رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتەوە، هەفتەیەکە کارمەندانی هاتووچۆی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کردووە. هەفتەی رابردوو کارە "گرنگەکان"ی هاونیشتمانییان رایی دەکران، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆ دەڵێت، "لە ئەمڕۆوە هیچ مامەڵەیەک رایی ناکەین."
لە 17ی ئەم مانگەوە زۆرینەی کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی سلێمانی دژی دواکەوتنی مووچەکانیان تاوەکو کۆتایی هەفتەی رابردوو بایکۆتی کارکردنیان کردبوو، بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ دەستپێكی دەوام بایکۆتەکە فراوانتر بوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئادار عهمید ئاسۆ محەممهد، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هیچ کارمەندێکی لێ نییە و با کەس سەردانمان نەکات."
هەفتەی پێشوو سەرەڕای بایکۆت، هەندێک مامەڵە رایی دەکران؛ بۆ نموونە، ئەگەر کەسێک لە دەرەوەی شارەکانەوە بۆ گواستنەوەی ساڵنامەی ئۆتۆمبێل چووبێت و خاوەنی پێشووی ئۆتۆمبێلەکەی لەگەڵ بووبێت، واژۆی راییکردنی مامەڵەکەی وەردەگیرا، هەروەها ئەو کۆمپانیایانەش کە ئۆتۆمبێلی سفر کیلۆمەتریان فرۆشتبوو بۆئەوەی تووشی سزای دارایی نەبن، کارەکانی وەرگرتنی ژمارەیان رایی دەکرا، بەڵام بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی سلێمانی، لە ئەمڕۆوە ئەوانەش رایی ناکرێت و داوا دەکات، لە سلێمانی و شارەکانی دیکەشەوە کەس نەچێتە بەڕێوەبەرایەتییەکە.
بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان لەو فەرمانگانەن کە داهاتی رۆژانەیان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆرە.
تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی شوبات دابەشنەکراوە، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە 600 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی ئەو مانگە.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، داوای 949 ملیار 813 ملیۆن دیناریان لە بەغدا کردبوو، بەڵام بەو بڕەی کە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مووچە ناردوویەتی 390 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە.
دوێنێ شەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "بۆ دابەشکردنی مووچە، چاوەڕوانین بەغدا مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە بنێرێت."
ئاوات شێخ جەناب گوتیشی، "لیستی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشین و هێزە ئەمنییەکان لای ئێمە هیچ کێشەیەکی نەماوە و لە ئێستە بەدواوە هەموو مانگێک دەتوانین بە کلیکێک لیستی مووچە رەوانەی بەغدا بکەین و سیستمەکەیان لە هەرێمی کوردستان کردووە بە دیجیتاڵی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ