هەسەدە: نێچیرڤان بارزانی پشتیوانی تەواوی بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردی دەربڕی

24-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی دوێنێیدا لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان "پشتیوانیی تەواوی بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کورد پێشاندا."
 
کۆبوونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە رۆژی چوارشەممە لە هەولێر بەڕێوەچوو. 
 
راگەیێندراوی هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەیان دۆخی سووریا و داهاتووی کورد بووە لە رۆژئاوای کوردستان. 
 
هەسەدە دەڵێت: "هەردوو لا جەختیان لە پێویستی و گرنگیی یەکگرتوویی کورد کردەوە. ئەوان باسیان لە دۆخی سیاسیی سووریا و دۆخی کورد لەوێ کرد و بیروڕایان لەبارەی مەترسییەکانی تیرۆر و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش ئاڵۆگۆرکرد."
 
دەشڵێت: "سەرۆک [نێچیرڤان] بارزانی پشتیوانی تەواوی خۆی دەربڕی بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی بەستنی کۆنگرەی نیشتمانیی کورد و گەیشتن بەو ئەنجامانەی کە رەنگدانەوەی ئاواتەکانی کوردن لە رۆژئاوای کوردستان و تەواوی سووریا."
 
پەیوەندییەکانی نێوان هەسەدە و حکومەتی نوێی دیمەشق، بە گوتەی هەسەدە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆی نێوان مەزڵووم عەبدی و نێچیرڤان بارزانی بوو و "هەردوو لا جەختیان لە گرنگی پڕۆسەی سیاسیی گشتگیر و مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکانی سووریا کردەوە". 
 
ئەوان هەروەها "باسیان لە رێگەکانی باشکردنی دۆخی ئابووری" لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کرد. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە