رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان کە پێشتر لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشێکی پێکهاتەکان بەهۆی تێبینییەکانیانەوە رەتیانکردەوە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن، دەڵێت، ناویان تۆمارکردووە و بەشداری لە هەڵبژارنەکەدا دەکەن.
عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 24-06-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ناومان تۆمارکردووە و لە بازنەکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین."
عەبدوڵڵا وەرتی گوتی، چاوەڕێی مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانن بۆ دیاریکردنی رۆژێک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دوای ئەوە تەواوی رێکارەکانی کۆمیسیۆن بۆ بەشداربوون، لە هەڵبژاردن جێبەجێ دەکەن.
13ـی حوزەیران دەرگای تۆمارکردنی پارت و هاوپەیمانیێتی و بەربژێرانی تاکەکەسی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد، ئەمڕۆ 24ـی حوزەیران دوا وادەیە بۆ ئەو تۆمارکردنە.
20ـی ئایاری 2024 دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن بە بڕیارێک کۆمیسیۆنی ناچار کرد، پێنج کورسیی پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆتای پێکهاتەکان دابنێت؛ دوو کورسی بۆ تورکمان و کریستیان لە سلێمانی، دوو کورسی هاوشێوە لە هەولێر، یەک کورسی بۆ پێکهاتەی ئەرمەن لە دهۆک تەرخانکرا.
بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن بووە هۆکاری ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و پێکهاتەکان بڕیاری بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی داهاتوووی پەرلەمانی کوردستان بدەن.
پێشتر کۆمیسیۆن پێشنیازی کردبوو 05ـی ئەیلوولی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەمڕۆ جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، ناتوانن لەو وادەیەی پێشنیازکراوە، هەڵبژاردن بەڕێوەببەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ