ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و کۆیە بایکۆتیان راگەیاند

24-03-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک لە فەرمانبەران، خوێندکاران و مامۆستایانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە بایکۆتیان راگەیاندووە و دەڵێن، "تاوەکو مووچە و دەرماڵە نەدرێت، بایکۆت ناشکێنین."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 24-03-2024 فەرمانبەران، مامۆستایان و خوێندکاران لە زۆربەی فەرمانگە و زانکۆکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە بایکۆتیان راگەیاندووە و داوای دابەشکردنی مووچە و دەرماڵە دەکەن.
 
نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەبەردەم کلینیکی راوێژکاریی شەهید پێشڕەو لە قەزای چەمچەماڵی سنووری سلێمانی دەڵێت، "لەو کاتەوەی کە لێرەین، بەشێک لە هاونیشتمانییان دێن و دەیانەوێت پزیشک ببینن، بەڵام هەردوو دەرگەی نەخۆشخانەکە بە تەواوی داخراون."
 
جگە لەو نەخۆشخانەیە، فەرمانبەرانی مەڵبەندی تەندروستیی چەرمووش لە چەمچەماڵ بایکۆتیان راگەیاندووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە خوێندکارانی زانکۆی چەرمووی قەزاکەش لە بایکۆتدان و بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەی کەسوکاریان و دەرماڵەی خۆیانەوە، خوێندنیان تاوەکو دوای جەژنی رەمەزان بایکۆت کردووە.
 
 
وەکو پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، جگە لە خوێندکاران، "مامۆستا و فەرمانبەرانی زانکۆکەش نەچوونەتە دەوام، هەروەها لە فەرمانگەی کارتی نیشتمانیی چەمچەماڵیش بایکۆت راگەیێندراوە."
 
بە گوتەی خوێندکارانی زانکۆی چەرمووی چەمچەماڵ، پڕۆسەی خوێندنیان هەڵپەساردووە تاوەکو دوای 01-04-2024، ئەگەر ئەوکاتیش مووچە و دەرماڵە دابەش نەکرێت، ئەوە درێژی دەکەنەوە تاوەکو دوای جەژنی رەمەزان.
 
جگە لە زانکۆی چەمچەماڵ، لە زانکۆی سلێمانی و پۆلیتەکنیکیش بەشێک لە خوێندکاران بە هەمان هۆکار نەچوونەتەوە زانکۆ و بایکۆتی خوێندنیان راگەیاندووە.
 
هەرمان کامیل، گوتەبێژی نوێنەرانی خوێندکارانی زانکۆی چەرموو لەبارەی هۆکاری بایکۆتەوە بە رووداوی راگەیاند: "بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەی کەسوکاری خوێندکارانی زانکۆوەیە، چونکە خوێندن بە گیرفانی بەتاڵ ناکرێت؛ هەروەها هیچ دەرماڵەیەکمان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا لە هەولێر و دهۆک دابەشکراوە."
 
ئەوە لەکاتێکدایە د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دوێنێ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە پێدانی دەرماڵەدا جیاکاری لەنێوان پارێزگاکاندا نەکراوە. گوتیشی، زانکۆ هەیە دەرماڵەی 10 و 11ی بەگوێرەی ساڵنامەی خوێندنی زانکۆکان وەرگرتووە، زانکۆش هەیە تەنیا دەرماڵەی مانگی 10ی ساڵنامەی خوێندنی بۆ خەرجکراوە، ئەوەش بەگوێرەی بوونی پارەی نەختینەیی لە بانکەکان.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە شاری سلێمانیش ژمارەیەک لە فەرمانگەکان بایکۆتیان تێدا کراوە، لەوانەش بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ، بەڕێوەبەرایەتیی باج و دەرامەت، بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، تاقیگەی بیناسازی، داواکاریی گشتی، شارەوانیی رۆژهەڵات و هەروەها بەشێکی زۆر لە بنکە و مەڵبەندەکانی تەندروستی.
 
سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی مدیایی رووداو لە هەڵەبجە گوتی، لە بەشێکی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەو پارێزگایەش بایکۆت راگەیێندراوە، گوتیشی، "لە دوو رۆژی رابردوودا خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە بە فەرمی بایکۆتی خوێندنیان راگەیاندووە و ئەمڕۆ یەکشەممە، تەنیا سەرۆکایەتیی زانکۆ، فەرمانبەران و ئەندامانی کارگێڕیی زانکۆکە دەوام دەکەن."
 
 
فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی گشتیی هەڵەبجەش بایکۆتیان راگەیاندووە، سازگار سەڵاح دەڵێت: ''ئەوەی کە گرفتی دروست کردبێت، بایکۆت لە نەخۆشخانەیە، چونکە سنوورەکە تەنیا ئەم نەخۆشخانەیەی لێیە و ماوەی هەفتەیەکە پزیشکەکان دەوامیان نەکردووە و نەخۆشەکان ناچارن بچنە نۆرینگە، یان بە پارەیەکی زیاتر چارەسەر وەربگرن."
 
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، بایکۆتەکە لە سبەیەوە چڕتر دەبێتەوە و لە سەیدسادق، عەربەت و چەند شوێنێکی دیکەش ئاگاداری بڵاوکراوەتەوە بۆ دەستپێکردنی بایکۆت.
 
هاوکات لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، لە قەزاکانی کفری و کەلار بەشێکی زۆر لە فەرمانبەرانی مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکان بایکۆتیان راگەیاندووە و ناچنەوە دەوام.
 
 
خوێندکارانی زانکۆی راپەڕینیش لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین هاوشێوەی زانکۆی چەرمووی چەمچەماڵ بڕیاری بایکۆتیان داوە، ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە رانیە دەڵێت: ''ئەمڕۆ خوێندکارانی زانکۆکە بە تەواوی بایکۆتیان کردووە و هیچ کەس نەچووەتەوە هۆڵەکانی خوێندن.''
 
وەک پەیامنێری رووداو ئاماژەی پێدا، جیا لە زانکۆ، هاوشێوەی بەشێکی زۆر لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینیش ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانبەران بایکۆتیان راگەیاندووە. 
 
 
فەرمانبەران لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای راپەڕین، بەڕێوەبەرایەتیی باج و دەرامەت و نەخۆشخانەکانی سنوورەکە، جگە لە بەشی فریاکەوتنی خێرا، بە تەواوی بایکۆتیان راگەیاندووە، هۆکاری بایکۆتەکەش تەنیا داواکاریی مووچەیە، کە زیاتر لە 50 رۆژە وەریاننەگرتووە.
 
لە زانکۆ و بەشێکی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی قەزای کۆیەش، بایکۆت هەیە، بەگوتەی پەیامنێری رووداو، "بەردەوام شەپۆلی بایکۆتەکە زیاتر دەبێت و ئەگەر هەیە لە رۆژانی داهاتوودا سەرجەم فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان بگرێتەوە."
 
لە 25-03-2023وە کە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە، ئاستەنگیی جیدی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستبووە.
 
رۆژی شەممە 23ی مارسی 2024، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکی میدیاییدا، کە تۆڕی میدیایی رووداو تێیدا بەشداربوو، ئامادەیی وەزارەتەکەی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو دەربڕی و رایگەیاند: "لەسەر کێشەی هێزە ئەمنییەکان پێنج رۆژ لەمەوبەر رێککەوتبووین کۆدی تایبەتیان بۆ دروستبکەین و ئێستا کۆدەکانمان رەوانەی بەغدا کردووە، ئێستا چاوەڕوانی ناردنی پارەین بۆ ئەوەی دەستبکەین بە دابەشکردنی مووچە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە