رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە سنووری ئیدارەی راپەڕین 16 رۆژە لە ماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە. برایەکی دەڵێت، کوڕەکەیان نەخۆشیی دەروونیی هەیە و داوای هاوکاری لە هاونیشتمانیان دەکات.
گەنجەکە ناوی موراد ئەحمەدە، لەدایکبووی ساڵی 1985ـە و دانیشتووی گوندی سیدەڵانە لە ناحیەی ژاراوە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین. موراد لە 8ی ئەم مانگەوە لە ماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 24-06-2024 حەسەن ئەحمەد، برای گەنجەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەو ناوچەیەی بۆ دوایین جار براکەم بیندراوە تەواو شاخاوییە و کامێرای چاودێری لێ نییە و بۆ هێزە ئەمنییەکان بینینەوەی قورسە، هەرچەندە ئاسایش و لایەنی پەیوەندیداری چەند ناوچەیەکی سنوورەکەمان ئاگادار کردووەتەوە."
موراد بەهۆی رووداوێکەوە چاوێک و دوو پەنجەی لەدەستداوە. حەسەنی برای دەڵێت، "براکەم نەخۆشیی دەروونیشی هەیە؛ پێشتر دووجاری دیکەش ون بووە و دۆزراوەتەوە، بەڵام هێندەی ئەم جارە ونبوونەکەی درێژەی نەکێشاوە."
حەسەن ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، دوایین جار لەلایەن خەڵکی سنوورەکەوە لە لە بناری چیایەک لە دەڤەری پشدەر بیندراوە.
حەسەن ئەحمەد داوای لە هاونیشتمانییان کرد، هەر کەسێک سۆراخی مورادی زانی، هاوکارییان بکات بە ئاگادارکردنەوەی ئەوان یان هێزە ئەمنییەکانی سنوورەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ