رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ئەوانەی کارتی بایۆمەترییان نییە یان گرفتێکیان هەیە، دەتوانن لە رێگەی 53 بنکەوە سەردانیان بکەن. گوتیشی، ''هەر کەسێک کارتی بایۆمەتریی پێشتری هەبێت کە وێنەی لەسەر نییە، بە هیچ جۆرێک ناتوانێت بەشداریی هەڵبژاردن بکات و دەبێ بیگۆڕێت."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-04-2025، مەروان محەممەد، بە رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وادەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ ماوەی مانگێک درێژکراوەتەوە، بۆ ئەو کەسانەى خوازیارن بەشدارى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقدا بکەن.
مەروان محەممەد گوتی، ''بێگومان ئەوانەی تاوەکو ئێستا بایۆمەترییان نەکردووە، یان ئەوانەی تۆماری دەنگدانەکەیان دەگۆڕن بۆ دەنگدانی گشتی و پێچەوانەکەی، لە رێگەی 53 بنکەوە لە هەولێر دەتوانن سەردانمان بکەن و هەر کێشەیەک کە هەیانە، چارەسەری بکەن.''
کردنەوەى دەرگەى تۆمارى دەنگدەران لە 25ـى ئادارى 2025 دەستیپێکرد و دوێنێ چوارشەممە 23ـى نیسان کۆتاییهات، بەڵام دووبارە بۆ ماوەی مانگێک درێژکرایەوە. بەگوتەی سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆن، ''ئەم درێژکردنەوەیە لەسەر ئاستی عێراق سەرانسەرییە بە هەولێر، دهۆک و سلێمانیشەوە، دەبێت سەرجەم پارێزگاکان پێیەوە پابەند بن''.
مەروان محەممەد باس لەوە دەکات، تیمەکانیان لە بنکەکان لە کاژێر 08:00ـی بەیانییەوە تاوەکو کاژێر 17:00 بەردەوام دەبن لە وەڵامدانەوەی خەڵک، تەنانەت لە رۆژانی هەینی و پشووی فەرمیشدا. ''ئەوەی نەچێت بۆ وەرگرتنی کارتی بایۆمەتری، بێگومان خۆی بەرپرسیارە، چونکە بەبێ کارتەکە ناتوانن دەنگ بدەن''.
سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆن جەختی لەوە کردەوە، ''کارتی بایۆمەتریی پێشوو کە وێنەی لەسەر نییە، بە هیچ جۆرێک بەکارناهێنرێت بۆ هەڵبژاردنەکان، تکایە سەردانی بنکەکان بکەن، با خۆیان بێبەش نەکەن لە دەنگدان و کارتی بایۆمەتری دەربهێنن.''
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، 35 بنکەی دەنگدان لە پارێزگای هەولێر زیاد دەکرێن. مەروان محەممەد دەڵێت، ''بەشێک لە هاووڵاتیان تۆزێک بە هەڵە لەو 35 بنکەیە تێگەیشتوون، وا تێگەیشتوون کە بنکەی تۆماری دەنگدەرانە، نەخێر، بنکەی دەنگدانە و تەنیا رۆژی هەڵبژاردن ئەو بنکەیە بۆ دەنگدان بەکاردەهێنرێت.''
وەک سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆن گوتی، زیادکردنی بەنکەکانی دەنگدان تەنیا لە هەولێر نییە و سەرجەم پارێزگاکانی گرتووەتەوە، ''بەشێک لە گەڕەکەکان بنکەی دەنگدانیان لێ نییە، ئەوانەی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان گواستووەتەوە بۆ شوێنێکی تر، پێویستە بنکەیەکی دەنگدان لەوێ هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانن هەر لەوێ دەنگ بدەن.''
مەروان محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، ''ئەو بنکانە بە مەرجێک زیاد دەکرێن کە لانیکەم ئەو کەسانەی خۆیان دەگوازنەوە بۆ ئەوێ، رێژەی وێستگەکە پڕ بکەنەوە، کەواتە نابێت لە 450 دەنگدەر کەمتر لەو بنکەیە هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین بیکەینەوە.''
سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆن لەبارەی ئامێرەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی دا، ''ئامێرەکان کۆرین و ئێمە وەکو پارێزگای هەولێر نزیکەی حەوت هەزار و 711 ئامێرمان گەڕاندووەتەوە بۆ کۆمپانیا کۆرییەکە، بۆ ئەوەی بەڕۆژ بکرێنەوە.''
بەگوتەی مەروان محەممەد لەسەر ئاستی عێراقیش بەگشتی، نزیکەی 151 هەزار ئامێر گەڕێندراونەتەوە بۆ کۆریا کە ''جگە لە بەڕۆژکردنەوەی ئامێرەکان بە تەکنۆلۆژیای رۆژ، مەبەست لە ناردنەوەیان، چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەن کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا هەبوون.''
تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ 29 ملیۆن هاووڵاتی لە عێراق و هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان دەبێت، بەڵام ئەوانە دەتوانن بەشداربن لە هەڵبژاردن کە کارتى بایۆمەتریى دەنگدانیان هەیە و کارتەکە مەرجى بەشداریکردنە لەو دەنگدانەدا، کە بڕیارە لە 11ـى تشرینى دووەمى ئەمساڵ بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ