رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کشتوکاڵ دەڵێت، "دەستمان بە ئامادەکارییەکان کردووە کە جووتیارانی ئێمەش بۆ وەرگرتنی گەنم، وەک جووتیارانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت." گوتیشی، بەهۆی کەمیی بارانەوە، ئەم ساڵ بەرهەمی گەنم کەم دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24-04-2025، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لەکاتی سەردانی بۆ پرۆژەی ئاژەڵداری و بەرهەمە شیرەمەنییەکانی ''سلێمانی فارم''، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ''ئەمڕۆ وەکو وەزارەت سەردانی ئەم پڕۆژەیەمان کردووە کە یەکێک لە هەرە گەورەترین و گرنگترین پڕۆژەکانە لەسەر ئاستی عێراق.''
بێگەرد تاڵەبانی گوتی، پرۆژەی سلێمانی فارم توانای بەخێکردنی نزیکەی 10 هەزار سەر ئاژەڵی هەیە کە نزیکەی 15 ملیۆن دۆلاری بۆ خەرجکراوە.
بەگوتەی وەزیری کشتوکاڵ، ئێستا 11 پڕۆژەی گەورەی بەخێوکردنی ئاژەڵ و بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان وەرگرتووە، ''بەشێکیان لەژێر جێبەجێکردندان و بەشێکیان تەواو بوون.''
بێگەرد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، ''بۆ پشتیوانیکردنی پڕۆژەکان، نووسراوێکمان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیارەکانی حکومەت کە پێداویستییان هەیە، بکڕدرێتەوە و لەبری کۆمپانیا بیانییەکان، گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا و کارگە نێوخۆییەکان بنووسن.''
وەزیری کشتوکاڵ سەبارەت بە ئاستی خۆبژێویی هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان دەڵێت، ''ئەگەر هەموو کارگەکان کە مۆڵەتیان وەرگرتووە کارەکانیان تەواو ببن و بەرهەمەکانیان بکەونە بازاڕەکانی خۆمانەوە، پێموایە پێویست بەوە دەکات کە حکومەت لە رێگەی بەرزکردنەوەی ئاستی باج لەسەر بەرهەمی هاوردە، رێکاری پێویست بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمە نیوخۆییەکان بگرێتەبەر.''
''رێکاری پێویست بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون گیراوەتەبەر''
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، سێ کەس لە کەرکووک بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە گیانیان لەدەستداوە. بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت، ''بەخۆشییەوە تاوەکو ئێستا، هیچ حاڵەتێک لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، بەڵام لیژنەیەکی باڵای سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڤێتێرنەری، کۆبوونەوەی تایبەتی خۆیان کردووە، لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیش کۆبوونەوە کراوە و رێکاری پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە گیراوەتەبەر.''
وەزیری کوشتوکاڵی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، ''بڕی ئەو بودجەیەی کە پێویست دەکات بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست لە پاراستنی خاوەنی پڕۆژەکان و تەندروستیی گشتی [دابینکراوە] و لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیکەیش هەموو هەنگاوێک نراوە''.
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و جاروباریش دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی.
''خوێندنەوەیەکی ستراتیژیی نوێ بۆ بەکارهێنانی ئاو دەکرێت''
بێگەرد تاڵەبانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە وەرزی بارانبارینی ئەم ساڵ کرد و گوتی: ''بەداخەوە بارانبارین لە ئاستی پێویستدا نەبوو و ئاستی ئاوی بەنداوەکان بەراورد بە پار دابەزیوە، بۆیە بێگومان پێویستیمان بە رێکاری پێویست دەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین پێداچوونەوەی جددی بە شێوەی بەکارهێنانی ئاو بکەین''.
بەگوتەی وەزیری کشتوکاڵ، بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەمئاوی، لەگەڵ بەغدا سەرقاڵی داڕشتنەوەی ''خوێندنەوەیەکی ستراتیژی''ـن لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، ''ئێمە ئەنجوومەنی ئاومان هەیە، کۆبوونەوەی خۆمان کردووە، رێکارە پێویستەکان لەگەڵ عێراق دەگیرێنەبەر، هەروەها لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کاری جدی لەسەرئەو رێکارانەش دەکرێت کە لە نێوخۆ بۆ دروستکردنی بەنداو، پۆند یان بۆ تەکنیکی نوێی بەکارهێنانی ئاو پێویستن.''
''ئەم ساڵ بەرهەمی گەنممان کەم دەکات''
پار 9 ملیۆن دۆنم زەوی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە گەنم چێندرا و وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵی نزیکەی شەش ملیۆن و 300 هەزار تۆن گەنمی لە رێگەی سایلۆکانەوە لە جووتیاران وەرگرت.
بێگەرد تاڵەبانی گوتی، ''بەداخەوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، ئەم ساڵ لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمی گەنم کەم دەکات، ئەمە تەنیا لە هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو لە سەرانسەری عێراقە.''
بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە، 22ی نیسانی 2025، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، هەموو گەنمی جووتیاران وەربگرێت؛ وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی دا، ''لەو چوارچێوەیەدا ئێمە دەستمان بە ئامادەکارییەکان کردووە کە جووتیارانی هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوەی جووتیارانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.''
ساڵانە لیژنەیەکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی دەستەی وەبەرهێنان، نرخی وەرگرتنی گەنم بۆ کۆمپانیاکانی قەیوان و خۆشناو دیاری دەکات، ئەوەش بۆ پاڵپشتیی زیاتری جووتیاران بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی گەنم.
بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێمە چاوەڕێ دەکەین بزانین بڕی بەرهەمی گەنمان چەندە و لە سایلۆکانی عێراق چەند وەردەگیرێت، دواتر سایلۆکانی هەرێمی کوردستان کە گرێبەستیان هەیە، لە رێگەی لیژنەکەوە بڕی گەنم و چۆنیەتی وەرگرتنی یەکلایی دەکرێتەوە، بێگومان ئەندامی ئێمەش لەنێو ئەو لیژنەیەدا هەیە و پاڵپشتیی جووتیارانی خۆمان دەکەین.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ