حکومەتی هەرێمی کوردستان: چاوەڕێین بەغدا هاوشێوەی مانگی رابردوو مووچە بنێرێت

24-04-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند چاوەڕێن مووچەی ئەم مانگەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لە هەمان وادەی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق لەلایەن بەغداوە بنێردرێت.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 24-4-2024) ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران کۆبووەوە.
 
ئەنجوومەنی وەزیران لە راگەیێندراوێكدا دەڵێت، مەسرور بارزانی باسی لە سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کردووە و گوتوویەتی "سەردانێکی گرنگ بوو. کاریگەریی لەسەر پێشخستنی پەیوەندییەکانی هەردوولا دەبێت".
 
"چاوەڕێین بەغدا مووچە بنێرێت"
 
پێش چەند رۆژێک، لیستی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەغدا کرا. ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق خەریکی وردبینییە لە لیستەکە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی لە راپۆرتێکدا هەنگاوەکانی وەزارەتەکەی بۆ مووچەی ئەو مانگە خستووەتەڕوو، کە "لیستەکە بە زانیارییەوە رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە" 
 
ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت، "چاوەڕوان دەکرێت هاوشێوەی مانگی رابردوو، لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت." 
 
"دەستپێشخەری لە داهاتە نانەوتییەکان"
 
ئاوات شێخ جەناب لە راپۆرتێکی دیکە کە بە هاوبەشی لەگەڵ شاندی دانوستاندنکار [لەگەڵ بەغدا] ئامادە کرابوو، "چەند میکانیزمێکی خستووەتەڕوو بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانیان لە داهاتە نانەوتییەکان و چۆنیێتیی هاوبەشیپێکردنی لەگەڵ بەغدا." 
 
ئەوەش وەکو "دەستپێشخەریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە بەجۆرێک کە نەبێتە رێگر لەبەردەم خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆرانی." 
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت "دەستخۆشی لەو دەستپێشخەرییە کراوە و جەختکراوەتەوە؛ هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ نەهێڵدرێتەوە." 
 
رۆژی هەینی، 19-4-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەمریکا رایگەیاند، "شتێک نییە بەناوی دابەشکردنی مووچە، بەڵکو رێژەیەکی پەسندکراو هەیە و رێکارێک هەیە کە چەندین ساڵە کاری پێ دەکرێت، کە دیاریکردنی 12.67% لە کۆی خەرجییە گشتییەکان بۆ هەرێمی کوردستان. لەبەرامبەردا دەبێت هەرێمی کوردستان داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی رادەست بکات." 
 
"دژی بەبانکیکردنی مووچە نین"
 
ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەشەوە دەڵێت "ئەم بابەتە بە گرنگ دەزانێت و هیچ کات دژی بەبانکیکردن (تەوتین)ـی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەبووە و نابێت." 
 
دەشڵێت "لەمێژە بە کرداری پرۆسەی بەبانکیکردن (تەوتین) لە رێگەی پرۆسەی (هەژماری من)ـەوە لە هەرێمی کوردستان دەستپێکراوە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری و برەودان بە چالاکی بانکی و شەفافیەت لە چالاکییە داراییەکان و سوودمەندبوونی هاووڵاتیان لە هەموو ئەو ئیمتیازات و ئاسانکارییانەی بانکەکان بۆ هاووڵاتییان دەستەبەری دەکەن، بەو جۆرەی لە دونیای پێشکەوتوو پەیڕەو دەکرێت." 
 
ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت "گفتۆگۆ زیاتر لەسەر میکانیزمی بەبانکیکردنە نەک خودی پرۆسەکە". بابەتەکەش بە شایەنی چارەسەر دەزانێت لە رێگەی دۆزینەوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش، بە جۆرێک لە بەرژەوەندیی مووچەخۆران بێت و بەئاسانی پرۆسەکە تەواو بێت.
 
ئەو بانکانەی لە (هەژماری من) بەشدارن، بە گوتەی ئەنجوومەنی وەزیران، گشت مەرج و پێداویستییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقیان جێبەجێکردووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا رۆڵی ئاسانکار دەگێڕێت.
 
رۆژی هەینی، 19-4-2024 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، لەسەر ناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین."
 
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی سێ مانگی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە. وەزیری دارایی عێراق بە رووداوی گوت، مووچەی ئەو سێ مانگە خەرج ناکەن "چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی خۆی هەبووە و لە پێدانی ئەو سێ مووچەیە بەرپرسە."
 
وەزیری دارایی عێراق بە پێویستی زانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکەکانی رەشید، رافیدەین و بانکی بازرگانیی عێراق (تی بی ئای) بکات.
 
 "هەرچی زووە دەست بە هەناردەی نەوت بکرێتەوە"
 
هەناردەکردنەوەی نەوتیش یەکێکی دیکە بووە لە بابەتەکانی ئەمڕۆی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران.
 
ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت، خوازیارن هەرچی زووە دەست بە هەناردەی نەوت بکرێتەوە وەک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەری رێکەوتوون. نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سۆمۆ (کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق) بفرۆشرێت. داهاتەکەشی بچێتەوە ناو گەنجینەی گشتی فیدڕاڵ لە دوای یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتانەی کە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.
 

ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی دانوستاندکاریشی راسپارد "بەپێی یاسا فیدراڵییەکان، داهاتی نانەتی بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ." 

لە بەرامبەر ئەم پابەندییانە، ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت لەنێویشیاندا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێم لە بودجەی بەکاربردن و بودجەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پارێزگا و هەرێمەکان هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق.
 
رۆژی سێشەممە 23-4-2024، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هیوادارن سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق ببێتە هەنگاوێک بە ئاراستەی دروست بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
 
ئەپیکور دەڵێت، ئەندامەکانی ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بە گوێرەی ئەو مەرجانەی ئێستا بەردەستن، ئەوەش لە بەرژەوەندیی گەلی عێراق و هاوبەشەکانیان.
 
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور بە رووداوی گوت، ئەوان دەیانەوێت "کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان ئەپیکور، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا بکرێت" بۆ گفتوگۆ لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت.
 
کاگینز بۆ رووداو گوتیشی، لە ئەگەری هەر رێککەوتنێک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، ئەوان هێشتا "داوای هەمان تێچوو بۆ بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دەکەن کە ئێستا وەریدەگرن."
 
گەڕاندنەوەی پێشینەکان
 
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە خستنەڕووی چەند پێشنیارێک سەبارەت بە ئاسانکاری بۆ گەڕاندنەوەی پێشینەکانی بانکە پسپۆڕییەکان لای هاووڵاتییان (پێشینەکانی خانووبەرە، كشتوكاڵی، نیشتەجێبوون، پیشەسازی، گەشتوگوزار، هاوسەرگیری).
 
لەو بڕگەیەدا چەند پێشنیازێک پەسندکراون بۆ یەکلاکردنەوەی قەرزی بانکە بازرگانییەکان، سوودەکانی سەریان و رێکارەکانی وەرگرتنەوەیان بەپێی یاسای چاکسازی.
 
ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووریی راسپاردووە پێداچوونەوە بە بابەتەکە بکات و کارئاسانیی پێویست بۆ هاونیشتمانییان بکرێت. رەچاوی رێگەگرتن لە بەهەدەردانی پارەی گشتیش بکرێت.
 
"پۆلێنکردنی بەڵێندەران"
 
لە بڕگەی سێیەمدا، دارا رەشید، وەزیری پلاندانان رەشنووسی پەیڕەوی (پۆلێنکردنی بەڵێندەران و دانان لە لیستی بێبەشکردنی لە بەشداربوون لە هەرێمی کوردستان) خستەڕوو.
 
ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت، بە زۆرینەی دەنگ، پەیڕەوەکەیان پەسند کردووە.
 
ئامانج لە پەیڕەوەکە پۆلێنکردنی بەڵێندەرانە بەپێی پێوەرە کارپێکراوەکان لە پسپۆڕی و توانای تەکنیکی و دارایی و دوورخستنەوەی بەڵێندەری نالێهاتوو کە توانا و كارامەیی نییە بۆ جێبەجێكردنی كارەكان.
 
جەخت لەسەر دادپەروەری و شەفافیەت لە کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی پڕۆژەکان و بێبەشکردنی ئەو بەڵێندەرانە کراوەتەوە، کە پابەندییەكانی گرێبەست پێشێل دەکەن لە بەشداریكردن لە گرێبەستە حكومییەكان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و گويدۆ كرۆسێتۆ، وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاڵيا، وێنە: سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان  ​

وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا بۆ نێچیرڤان بارزانی: بە بایەخەوە لە پێگەی هەرێمی کوردستان دەڕوانین

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێشوازیی لە وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کرد، لە کۆبوونەوەیەکیشدا وەزیرە ئیتاڵییەکە "ستايشى رۆڵى پێشمه‌رگه‌ى له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆر و تێكشكاندنى داعشدا كرد و رۆڵ و پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستانى له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌زر نرخاند."