رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەبوزەبی و ئەمڕۆ لەگەڵ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات کۆدەبێتەوە.
سەردانەکە چاوەڕوانکراو و راگەیێندراو بوو؛ لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات بە ئاڵای کوردستانەوە پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی کرا.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەیاندا "هه‌ردوو سه‌رۆک زه‌مينه و دهرفهتهكانى به‌ره‌وپێشبردن و بره‌ودانى زياتر به په‌يوه‌ندييه‌كانى ئيمارات له‌گه‌ڵ عێراق و به‌تايبه‌تى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان له هه‌موو بواره‌كاندا تاوتوێ ده‌كه‌ن".
ئاماژەی بەوەش کردبوو، "هه‌روه‌ها [هەردوو لا] ده‌رباره‌ى دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، بيروڕا ده‌گۆڕنه‌وه".
پرسی ئابووری و وزە لەگەڵ دۆخی ناوچەکە دوو تەوەری سەرەکی گفتوگۆی هەردوو سەرۆک دەبن.
ئیمارات لە دوای تورکیا و ئێران، سێیەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی هەرێمی کوردستانە. بە گوتەی کۆنسوڵی وڵاتەکە لە هەولێر، ساڵی رابردوو ئاڵۆگۆڕی بازرگانیی نێوانیان زیاتر لە نیو ملیار دۆلار بووە.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکە دەڵێت، "پەیوەندییەکی تووندوتۆڵ لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئیماراتدا هەیە.. سەردانەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکانە".
ئەو بایەخەی ئیمارات بە هەرێمی کوردستانی دەدات، لە پەیوەندیی بەهێزی نێوان سەرکردایەتیی هەردوو لادا رەنگی داوەتەوە، پاریش سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوو جار لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئال نەهیان و جارێکی دیکەش بۆ بەشداریکردن لە پرسەی برایەکی سەرۆکی ئیمارات، سەردانی میرنشینەکەی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ