رووداو دیجیتاڵ
یەکەم کاروانی حاجییان گەیشتەوە هەرێمی کوردستان. وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێت، جگە لە ژمارەی فەرمیی حاجییان، نزیکەی 15 هەزار کەس بە رێکارەکانی دەرەوەی وەزارەتەکەی چووبوونە سعودیە.
ئەمڕۆ (دووشەممە، 24-06-2024) یەکەم کاروانی حاجییان لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتەوە هەرێمی کوردستان. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لە کاتی پێشوازیکردن لە حاجییە گەڕاوەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند ''لە رێگەی 42 فەرمانبەری خۆمان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی [حەج و عومرە] لە خزمەت ئەو حاجییانەدا بووین و هەموو ئامادەکارییەکان بە رێکوپێکی و بە جوانی بەڕێوەچوون.''
ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی بۆ حەجکردن چوونە سعودیە؛ لەو ژمارەیە 3 هەزار و 225 کەسیان بە رێگەی ئاسمانی چووبوونە ئەو وڵاتە. پشتیوان سادق گوتی: ''جگە لەو ژمارەیە، خەڵکی دیکەش بە رێگەی جۆراوجۆر گەشتی حەجییان کردووە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکیان بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییەوە نییە.''
وەک وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێت، جیا لەو ژمارە حاجییەی لە رێگەی فەرمییەوە گەشتیان کردووە، نزیکەی 15 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج بە رێگەی دیکەی وەک ڤیزەی گەشتیاری، چوونەتە سعودیە. وەزیری ئەوقاف رایگەیاند ''ئێمە، ئاگاداری کۆمپانیاکانیشمان کردووەتەوە کە جگە لەو کەسانەی بە فەرمی حەج دەکەن، خەڵکی دیکە بە رێگەی جۆراوجۆر نەبەنە حەج.''
دوێنێ (یەکشەممە) فەهد عەبدولڕەحمان، وەزیری تەندروستی سعودیە رایگەیاند، ئەم ساڵ 1301 حاجی لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە و بەرزیی پلەی گەرما هۆکار بووە، 83٪ـیان ئەو کەسانە بوون، کە بە ڤیزەی گەشتیاری چوونەتە سعودیە.
پشتیوان سادق رایگەیاند ''نزیکەی 30 کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە خەڵکی هەرێمی کوردستانن، کە 29ـیان ئەوانە بوون بە ڤیزەی گەشتیاری چووبوون و تەنیا یەک کەسیان لەو حاجیانە بووە کە بە فەرمی و لە رێگەی وەزارەتەوە چووەتە سعودیە."
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی گوتی ''لە رێگەی داواکاری گشتی، وەزارەتی ناوخۆ و نوێنەری وەزارەتی بازرگانی، کە مۆڵەتی بە کۆمپانیاکان داوە، لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی تووند لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە دەکرێت کە بەڵێنیان بە خەڵک دابوو لەوێ ئاسانکارییان بۆ بکەن، بەڵام وەک پێویست ئەرکەکانیان جێبەجێ نەکردووە؛ بۆیە پێویستە رێکاری یاسایی تووندیان بەرامبەر بگیرێتەبەر، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەمە دووبارە نەبێتەوە.''
ئەم ساڵ زیاتر لە ملیۆنێک و 830 هەزار کەس لە سەرانسەری جیهانەوە بەشداریی رێوڕەسمی حەجیان کرد، لەگەڵ 222 هەزار هاووڵاتی سعودیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ