئەو پارەیەی کە لە نووسینگەیەکمان دانابوو و 2700 دۆلار بوو بۆ هەرکەسێک، بدرێتە قاچاخچییەکە، بەڵام بەبێ رەزامەندیی ئێمە هەر لە بیلاڕووسیا بووین کە پارەکەی ئێمەیان خواردبوو، لە کاتێکدا لەوێیش 2 هەزار دۆلارم پێدابوو."
 
کەسێک بە تۆمەتی فێڵکردن لە حەسەن کەمال و هاوڕێکانی دەستگیر کراوە. دەشتی عەبدوڵڵا، پارێزەری ئەو کەیسە لە دهۆک بەشداری بەرنامەی رێیا سۆر بوو و گوتی: "سێ کەس تۆمەتباری ئەم کەیسەن. تۆمەتباری سەرەکی قاچاخچییەکەیە. یەکێک لەوانە خاوەنی نووسینگەیەکە لە دهۆک کە بە مەرجی گەیشتن پارەی لەلا دانراوە، بەڵام بەبێ ئاگاداریی گەنجەکان هەر کە گەیشتوونەتە بیلاڕووسیا دەستیان بۆ پارەکە بردووە. ئەوەی دیکەیان خاوەنی نووسینگەیەکی گەشتوگوزارە لە زاخۆ کە ڤیزا و کاروباری هۆتێل و فڕۆکەی بۆ کردوون."
 
پارێزەرەکە دەڵێت: "تۆمەتباری سەرەکی 10 رۆژە بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر کراوە و بەداوداچوون لەسەر دووانەکەی دیکەیش بەردەوامە و لەو باوەڕدام یەکێک لە تۆمەتبارەکانی دیکەیش بەپێی ماددەی 457 دەستگیر بکرێت. بەو رێگەیە دەتوانرێت ئەو پارەیەی کە خواردوویانە بگەڕێندرێتەوە."
 
دەشتی عەبدوڵڵا دەشڵێت: "بۆ ئەم کەیسە 7 کەس سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام سکاڵاکان لە زیادبووندان. چەند کەسێکی دیکەیش پەیوەندییان پێوە کردووم. جگە لەوە لە دەرەوەیش لە بیلاڕووسیا دوو خێزان کە ئێستا بە منداڵەوە لەو وڵاتە گیریان خواردووە پەیوەندیان پێوە کردووم کە قاچاخچییەک فێڵی لێ کردوون."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی.

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی: زیاتر لە 65٪ـی کاری شەقامەکە تەواوکراون

ئەبوبەکر تەیب، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کارکردن لە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری بەردەوامە و تائێستا زیاتر لە 65٪ـی کارەکانی تەواوکراون،" بەڵام گوتیشی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە پێویستیان بە "بەرنامەی نوێی کارکردن هەیە."