رووداو دیجیتاڵ
چوار هاونیشتمانی لە پارێزگاکانی ورمێ، کرماشان و لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە هەورەبرووسکە گیانیان لەدەستدا.
ئەمڕۆ دووشەممە 24-04-2023 لە بەرزاییەکانی گوندی گەڵازی شنۆ ژنێکی تەمەن 24 ساڵانی خەڵکی گوندی مەلا عیسا لە ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ بە هەورەبرووسکە گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون. بە گوتەی خەڵکی ناوچەکە، ئەو کەسانە بۆ کۆکردنەوەی گیای بەهاری چووبوونە بەرزاییەکانی دەوروبەری گوندی گەڵاز.
هەروەها مەسعود قەلعە سفیدی، بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای زانکۆی پزیشکیی کرماشان رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە ژنێکی تەمەن 65 ساڵی خەڵکی گوندی سووخوەری سەر بە شاری گیەڵان و پیاوێکی گەنجی خەڵکی گوندی حەسەنئاوای خواروو لە ناوچەی دینەوەری سەر بە شاری سەحنە بەهۆی هەورەبرووسکەوە گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها هوشەنگ کوهەنانی، بەڕێوەبەری ناحیەی کوهەنانی سەر بە شاری کویەشت لە پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، شەوی رابردوو پیاوێکی 45 ساڵانی خەڵکی گوندی شورابەی بەهرام بەیگ لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەو گوندەدا بە هەورەبرووسکە گیانی لەدەستداوە.
باران بارین لە رۆژی یەکشەممەوە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و بەپێی پێشبینیی کەشناسی تاوەکو سبەی سێشەممە بەردەوام دەبێت. بەڕێوەبەرایەتییەکانی کەشناسیی رۆژهەڵاتی کوردستان دوێنێ یەکشەممە داوایان لە خەڵک کردبوو، لەو رۆژانەی باران دەبارێت سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ