بەرپرسیار؛ 40٪ـی کێڵگە مینڕێژکراوەکانی سنووری هەولێر پاکنەکراونەتەوە

24-04-2025
عەدنان رەشید
بەرنامەی بەرپرسیار.
بەرنامەی بەرپرسیار.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

تۆڕی میدیایی رووداو بەشێوەیەکی مەیدانی بەدواداچوونی بۆ مەترسییەکانی مینی چێنراو، چۆنێتیی هەڵگرتنەوە و لەنێوبردن و بەسەرکردنەوەی بەشێکی قوربانییەکانی مین لە سنووری سیدەکان کرد.
 
تیمێکی فراوانی دەزگەی مین لە چیای گۆڕەز لەسنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە هەڵمەتێکدا نزیکەی 50 مین و پاشماوەی تەقەمەنییان لەنێوبرد.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە هەولێر دەڵێت، 40٪ـی کێڵگە مینڕێژکراوەکان پاکنەکراونەتەوە و لەو سنوورە 385 کێڵگەی مین دەستنیشان کراون کە زۆرترینیان دەکەونە سنووری ئیدارەی سۆران، "سۆران چەقی ناوچە مەترسیدارەکانە بە مین".
 
عەلی عەبدولڕەحمان، بە کەڤین حوسێن، پێشکێشکاری بەرنامەی بەرپرسیاری گوت: "ئەم ساڵ حەوت رووداوی تەقینەوەی مین لە سنوورەکەمان تۆمارکراون کە بەداخەوە سێ کەسیان گیانیان لەدەستدا و چواریشیان برینداربوون."
 
زۆربەی رووداوەکانی مین لە وەرزی بەهار و لە کاتی کۆکردنەوەی گیای بەهارە روودەدەن، بەو کەسانەدا دەتەقێتەوە کە بۆ کۆکردنەوەی گیا دەچن یان شوانن بۆ یانیش گەشتیارن و شارەزای ناوچەکە نین.
 
دەزگەی مین لە چیای گۆڕەز لە هەمان رۆژی تۆمارکردنی بەرنامەکە، نزیکەی 50 مین و پاشماوەی تەقەمەنیی بەشێوەی 'تەقاندنەوە' لەنێوبرد.
 
موخلیس شەریف، بەڕێوەبەری بەشی چالاکییەکانی دەزگەکە، شێوازی دۆزینەوەی مینی لەلایەن تیمەکانیان بۆ بەرپرسیار روونکردەوە و گوتی: "مینلابەرەکە بە ئامێرێک لە زەوییەکە دەگەڕێت و کاتێک لە مینێک نزیک دەبێتەوە، دەنگ دەردەکات، پاشان بە بێڵ و کەلوپەلی تایبەت هەڵکۆڵینی بۆ دەکرێت تاوەکو مینەکە دەدۆزرێتەوە. پاشان لەلایەن تیمی تەقاندنەوە مینەکە هەڵدەگیرێت و لەنێودەبرێت."
 
تیمەکانی هەڵگرتنەوە و لەنێوبردنی مین سەردانی ئەو ناوچانە دەکەن کە بە مین چێندراون، 'ناوچە مەترسیدارەکان' بۆ هۆشیارکردنەوەی گوندنشینان، کۆچەرییەکان و گەشتیاران. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بێت، تاوەکو ئێستا هیچ بازگەیەک دانەنراوە لەو ناوچانەی کە بە 'کێڵگەی مین' ناسراون بۆ رێگرتن لە چوونی خەڵک بۆ ناوچە مەترسیدارەکان. بە گوتەی عەلی عەبدولڕەحمان، ناوچە مینڕێژکراوەکان فراوانن و دەڵێت: "ناتوانین لەسەر هەر چیایەک پاسەوانێک دابنێین".
 
هێڵی گەرمی 182، تایبەتە بە دەزگەی مین. هەر کەسێک مینێک یان پاشماوەیەکی تەقەمەنی بینی دەتوانێت دەزگەکە ئاگاداربکاتەوە تاوەکو هاوکاری و رێنمایی پێویست وەربگرێت. عەلی عەبدولڕەحمان، گوتی: "لە هەر کێلگەیەکی مین سێگۆشەیەکی سوور دانراوە وەک ئاماژەی ناوچەی مەترسیدار، لە هەموو کێلگە مینەکانیش تابلۆیەکی جێگیر دانراوە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک و گەشتیاران."
 
تیمی بەرپرسیاری رووداو، سەردانی چەند گوندێکی سنووری سیدەکانی کرد و لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی مین یان خودی قوربانییەکان، گفتوگۆی کرد و چیرۆکی بەرکەوتنیان گێڕایەوە.
 
چیرۆکی تراژیدیای بەرکەوتنی دایکێکی تەمەن 32 ساڵ و کوڕە 10 ساڵانەکەی و برازایەکی تەمەن 20 ساڵان، بووەتە سەرباسی خەڵکی سیدەکان و تایبەت گوندی خۆران. رووداوەکە 10 رۆژ لەمەوپێش لە کاتی کۆکردنەوەی گیای بەهارە روویدا. گەنجە تەمەن 20 ساڵانەکە گیانی لەدەستدا و دایکەکە و کوڕەکەی لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر لەژێر چاودێری پزیشک دان.
 
سەلیم خدر، مامی قوربانییەکان، رووداوەکەی بەمشێوەیە گێڕایەوە، "چووبوون بۆ گیای بەهارە لە باڵەکایەتی، ئەوان چەند پارچە تەقەمەنییەکیان بینیبوو، نەیانزانیبوو دەتەقێتەوە، ئەو کاتە کەسیش لە ئەوان نزیک نەبوو. شوێنەکە ناوچەی قەدەخەکراو نەبوو، ناوچەیەکی کراوە و ئاسایی بوو، رووداوەکە بەهۆی پاشماوەی تەقەمەنییەوە بووە."
 
چالاکڤانێکی بواری ژینگە و هۆشیاریی مین، لە سیدەکان، داوا لە هاونیشتمانییان دەکات واز لە "سەرکێشی" بهێنن. جابر برادۆستی، گوتی: "ژیانی ئێوە گرنگترە لە دەسکە رێواسێک". ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە سەردانی گوند و قوتابخانەکان دەکەن بەمەبەستی هۆشیارکردنەوە.
 
عەرەفات ئەحمەد، گەنجێکی خەڵکی گوندی شیوانە، سێ ساڵ لەمەوپێش وەک باسیدەکات، بەمەبەستی "سەفرە و خۆشی" لە یەکێک لە چیاکانی سنووری سیدەکان لەگەڵ دوو هاوڕێی رۆشتووە، لەو کاتەدا بەر مین دەکەوێ و قاچێکی لەدەستدەدات.
 
عەرەفات ئەحمەد گوتی: "ژیانم زۆر ناخۆشە و قاچی دەستکردم هەیە. ئەو ناوچەیە مینڕێژ نەکرابوو، مینەکە لەنێو جۆگەیەکی ئاو بوو."
 
عادل شیوانی، مامی عەرەفات، داوای لە حکومەت کرد، لیژنەیەکی هۆشیارکردنەوە پێکهبهێنێت بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە مەترسییەکانی مین و پێدانی رێنمایی و رێگریکردن لە چوونی خەڵک بۆ کێڵگە مینەکان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە