رووداو دیجیتاڵ
لە 24 کاژێری رابردوودا لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، لانیکەم شەش رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و بەهۆیانەوە 15 کەس بریندار بوون و دوو کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
یەکێک لە رووداوەکان لە رێگەی ورمێ - سێرۆی روویدا و تێیدا سێ کەس بریندار بوون. حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگاکە رایگەیاند، رووداوەکە بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پەیکان و بارهەڵگرێک بووە و بریندارەکان گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
هاوکات کاژێر 08:30ی شەوی رابردوو، لە رێگەی پیرانشار - نەغەدەی سەر بە پارێزگاکە لە نزیک ناوچەی هەوارەبی، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری سەمەند لە هاونیشتمانییەکی دا کە بەگوتەی حەمید مەحبووبی، دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
هەروەها لە رێگەی مهاباد - میاندواوی پارێزگاکە، بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی پراید و پیکاب، دوو کەس بریندار بوون. بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگاکە لەو بارەیەوە گوتی، هەردوو بریندار گوێزراونەتەوە نەخۆشخانە.
هەر لە رێگەی مهاباد - میاندواو، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پراید، پێنج کەس بریندار بوون. حەمید مەحبووبی گوتی، ئۆتۆمبێلەکە بەهۆی تیژڕۆییەوە لە رێگە لایداوە و دواتر وەرگەڕاوە.
لە رێگەی پیرانشار - سەردەشتی سەر بە پارێزگاکەش، بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پراید، کەسێک گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.
لە نزیک شاری خۆی-یش، بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆرەکانی پیژۆ 405 و L90، چوار کەس بریندار بوون. حەمید مەحبووبی لەوبارەوە دەڵێت، رووداوەکە نزیک کاژێر 13:00 روویداوە و هەر چوار بریندارەکە گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ