رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی باران و لافاوی هەفتەی رابردووەوە، مینە چێندراوەکانی هەرێمی کوردستان جێگەیان گۆڕاوە. بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێت، هەر کەسێک دەچێت بۆ سەیران یان گیای بەهارە، لە هەر شوێنێکدا ئێسک، تەلی دڕکاوی، کەڵەکەبەردیان بینی تیمەکانیان ئاگادار بکەنەوە.
لە تەواوی هەرێمی کوردستان بەهۆی مینی چێندراوی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران زیاتر لە 13 هەزار و 500 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون، لەو ژمارەیە زیاتر لە نیوەیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بووە، کە 7 هەزار و 500 کەسن و لەنێویاندا نزیکەی 6 هەزار و 50یان گیانیان لە دەستداوە.
موحسین شێخ عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "باران و لافاو بەردەوام کێشەمان بۆ دروست دەکەن، رووبەری پاککراوەمان لە مین هەبووە، لافاو مینی جێگەی دیکەی بۆ بردووە، دەبێت دووبارە پاکبکرێتەوە، بۆیە دوای ئەم لافاوە گرنگە هاونیشتمانییان هۆشیارتر بن."
تەلی دڕکاوی، ئێسک، کەڵەکەبەرد، بەردی رەنگکراو و جەنگەڵێک کە رێڕەوی رۆیشتنی نەبێت بە نیشانەی مەترسیداری هەبوونی مین لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت. موحسین شێخ عەبدولکەریم دەڵێت، "هەرکەس ئەو نیشانانەی بینی پەیوەندی بکات بە هێڵی گەرمی 188 دەستبەجێ تیمەکان دەگەنە شوێنەکە لە هەر شوێنێک بێت."
دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بەهۆی بەفر و بارانی بەخوڕ و لافاو، مەترسیی هاتنەخوارەوەی مین هەیە لە ناوچە شاخاوییەکان، بۆیە بە هیچ شێوەیەک لە ناوچە مینڕێژکراوەکان و قەراخ چەم و رووبارەکان نزیک مەبەوە."
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکرد، تیمەکانیان بەردەوام لەو شوێنانە دەگەڕێن کە مەترسیی مینی لێدەکرێت و هۆشیاری دەدەنە هاونیشتمانیان و گەشتیاران. هەروەها لە گوندەکاندا قوتابیان لە مەترسی و نیشانەکانی هەبوونی مین هۆشیار دەکەنەوە و لە رێگەی پۆستەر و دانانی وێنەوە، شوێنەکانی مین دەستنیشان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ