رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە هاونیشتمانییانی سنووری گەرمیان دەڵێن، کۆمپانیایەک کارەبا بە هێڵی نیشتمانیی سنوورەکەدا دەفرۆشێت و کێشەی بۆ کارەبای ماڵان دروستکردووە. گوتەبێژی کارەبای سنوورەکەش دەڵێت، ئەو کارەبایەی فرۆشراوە پشکی گەرمیان نییە.
چەند رۆژێکە بەشێک لە هاونیشتمانییانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ناڕەزایی دەردەبڕین و بەشێکیان دەڵێن، "پشکی کارەبای گەرمیان فرۆشراوە" و هەندێکیش دەڵێن، پشکی کارەباشیان نەفرۆشرابێت، هێڵی کارەبای سنوورەکەیان بۆ کەرتی تایبەت بەکاردەهێندرێت.
ئەیاد محەممەد، یەکێک لەو هاونیشتمانییانەی گەرمیانە کە ناڕەزایی دەربڕیوە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆمپانیایەک لە رێگەی هێڵی 132 کەیڤی نیشتمانیی کەلارەوە کارەبا دەفرۆشێتە پارێزگای دیالە. ئەگەر ئەو کارەبای پشکی گەرمیانیش نەبێت، دیسان کێشەی بۆ کارەبای ناوچەکەمان دروستکردووە."
ئەیاد محەممەد دەڵێت، "کۆمپانیا ئەگەر کارەبا دەفرۆشێت، دەبێت هێڵی گواستنەوەی تایبەت بە خۆی هەبێت، نەوەک ئەوەی هێڵی 132کەیڤی حکومەت بەکاربێنێت. بەهۆی بەکارهێنانی ئەو هێڵەوە، ئێستا ڤۆڵتیەی کارەبای گەرمیان دابەزیوە و لە بەشێک لە ماڵەکاندا کار بە سپلیت ناکات. پلەی گەرما زۆر بەرزە و بەرزتر ببێتەوە، بەهۆی بێهێزی کارەباکەوە ئامێرەکارەباییەکانی نێو ماڵیش دەسووتێن."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا پشکی کارەبای گەرمیان 120 مێگاواتە و ساڵانە 15 مێگاواتی زیاتر دەدرێتە گەرمیان وەکو تایبەتمەندیی گەرمیی ناوچەکە، بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەرچەند نووسراو بۆ وەرگرتنی ئەو 15 مێگاواتە کراوە، تاوەکو ئێستا دابین نەکراوە.
بە گوتەی ئەیاد محەممەد، ئێستا هێڵی 132 کەیڤی کارەبای گەرمیان 90 مێگاواتی کۆمپانیای کەرتی تایبەت و 120 مێگاواتی سنوورەکە دەگوازێتەوە.
ئالان ئەرکان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای گەرمیان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆمپانیایەک کارەبای فرۆشتووە بە ناوچەکانی پارێزگای دیالە کە کارەبای خۆیەتی و پشکی گەرمیان نییە، بەڵام بەهۆی گواستنەوەی بە هێڵی 132 کەیڤی گەرمیاندا کێشەی بۆ ڤۆڵتیەی کارەبای هاونیشتمانیانی سنوورەکەمان دروستکردووە".
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان رۆژانە نزیکەی 13 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە. ئالان ئەرکان دەڵێت: "وەک ساڵانی رابردوو داوای زیاترکردنی 15 مێگاوات کارەبامان کردووە و هیودارین سەرەتای مانگی داهاتوو بۆمان زیادبکرێت".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو کارەبایەی فرۆشراوە بە پارێزگای دیالە، ئێستا دەدرێتە قەزای خانەقین و ناحیەکانی گوڵاڵە، قەرەتەپە و سەعدیە کە هەموویان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ