رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ رایگەیاند، بڕیاری لێخۆشبوون لە کرێی ساڵێکی دووکانەکانی لەنگەی هەولێر دراوە، لەگەڵ لێخۆشبوون لە کرێی شەش مانگی کۆکردنەوەی زبڵ. زیانبەرکەتووانی بازاڕەکەش دەڵێن، زۆرینەیان کرێچین و بڕیارەکە تەنیا خاوەن دووکانەکان دەگرێتەوە.
ئێوارەی 27ـی مانگی رابردوو، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە. دوای رووداوەکە پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆی ئاگرەکەوە 166 دووکان سووتاون و نزیکەی 20 دووکانیش بەهۆی سووتانی دووکانی تەنیشتیانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بڕیاری لێخۆشبوونی کرێی یەک ساڵی زیانبەرکەوتووانی بازاڕی لەنگەی واژۆ کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا لە کرێی شەش مانگی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک خۆشدەبن.
یاسین فەرهاد، یەکێک لە زیانلێکەوتووانی بازاڕی لەنگەی هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارەکە بۆ ئێمە هیچ سوودێکی نییە، چونکە زۆرینەمان کرێچین، ئەو بڕیارەش خاوەن دووکانەکان دەگرێتەوە کە گرێبەستیان لەگەڵ شارەوانیی هەولێر هەیە."
ئەو خاوەن دووکانانەی گرێبەستیان لەگەڵ شارەوانی هەیە بەگوێرەی دووکانەکانیان کرێی ساڵانە دەدەنە شارەوانی هەولێر، کە لە نزیکەی ملیۆنێک دینارەوەیە تاوەکو ملیۆنێک و 500 هەزار دینار، جگە لەو شوێنانەی کۆگەن کە ساڵانە 150 هەزار دینار دەدەنە شارەوانی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، قەرەبووی ساڵانە خاوەن موڵکەکان لێی سوودمەندن، بەڵام کرێی کۆکردنەوەی زبڵ لە بەرژەوەندی کرێچییەکانە. فەرهاد یاسین دەڵێت، "لێخۆشبوون لە کرێی خۆڵ هاوکاریی نییە، چونکە مانگی 10 هەزار دینار دەدەین، بۆ شەش مانگ 60 هەزارە."
ئەو هاونیشتمانییە گوتی، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرەبووشیان ناکاتەوە، دەتوانێت هاوکارییان بکات. گوتیشی، "زیانەکانمان زۆرن، بەڵام بەگوێرەی زیانەکان دووکانێک سێ بۆ پێنج هەزار دۆلار هاوکاری بکرێین باشە و، ئەرکمان سووک دەکات."
بڕیاری لێخۆشبوونی کرێی ساڵێک لە خاوەن دووکانەکان لەکاتێکدایە، ئەوانیش زیانیان بەرکەوتووە، بەجۆرێک، ئەگەر خاوەن موڵک کرێچیشی هەبێت، دەبێت خۆی دووکانەکە نۆژەن بکاتەوە. کرێچی تەنیا ئەو شوێنانە نۆژەن دەکاتەوە کە دیکۆر و جوانکاریی دووکانەکەن.
کاسبکارێکی دیکەی بازاڕەکە بە رووداوی گوت، "80%ـی بازاڕەکەمان کرێچین؛ ئێمە زیانی زیاترمان بەرکەوتووە و داواکارین حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرەبوومان بکاتەوە، تەنیا لێخۆشبوون بۆ کرێی زبڵ، هیچ نییە بەراورد بە زیانەکانمان."
بازاڕی لەنگەی هەولێر 2 هەزار و 400 دووکانە؛ بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێکی کراوەتە کۆگە، هەروەها چەندین دووکان هەن دوو دووکان و زیاتر لێکدراون، نزیکەی هەزار کەس وەکو دووکاندار کاسبیی تێدا دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ