لە سنووری کرماشان کۆڵبەرێک کوژرا

24-03-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆڵبەڕێکی خەڵکی گوندی کاکاڕەشی جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرزاییەکانی نەوسوود، بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران کوژرا. کۆڵبەرەکە خێزاندارە و باوکی منداڵێکە.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی شەممە، 23-03-2024، هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران لە بەرزاییەکانی نەوسوودی سەر بە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناوی پەیمان ئەحمەدی، تەمەن 35 ساڵ و خەڵکی گوندی کاکاڕەشی جوانڕۆی سەر بە کرماشان کوژراوە.
 
بەپێی زانیارییەکان، تەرمی پەیمان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گواستراوەتەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکان و هێشتا رادەستی کەسوکارەکەی نەکراوەتەوە.
 
ئەو کۆڵبەرە خێزاندارە و باوکی منداڵێکە. بەمەش دەبێتە یەکەم کۆڵبەر لە ساڵی نوێی هەتاوی بکوژرێت.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە ساڵی 2023 لانیکەم 32 کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە، 307 کۆڵبەر بریندار بوون و دوو کۆڵبەری دیکەش بێسەرشوێن بوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە