رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، ئاگادارکراوەتەوە کە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە دەدرێتە کۆمپانیایەک بۆ جێبەجێکردن.
زیاتر لە 10 ساڵە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی کێشەی کەمیی ئاویان هەیە و بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە کە چەند ساڵێکە بڕیاری جێبەجێکردنی دراوە، کێشەکەیان چارەسەر دەبێت.
رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ ئەمڕۆ (دووشەممە) بە رووداوی گوت "نزیک بووینەتەوە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە."
قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێ "گەشبینم کە هەوڵەکانمان سەریان گرتووە. دوای 86 نووسراو و زیاتر لە 100 داواکاری، برووسکە و بانگەواز لە سلێمانییەوە تاوەکو دەگاتە سەرۆککۆماری عێراق، ئێستا ئەنجامێک بەدەستهاتووە."
رەمک رەمەزان گوتی، ئەوان و خەڵکیش هەنگاوی کردارییان دەوێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، چونکە لە رابردووشدا بڕیاری جێبەجێکردنی دراوە و نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
قایمقامی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەش کرد "پڕۆژەکە گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکدا. بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان پێی گوتووم لە 07ـی نیساندا بە ژمارە 1866 گەیشتوون بە قۆناخی پێدانی پڕۆژەکە بە کۆمپانیایەک".
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمساڵیش لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما کێشەی کەمیی ئاو لە چەمچەماڵ سەریهەڵدا.
12ـی ئەم مانگە قایمقامی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی تەکیە و شۆڕش کە دانیشتووانەکەیان دەگاتە 200 هەزار کەس، 12 رۆژە ئاوی خواردنەوە نەدراوە و ئاو نییە، ئەوەش مەترسیی قەیرانی مرۆیی دروستکردووە."
رەمک رەمەزان گوتیشی "سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 12ی نیسانی 2022 فەرمانی دەرکرد بە خەرجکردنی 70 ملیۆن دۆلار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ، بۆ ئەوەش سەردانی وەزیرانی دارایی، شارەوانی و پلاندانانم کرد و هەموویان دەڵێن، بەسەرچاو و نووسراو بۆ یەکدی دەکەن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ جێبەجێ نەکراوە."
سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی شۆڕش و تەکیە بۆ ئاوی پێویست لە 24 کاژێردا 60 هەزار مەتر سێجا ئاویان پێویستە، ئێستا بە هاوبەشی لەگەڵ قەزای بازیانیشدا 30 هەزار مەتر سێجا ئاویان پێ دەدرێت.
هەر لەبارەی نەبوونی ئاوەوە لە سنوورەکەی، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ 11ـی ئەم مانگە بانگەوازێکی ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتەکانی شارەوانی، پلاندانان و دارایی و پارێزگای سلێمانی کرد.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو، لە چەمچەماڵی پایتەختی شەهیدان و ئەنفال کە زیاتر لە 7000 خێزانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوی تێدایە، 12 رۆژە ئاوی خواردنەوە بە بەشێکی زۆر لە گەڕەکەکان نەدراوە، تاوەکو کەشوهەوا گەرمتربێت کێشەکە گەورەتر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ