لەگەڵ رەنج؛ دوژمنە شاراوەكەی نێو قاپ ‌و پێداویستییەكانی ماڵەوە

24-02-2025
ئاسۆ سەراوی
بەرنامەی لەگەڵ رەنج.
بەرنامەی لەگەڵ رەنج.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

‏(‏PFAS‏ پیفاس) مادەیەكی مەترسیدارە بە مەبەستی درێژكردنەوەی تەمەنی ‏كاڵا بەكاردێت، ئەو جۆرە مادەیە بەرێژەیەكی بەرز لەنێو بەشێک لە پلاستیک ‌و ‏پاكەرەوەكان ‌و بۆیەی قژی ئافرەتان ‌و یاریی منداڵاندا هەیە.
 
لەم بەرنامەیەدا، ‏شارەزایانی ئەو بوارە باس لەوە دەكەن تاوەكو ئێستا لە هەرێمی كوردستان هیچ ‏تاقیگەیەک نییە بۆ دیاریكردنی رێژەی پیفاس لە كاڵاكاندا. گرفتی ئەو مادەیە وەک ‏سەرۆكی بەشی خۆراكزانی ‌و پارێزی لە ‏زانكۆی ‏هەولێری پزیشكی باسی ‏دەكات ئەوەیە كە سیستمی بەرگریی لەش لاواز دەكات. دەشڵێت: "یەكەم ‏شت كە (پیفاس) تێكی دەدات بەكتریا باشەكانی گەدەمانە بەوەش ‏بەرگریمان لاواز دەبێت، ئەمەجگە لەوەی ئەگەر هەیە ببێتە هۆكارێک بۆ  ‏قەڵەوی ‌و تێكچوونی هۆڕمۆنەكان، ئەگەر چووە لەشەوە سێ‌ بۆ هەشت ‏ساڵی دەوێت بۆ پاكردنەوەی لەش".‏
 
‏‏بوونی ئەو مادەیە لە بەشێك لەو كاڵا‌و كەلوپەلانەی رۆژانە بەكاریان ‏دەهێنین لەكاتێكدا وەک پسپۆڕی كیمیایی پیشەسازی دەڵێت: "دوای كۆرۆنا ‏سیستمی بەرگریی هەموومان لاواز بووە". ئەو پسپۆڕەی بواری كیمیا ‏ئاشكراشی كرد كە توێژینەوەیان لەسەر ئاوی دووكان ‌و دەربەندیخان كردووە. ‏مادەی زۆری مەترسیداری تێدا بووە. ئەو دەڵێت: "دڵت بەو خەڵكە دەسووتێ‌ كە ‏دەیخواتەوە". 
پسپۆڕێكی بواری خۆراكیش ئەوەی روونكردەوە، لە سەرەتای ‏‏2024دا ئەمریكا مادەی (پیفاس)ی قەدەخەكردووە.‏
 
بەشێكی ئەم بەرنامەیە تەرخانكرا بۆ ئەوەی ئایا خانمان لەكاتی ‏ئامادەكردنی خۆرادن چ جۆرە مەنجەڵێک بەكاربهێنن (مس، فافۆن، تیڤاڵ، ‏ستیل، شووشە، سیرامیک) پسپۆڕێكی بواری ئەندازە ‌و دروستكردنی ‏خۆراک ‏وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە. باشە ئەگەر لە سنوورەكانیشەوە كاڵای بێ‌ ‏كوالێتی رێگە بە هاوردەكردنی بدرێ‌، بۆچی بازرگانان ئەو كاڵا خراپانە ‏هاوردەی وڵاتەكەیان دەكەن؟ ئەوە پرسیاری قوتابییەكی زانكۆ بوو لە ‏بەرنامەكەدا كردی.
 
نوێنەری ژووری بازرگانی لەبەرنامەكەدا ئەوەی خستەڕوو، ‏وەک بازرگان بەرپرسیارە خەڵكیش بەرپرسیارێتیی خۆی هەیە: ‏‏"بازاڕی ئێمە بازرگانی ناچاركردووە كاڵای خراپ ‌و بێ‌ كوالێتی بهێنێ‌، خۆی ‏دەبینن بازاڕی هەرزان بازاڕەكان گەرمترە لە بازاڕی كاڵا بە كوالێتییەكان".‏
 
ئاگاداری ئەو جۆرە یاریانە بە كە بۆ منداڵەكەتی دەكڕیت
 
د. دلێر كوردە، پسپۆڕی كیمیایی پیشەشازی ‌و مامۆستا لە ‏زانكۆی ‏‏سەلاحەدین وەک میوانێكی بەرنامەكە ئەوەی خستەڕوو مادەی (‏PFAS‏ ‏پیفاس) لە یاری منداڵانیشدا بەكاردێت كە زۆر مەترسیدارە: "بۆیە ‏دەبێت ئاگاداری ئەو یاریانە بن بزانن منداڵ چۆن بەكاریدەهێنێ‌".‏ 
 
د. دلێر كوردە جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە خەڵكی ئاگاداری ‏نانۆپلاستیک ‌و مایكرۆپلاستیک بن كە بەگوتەی ئەو زۆر مەترسیدارن، چونكە ‏تێكەڵاوی جەستە ‌و ژینگەكەمان بووە. ئەو گوتی: "4200 مادەی كیمیایی ‏مەترسیدار لەنێو پلاستیک هەیە". بوونی ئەو مەترسییانە لە كاتێكدایە دوای ‏كۆرۆنا سیستمی بەرگریی خەڵكی زۆر لاواز بووە.
 
د. دلێر كوردە ئەوەش دەخاتەڕوو كە پلاستیک یەكێكە لە هۆكارەكانی ‏پیسكردنی ژینگە، لەكاتێكدا پلاستیک خزمەتێكی باشی مرۆڤایەتی كردووە، ‏‏"بەڵام خراپەی زۆرترە". هەر وەكو ئەو پسپۆڕەی كیمیایی پیشەسازی ‏باسی دەكات، رۆژانە پلاستیک بەشێوازی جیاواز بەكاردەهێنین. ئەو دەڵێت: ‏‏"هەندێ‌ پلاستیک مەترسیان هەر زۆر زیاترە بە نموونە، ئەو قاپانەی ‏ps‎‏ ژمارە ‏‏6ی لەسەر نووسراوە زۆر مەترسیدارە. جگە لەوە، بەكارهێنانی عەلاگە بۆ ‏خواردنە گەرمەكان زۆر خراپە".‏
 
د. دلێر كوردە ئەوەش دەخاتەڕوو كە هەموو جۆرە پلاستیكێک مەترسیدارە ‏بە تایبەت ئەو مادانەی (‏PFAS‏ پیفاس)یان تێدایە ‏ترسناكییەكەیان ‏ئێجگار زیاترە لەوانی دیكە. جگە لە پلاستیک بەقسەی د. دلێر كوردە، (خوێ)ش ئەگەر نەزانی سەرچاوەكەی كوێیە، مەترسیدارە. ئەو دەڵێت: "نازانم ‏سەرچاوەی ئەو خوێیەی بۆ ئێمە دێت‎ ‎‏ لە كوێوەیە؟". بەدەر لەوە، مادەیەکی ‏دیكە هەیە بۆ نەرمكردنی چەرم بەكاردێت، كە لە 1999وە قەدەخە كراوە، ‏بەڵام وەک د. دلێر دەڵێت: "لە كوردستان بە ئاسانی دەست دەكەوێت".  
 
مەترسی ئەو نایلۆنە سپیەی خواردنی پێدەپێچرێتەوە
 
لەبەشێكی دیكەی بەرنامەكەدا د. دلێر كوردە ئەوەی خستەڕوو كە ‏توێژینەوەیان لەسەر ئاوی دووكان ‌و دەربەندیخان كردووە گەیشتوونەتە ئەو ‏ئەنجامەی كە توخمە قورسەكان لەنێو ئەو ئاوانەدا هەن. ئەو گوتی: ‏‏"ئەوە زۆر مەترسیدارە، بەڕاستی دڵت بەو خەڵكە دەسووتێ‌ كە ئەو ئاوە ‏دەخواتەوە، چونكە رێژەیەكی زۆر توخمە قورسەكان لەنێو ئاوی دووكان ‌و ‏دەربەندیخاندا هەیە".  
 
هەر بەپێی قسەی د.دلێر كوردە، زێرابی هەولێریش ‏كە تێكەڵاوی ئاوی زێ‌ دەبێتەوە، ئەویش مەترسیدارە، چونكە كۆمەڵێک ‏توخمی قۆرسی تێدایە. د. دلێر كوردە دەڵێت: "بەهۆی پیسیی ‏ژینگەكەمانەوە، بارانیشمان مەترسیدار بووە".‏
 
ئەو شارەزایەی كیمیایی پیشەسازی ئەوەش رووندەكاتەوە فیلتەری جگەرە ‏بۆ پیسبوونی ژینگە زۆر مەترسیدارە. ئەو دەڵێت: "پێویستی بە 500 ساڵە ‏تاوەكو شیدەبێتەوە".‏
 
د. دلێر كوردە ئاماژە بەوەش دەكات ئەوان وەک پسپۆڕانی بوارەكە ‏پێویستیان بە پشتیوانیی دارایی هەیە بۆ توێژینەوەكانیان، چونكە هەموو ‏توێژینەوەكانی ئەو بوارە پێویستی بە لایەنێكی باشی دارایی هەیە.‏
 
مەترسییەكی دیكەی پلاستیک ئەو زەرفە تەنكە سپیەیە كە خواردنی گەرمی ‏پی دەپێچرێتەوە. د. دلێر كوردە ئەوە دەخاتەڕوو ئەو زەرفە تەنكە سپیەی ‏خواردنی گەرمی پێ دەپێچرێتەوە هەر زۆر مەترسیدارە نابێت بەهیچ جۆرێك ‏بەكاربێت. د. دلێر كوردە دەڵێت: "لە هەندێ‌ شوێن لایلۆن لەسەر كولێرە ‏بەڕۆن دادەنێن ‌و لەسەری دەتوێتەوە ئەوەش زۆر مەترسیدارە".‏
 
لە بەشێكی دیكەی بەرنامەكە ئەو شارەزایەی بواری كیمیایی پیشەسازی ‏باسی لەوە كرد ئەو بۆنانەی لە ماڵاند بڵاودەكرێتەوە پێی دەگوترێ‌ ‏‏(ئێرفرێش) زۆر خراپە. تێكدەری ژینگەیە. ئەو گوتیشی: "بۆیەی قژ ‏مادەیەكی تێدەكرێت بۆ نەرمكردنەوەی قژەكە بەكاردێت. ئەوەش لە رووی ‏تەندروستییەوە زۆر مەترسیدارە". لە كۆتایی قسەكانی د. دلێر كوردە ‏رێنمایی ئەوەی دایە ئەو دایكانەی منداڵی ساوایان هەیە كە لە جیاتی ‏بەكارهێنانی مەمەی پلاستیک مەمەی دروستكراوی سلیكۆن بەكاربهێنن.‏
 
لە رێگای ماکیاژ ‌و پاكەرەوەكانەوە دەگاتە ئافرەتان
 
د. رۆندك ئەحمەد، سەرۆكی بەشی خۆراكزانی ‌و پارێزی لە ‏زانكۆی ‏هەولێری ‏پزیشكی وەک میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ئەوەی خستەڕوو مادەی (‏PFAS‏ ‏پیفاس) رێگای خواردن ‌و خواردنەوەكانەوە تێكەڵاوی لەشی مرۆڤەكان ‏دەبێت. د. رۆندک ئەحمەد دەڵێت: "یەكەم شت كە (پیفاس) تێكی دەدات ‏بەكتریا باشەكانی گەدەمانە بەوەش بەرگریمان لاواز دەبێت".
 
بەپێی ‏زانیارییەكانی ئەو پسپۆڕەی خۆراكزانی مادەی (پیفاس) هۆكارێكە بۆ ‏هەوكردن ‌و نەخۆشییەكانی دڵ ‌و گورچیلە ‌و جگەر دەشڵێت: "ئەگەر ‏هەیە(پیفاس) ببێتە هۆكاری قەڵەوی ‌و تێكچوونی هۆڕمۆنەكان".‏
 
د. رۆندک ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشدا (پیفاس) لەنێو ئەو پاكکەرەوانەدایە كە ‏چەوری لادەبات ‌و رۆژانە خانمان بەكاریدەهێنن، هەر پاكەرەوەكان نییە كە ‏پیفاس لە رێگایانەوە بۆ مرۆڤەكان دەگوازرێتەوە، بەڵكو بەقسەی د. رۆندک ‏ئەحمەد، "ئەو ماکیاژانەی لە رۆخساری ئافرەتاندا زۆر دەمێنێتەوە بە ئاسانی ‏بە ئاو لاناچێت موادی (پیفاس) تێدایە".‏
پیتاندان لەلای ئافرەتان كەمدەكاتەوە
 
مەترسیی پیفاس ‌و كاریگەرییەكانی لەسەر مرۆڤ تەنیا بە چەند نەخۆشییەک ‏راناوەستێ‌، بەڵكو وەك د. رۆندک ئاماژەی بۆ دەكات پیتاندانیش لەلای ‏ئافرەتان كەم دەكات ئەو دەڵێت "(پیفاس) كە لە موادەكانی جوانكاریدا ‏بوونی هەیە 40% پیتاندان لەنێو ئافرەتان كەم دەكاتەوە".‏
 
هەندێك كاغاز هەیە، لەپێچانەوەی خواردنە خێراكاندا بەكاردێت، ‏بەكارهێنانی مەترسیدارە، چونكە ئەو كاغەزانە بە موادی (پیفاس) رووپۆش كراوە.‏ ئەو دەڵێت: "تەنانەت كارتۆنی پیتزا بە (پیفاس) رووپۆشكراوە ئەوەش ‏مەترسیدارە."‏
 
د. رۆندک ئەحمەد ئەوەش رووندەكاتەوە سیفەتێكی (پیفاس) ئەوەیە كە ‏لەنێو خانە چەورییەكاندا خۆی حەشاردەدا بەئاسانی لە لەشی مرۆڤ ناچێتە ‏دەرەوە ئەگەر بچێتە دەرەوە ماوەی چەند ساڵێكی پێویستە د.رۆندك ‏دەڵێت "پاكبوونەوەی لەشی مرۆڤ لە پیفاس، سێ‌ بۆ هەشت ساڵی ‏پێویستە".‏
 
نەک لە خوارد ‌و پاكەرەوەكاندا، بەڵكو لە هەندێك شامپۆ ‌و بۆیەی قژیشدا ‏‏(پیفاس) بە رێژەیەك هەیە. د. رۆندک ئەحمەد دەڵێت: "ئەو شامپۆیانەی ‏پرچ لوس ‌و بریقەدار دەكات بەڕێژەیەك (پیفاس) یان تێدایە".‏
 
د. رۆندك ئەحمەد جەخت لەوە دەكاتەوە كە لە توێژینەوەكانیاندا گرنگی ‏زۆریان بە پێناسە‌و ناسینەوەی پیفاس داوە، بەڵكو وەكو پێویستە گرنگی ‏بە بە توێژینەوەكانیان نادرێت. د. رۆندك ئەحمەد دەڵێت: "زۆربەی ‏توێژینەوەكانمان لەسەر رەفەكان تۆزیان لەسەر نیشتووە  بەداخەوە هیچ ‏هاوئاهەنگییەك نییە بۆ كاركردن بە توێژینەوەی زانكۆكان".‏
 
د. رۆندك ئەحمەد ئەوەش رووندەكاتەوە كە مەمەی شیر ‌و مەمكەمژەی ‏منداڵانیش ئەگەر لە پلاستیك دروستكرابێت مەترسی هەیە نابێت بەكاربێت ‏ئەو دەڵێت "سەرەتا دەبێت هانی دایكان بدرێت شیری خۆیان بدانە ‏منداڵەكانیان نەك بەكارهێنانی شیری قوتوو، ئەگەر بەناچاری شیری قوتوو ‏بەكارهات دەبێت لە موادی پلاستیكدا شیرەكە نەگیرێتەوە، چونكە ‏مەترسیدارە".‏
 
چ جۆرە مەنجەڵێك باشە خواردن دروستكردن؟
 
رۆژانە كەم ماڵ هەیە مەنجەڵ بۆ خواردن دروستكردن بەكارنەهێنێ‌، ‏كەمجاریش ئەو پرسیارەمان لە خۆمان كردووە ئایا ئەو مەنجەڵەی ‏بەكاردەهێنین چەند تەندروستە بۆ ئامادەكردنی خوانەكانمان. د. سیروان ‏ئەحمەد، پسپۆڕی ئەندازە ‌و دروستكردنی ‏خۆراك ئەوە دەخاتەڕوو هەندێ‌ ‏‏‏مەنجەڵ بە مادەی مەترسیداری (پیفاس) رووپۆشكراوە. ئامانج لەو ‏رووپۆشكردنەش بۆ ئەوەیە خۆراكەكە بە مەنجەڵەكەدا نەسوتێ‌، بۆیە باش ‏نییە ئەو جۆرە مەنجەڵە بەكاربێت، ئەی چارەچییە؟ ئەوە پرسیاری ‏هەمووانە، لەوەڵامدا، د. سیروان ئەحمەد دەڵێت: "مەنجەڵی شووشە بە پلەی یەكەم دواتر سیرامیک ‏كە گڵینیشی پێدەگوترێ‌ دوای ئەوانیش ستیل باشە بەكاربێت، بەڵام دەبێت ‏خەڵكی ئاگاداری ئەوەش بن ستیلیش هەیە ساختەكراوە ‌و بەكارهێنانی ‏مەترسیدارە، بەدەرلەوە مەنجەڵی فافۆنیش زۆر خراپە خواردنی تێدا ‏لێبنرێ‌".‏
 
بۆ ناسینەوە مەنجەڵە باشەكانیش د. سیروان ئەحمەد ئەوە رووندەكاتەوە كە ‏زۆربەی ئەو كارگانەی مەنجەڵی باش دروست دەكەن لۆگۆكەیان بەشێوەی ‏هەڵكەندنە د. سیروان ئەحمەد دەشڵێت: "مەنجەڵ دوای رووشانی ناوەكەی ‏ئیتر دەبێت بەكارنەهێنرێ‌". ئەوەشی خستەڕوو ‏لە سەرەتای 2024دا ئەمریكا مادەی (پیفاس) قەدەخە کردووە. 
 
‏"خواردنی گەرم مەخەنە پلاستیكەوە"‏
 
ئەو پسپۆڕەی ئەندازە ‌و دروستكردنی ‏خۆراك گەورەترین مەترسی بەوە ‏دەبینێ‌، خواردنی گەرم بخرێتە پلاستیكەوە، چونكە كاریگەری لەسەر ‏تێكچوونی خواردنەكە دەبێت. ئەو گوتیشی: "خراپیی مادەی (پیفاس) ئەوەیە ‏هەنگاو بەهەنگاو كاریگەرییە خراپییەكانی دروست دەكات، بەتایبەت ‏كاریگەری نەرێنی لەسەر هۆڕمۆنەكانی لەشی مرۆڤ دروست دەكات".‏
 
هەموو كاخەزێكی ژێر خۆراك مەترسیدار نییە، بەتایبەت ئەگەر بە سلیكۆن  ‏رووپۆشكرا بێت، د.سیروان ئەحمەد دەڵێت "كاغەزێكی تەنك هەیە بە ‏سلیكۆن رووپۆشكراوە باشە لەژێر خواردن دەبنرێ‌ ‌و هیچ مەترسییەكی ‏نییە، زۆرجاریش ئەو كاخەزانە لەسەر دەنوسرێ‌ (پیفاس) تێدایە یان نا، بۆیە ‏پێویستە خەڵكی لەوبارەیەوە زۆر وریابن، بەتایبەت هەندێك قاپ بەكاردێت ‌و ‏خواردنی تێدەكرێت هیچی لەسەر نەنوسراوە لە چی دروستكراوە".‏
 
د. سیروان ئەحمەد، ئەوەش ناشارێتەوە كە بۆ پشكنینی رێژەی پیفاس هیچ ‏ئامێرێكی پێشكەوتوو لە هەرێمی كوردستاندا بوونی نییە. لەكاتێكدا وەك ‏د. سیروان دەڵێت: "تاقیگەیەكی باش بۆ پشكنینی كاڵاكان هێندەی ‏سووپایەك بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە".‏
‏‏"خەڵك ناچارمان دەكات كاڵای خراپ بهێنین."‏
 
د. عەبدولواحید تەها، بەڕێوەبەری لێكۆڵینەوە ‌و كاروباری رێكخراوەكان لە ‏ژووری بازرگانی ‌و پیشەسازی هەولێر وەك میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ‏ئەوەی خستەڕوو هەندێ‌ بازرگان بۆیە كاڵای خراپ ‌و بێ‌ كوالێتی دەهێنن ‏هۆكارەكەی خەڵكییە. ئەو گوتی: "بازاڕی ئێمە بازرگانی ناچاركردووە كاڵای ‏خراپ ‌و بێ‌ كوالێتی بێنێ‌، ئێوە سەیری بازاڕ بكەن هەمیشە بازاڕی هەرزان ‏بازاڕەكان گەرومترە لە بازاڕی كاڵا بە كوالێتییەكان".‏
 
د. عەبدولواحید تەها جەختی لەوە كردەوە وەک ژووری بازرگانی هەولێر هیچ ‏كاتێك لەگەڵ ئەوە نین، بازرگانان بەدەر لە یاسا ‌و رێنماییەكانی ئەم وڵاتە ‏كار بكەن: "ئەگەر بازرگانیش خراپ بێت، دەبێت لە سنوورەكانەوە ‏رێگە لە هاتنی كاڵای خراپ بگیرێت، هەموو ئەو كاڵا خراپانەی هاتوون لە ‏سنوورەكانەوە گەیشتوون ‌و مۆڵەتی هاتنیشیان پێدراوە". ‏
 
د. عەبدولواحید تەها، ئەوەشی خستەڕوو وەك بازرگان بەرپرسیارە خەڵكیش ‏بەرپرسیارە. ئەو گوتی: "خەڵکی ئێمە شتی هەرزانی دەوێ‌ نەك شتی ‏بەكوالێتی، پێویستە خەڵك هەڵوێستی هەبێت شتێك كە خراپ بێت نەكڕێت".‏
 
ئەوەی بۆ د. عەبدولواحید تەها مایەی خۆشحاڵییە گەڕانەوەی خەڵكە بۆ ‏كڕینی بەرهەمە خۆماڵییەكان كە كوالێتیان باشە ئەو گوتی: "خەڵكی خەریكە ‏دەگەڕێتەوە سەر كڕینی بەرهەمە خۆماڵییەكان ئەوەش جێگای ‏خۆشحاڵییە".‏
 
لە كۆتایی قسەكانی د. عەبدولواحید تەها ئاماژەی بەوەشدا ئەگەر خەڵكی ‏هۆشیاری هەڵبژاردنی كاڵا باشەكانی بەرز بێت: "ئەو كاتە شتی خراپ خۆی ‏لە بازاڕدا كەمدەبێتەوە".‏
 
 

 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حوسێن ئۆڵان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پارێزگای بەدلیس

حوسێن ئۆڵان: رەنگە 11ی ئایار ئەنجامی کۆنگرەی پەکەکە رابگەیێندرێت

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی رایدەگەیێنێت، بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە راگەیاندنی ئەنجامی دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە دواکەوتووە، پێشبینی دەکات رۆژی یەکشەممە ئەنجامەکان ئاشکرا بکرێن. هاوکات داوا دەکات تاوەکو مانگی حوزەیران نزیکەی 4000 زیندانیی کورد ئازاد بکرێن و یاسای دژەتیرۆریش لە تورکیا هەمواربکرێتەوە