دەروازە سنوورییەکان: لەکاتی چوون بۆ ئێران و هاتنەوەدا گەشتیار دەبێت پشکنینی کۆرۆنای پێبێت

24-03-2022
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە 1ـی نیسانەوە ئەو گەشتیارانەی لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە گەشتدەکەن و دوو قورچکی ڤاکسینیان وەرگرتووە، پێویست ناکات پشکنینی کۆرۆنا (PCR ) بکەن، بەڵام بەرپرسانی دەروازە سنوورییەکان دەڵێن، هیچ بڕیارێک بۆ ئەوان نەچووە. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، بەدواداچوونی بۆ کردووە و لابردنی پشکنین، دەروازەکانیش دەگرێتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 24-3-2022، سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەر کەسێک لە دەروازەکەیانەوە سەردانی ئێران بکات و بگەڕێتەوە دەبێت پشکنینی (PCR)ـی پێبێت.
 
سیروان حوسێن گوتیشی: "هەر هاونیشتمانییەک سەردانی ئێران بکات، جگە لە کارتی وەرگرتنی ڤاکسین، دەبێت پشکنینی کۆرۆناشی پێبێت، لەکاتی گەڕانەوەشیدا لە دەروازەکەمان پشکنینی بۆ دەکەینەوە".
 
هەروەها عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ گۆڕانکارییەک رووی نەداوە و هەرکەسێک هاتووچۆ بکات لەگەڵ کارتی ڤاکسیندا، دەبێت پشکنینی کۆرۆناشی پێبێت".
 
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی ئادار، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان قسەم کردووە و لە 1-4-2022ـەوە پشکنینی کۆرۆنا لە دەروازە سنوورییەکان بۆ ئەو کەسانە نامێنێت کە دوو قورچک ڤاکسینیان وەرگرتووە".
 
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 16-3-2022، وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، هەرگەشتیارێک بچێتە وڵاتەکەیەوە و کارتی ڤاکسینی هەبێت، پێویستی بە پشکنینی کۆرۆنا 'پی سی ئاڕ' نابێت.
 
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە 1ـی نیسانەوە کار بەو رێنماییە نوێیە دەکرێت کە لەلایەن دەستەی فڕۆکەوانیی عێراقەوە دەرکراوە. ئەو گەشتیارانەی کە دێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان یان دەبێت پشکنینی کۆرۆنایان پێبێت یان کارتی ڤاکسین. ئەگەر کارتی ڤاکسینیان هەبێت، پشکنینی کۆرۆنا پێویست نییە".
 
تاهیر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوانیش کار بە رێنماییەکە دەکەن و هەموو هێڵەکانیان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی کە لە 1ی نیسانەوە تەنیا کارتی ڤاکسین کاری پێدەکرێت بۆ چوون و هاتن و پێویست بە پشکنینی کۆرۆنا ناکات.
 
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق رایگەیاندووە، لە 1-4-2022ـەوە ئەگەر گەشتیارانی عێراقی و بیانی کە تەمەنیان لە سەروو (12 ساڵە) هەردوو قورچک ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتبێت، لەکاتی ھاتن و رۆیشتن پێویست ناکات پشکنینی PCR)‎) بکەن.
 
بۆ گۆڕانکاریی لە رێنماییەکان لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، پێویستە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، یان لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری لەسەر بدات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە