رووداو دیجیتاڵ
کەسوکاری ئەو هاونیشتمانییەی لە هەولێر لە کاتی هەوڵی دەستگیرکردنیدا، کە ئاسایش دەڵێت "رووبەڕوویان بووەتەوە" و کوژراوە، راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان رەتدەکەنەوە و دەڵێن: ''دوورە لە راستی؛ نە چەکی پێبووە، نە تەقەی کردووە، بەڵام بە پێنج گوللە کوژراوە.''
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە 23-4-2024، تیمێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە هەولێر هەوڵی دەستگیرکردنی دوو ''بازرگانیی مادەی هۆشبەر''یان داوە، رووبەڕووبوونەوە روویداوە و یەکێک لە دوو ''داواکراوەکان" بە ناوی خەسرۆ ئەمیر کاڕەسووڵ گەردی لە نزیک عەنکاوە کوژرا.
بەگوتەی بەڕێوەبەرایەتییەکە: ''داواکراوان رووی چەکەکانیان ئاراستەی هێزەکانی ئاسایش کرد و کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بەسەختی بریندار بوو، لە وەڵامی تەقەکردنەکەدا، یەکێکیان کوژرا.''
حەمید ئەمیر، برای خەسرۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رەتیکردەوە براکەی بازرگانیی مادەی هۆشبەر بووبێت و رایگەیاند: ''هەر هەموومان شایەتی بۆ دەدەین ئەو تۆمەتەی بۆیان دروستکردووە، دوورە لە راستی.''
برای کوژراوەکە داوا لە سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆ دەکات بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە بکەن، دەشڵێت: ''ئەگەر برای ئێمە تاوانبارە، دەستیان خۆش بێت [کوشتوویانە]، ئەگەر تاوانباریش نییە، ئێمە داوای مافی خۆمان دەکەین.''
وەک حەمید ئەمیر گوتی، تاوەکو ئێستا ئاگاداری دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردنی خەسرۆ نەبوونە. بەگوتەی براکەی، خەسرۆ ئەمیر کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پاسەوانەکان بووە: ''بەڵام بەڕێوەبەرایەتییەکەی لەو تۆمەتەی خراوەتە پاڵی، ئاگادار نەکراوەتەوە.''
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە راگەیێندراوەکەیاندا باسیان لەوە کردووە، لە وەڵامی تەقەی بازرگانەکاندا دەستڕێژیان لێکردوون و یەکێکیان کوژراوە و ئەوی دیکەش بریندارکراوە. ئاسایش دەڵێت، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ