حکومەت لە کرێی شەش مانگی دووکانەکانی لەنگەی هەولێر خۆش دەبێت

24-03-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆتایی مانگی رابردوو لە رووداوێکدا بەشێکی دووکانەکانی بازاڕی لەنگەی هەولێر سووتان. بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی پارێزگاری هەولێرەوە لە کرێی شەش مانگی دووکانەکانی بازاڕەکە و پارەی کۆکردنەوەی زبڵی شەش مانگی ئەو بازاڕە خۆش دەبێت.
 
ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر رێکارە کارگێڕی و یاساییەکانی لێخۆشبوونی کرێی شەش مانگی دووکانەکان و کرێی کۆکردنەوەی زبڵی بازاڕی لەنگەی هەولێری تەواو کردووە. ئەوەی ماوە دەبێت پارێزگاری هەولێر نووسراوەکە واژۆ بکات.
 
بەرپرسێکی باڵا لە حکومەت رۆژی یەکشەممە، 24ـی ئادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نووسراوی ئەنجوومەنی شارەوانی گەیشتووەتە پارێزگای هەولێر و ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر واژۆی دەکات و بە فەرمی دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە."
 
ئێوارەی 27ـی مانگی رابردوو، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە. دوای رووداوەکە پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆی ئاگرەکەوە 166 دووکان سووتاون و 90 کەسیش لە کارمەندانی بەرگریی شارستانی، کاسبکاران و هاونیشتمانییان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستییان تێکچووە.
 
دووکانەکانی بازاڕی لەنگەی هەولێر موڵکی شارەوانیین و خاوەنەکانیان دەبێت کرێی مانگانە بدەنە شارەوانی هەولێر.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە