کوردستان

ژمارەی ئەو کەسانەی لە پارێزگای ورمێ بەهۆی بێڕێزکردن بە کورد دەستبەسەرکران بۆ 22 کەس بەرزبووەوە
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی ئەو کەسانەی لە پارێزگای ورمێ بەهۆی بێڕێزکردن بە کورد دەستبەسەرکران بۆ 22 کەس بەرزبووەوە و وەزیری کولتووری ئێرانیش دەڵێت، ناکۆکی نەتەوەیی لەو وڵاتە زیاتر بێت، کاریگەری وێرانکەری دەبێت.
رەحیم جەهانبەخش، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، 22 کەس کە لە رێوڕەسمی شینگێڕی بۆ ئیمام عەلی، رۆڵی سەرەکییان لە بێڕێزیکردن و ئاژاوەنانەوەدا هەبووە، دەستبەسەرکراون.
رەحیم جەهانبەخش دەڵێت، هەندێک لایەن هەوڵیان داوە بە بڵاوکردنەوەی بانگەواز و هاندانی خەڵکی ورمێ، رێوڕەسمی ماتەمگێڕان بۆ ئامانجی خۆیان بەکاربێنن؛ دەشڵێت، ئامانجی ئەوان ئەوە بووە، ناکۆکی بڵاوبکەنەوە و بێڕێزی بە گەلانی دیکە بکەن.
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ، رووبەڕووی ئەو کەسانە دەبنەوە کە دژی یەکڕیزیی نیشتمانی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەجووڵێنەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، رێگە نادەن بە پلانی وڵاتانی دیکە بێڕێزی بە پێکهاتە جیاوازەکانی پارێزگای ورمێ بکرێت.
رۆژی شەممە 22ی ئادار، ژمارەیەک لە ئازەرییەکانی بەشداربووی رێوڕەسمی شینگێڕانی شەهیدبوونی ئیمام عەلی لە ورمێ دژی کورد دروشمیان دا و بە نیشانەی هەڕەشە گۆپاڵیان بەرز کردەوە.
ئەوان لەو دۆخە ناڕازی بوون، چالاکڤانانی کورد 18ی ئەم مانگە لە شاری ورمێ ئاهەنگێکی گەورەی نەورۆزیان بە بەشداری دەیان هەزار کەس بەڕێوەبرد.
عەباس ساڵحی، وەزیری کولتووری ئێران وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو رووداوە ئەمڕۆ دووشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە دۆخی ئێستای ئێراندا هەر دەنگ و جووڵەیەک دژی یەکڕیزی بێت، دەکرێت مەترسیدار بێت؛ دەشڵێت، نابێ رێگە بە ناکۆکی نەتەوەیی و مەزهەبی لە ئێران بدرێت و ئەگەر ئەوە رووبدات، بە زوویی دەبێتە بڵێسەیەکی وێرانکەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ