رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی کرماشان دەڵێت، "هەوای چوار شاری پارێزگاکە پیسە و هۆشداری بە کەسانی هەستیار و منداڵان دەدات".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ی نیسانی 2025، سەعید دزفولی نەژاد، بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی کرماشان رایگەیاند، "هەوای شارەکانی کرماشان، گەنگاوەر، قەسری شیرین و سەرپێڵی زەهاو بەهۆی زۆربوونی رێژەی گەردیلە زیانبەخشەکانەوە، لە ئاستی هۆشداریدایە و بۆ خەڵکی نەخۆش، منداڵ و بەساڵاچووان مەترسیدارە".
سەعید دزفولی نەژاد گوتی، "ئەو تۆز و خۆڵەی لە درەنگی دوێنێ هاتووەتە بەرگەهەوای رۆژئاوای پارێزگاکە و بووەتە هۆی دابەزینی کوالێتی هەوا لە هەندێک ناوچەدا". هۆکاری سەرەکیی پیسبوونی هەوای کرماشان بۆ خۆڵبارین گەڕاندەوە و گوتی، "بەپێی لێکۆڵینەوەکان، سەرچاوی سەرەکیی خۆڵبارینەکان لە دەرەوەی وڵاتە و بە تایبەت لە عێراق، سووریا و سعودیە".
رۆژی دووشەممە 7ی نیسانی 2025، بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی کرماشان رایگەیاندبوو، لە 21-03-2024ـەوە تاوەکو 21-03-2025، 48 رۆژ هەوای پارێزگاکە پیس بووە.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ساڵانە 50 هەزار کەس لەو وڵاتە بەهۆی کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەواوە گیان لەدەست دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ