رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە بەهۆی بەفر بارین و سەرما لە هەر پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان (پارێزگاکانی ورمێ، کرماشان، سنە، ئیلام و لوڕستان) کرایە پشوو.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، رۆژی دووشەممە فەرمانگە حکومییەکان، قوتابخانە و زانکۆکان لەو پارێزگایە پشوو دەبن و تەنیا دامودەزگا حکومییەکانی تایبەت بە خزمەتگوزاریی گشتی کراوە دەبن.
دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگاکەش لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هەموو دادگەکانی سنووری پارێزگای ورمێ، دووشەممە پشوو دەبن.
پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگای سنەش رایگەیاند، بە بڕیاری لیژنەی کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی وزە و سووتەمەنی و بەهۆی پێشبینی دابەزینی زیاتری پلەی گەرما، قوتابخانە، زانکۆ و دامودەزگا حکومییەکانی ئەو پارێزگایە پشوو دەبن.
هەروەها لە پارێزگای سنە بڕیار دراوە جگە لە دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان، 5%ی بانکەکانیش کراوە بن بۆ راپەڕاندنی کاروباری خەڵک.
بە بریاری مەنووچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان، رۆژی دووشەممە جگە لە دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان، هەموو فەرمانگە حکومییەکان، بانک و ناوەندەکانی خوێندن پشوو دەبن.
ئاماژەش بەوە کراوە، کە بڕیارەکە بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گاز و کارەبا دراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ئیلامیش رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەی بەڕێوەرایەتییەکە، بریاردرا رۆژی دووشەممە، جگە لە دامودەزگا حکومییەکانی تایبەت بە خزمەتگوازی گشتی، سەرجەم فەرمانگە حکومییەکان، قوتابخانە و زانکۆکان لەو پارێزگایە پشوو بن.
مەجید بێگلەریان گوتی، "بڕیاری داخستنی دەزگا حکومییەکان و ناوەندە پەروەردەییەکانی پارێزگاکە بەهۆی ساردی کەش و هەوا و بۆ کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی وزەیە."
لە پارێزگای لوڕستانیش پشوو راگەیێندرا. پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای لوڕستان رایگەیاند، بەهۆی دابەزینی پلەی گەرما و ساردتربوونی هەوا، بریاریان داوە فەرمانگە حکومییەکان، قوتابخانە و زانکۆکان لەو پارێزگایە پشوو بن.
کۆنترۆڵی قەیرانی لوڕستان دەڵێت، بریارەکە دامودەزگا خزمەتگوازییەکان و ناوەندە تەندروستییەکان ناگرێتەوە و بانکەکانیش بە نیوەی ستافیان کار دەکەن.
لە رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردووەوە، بارستە هەوایەکی سارد و شەپۆلێکی بەفربارین رۆژهەڵاتی کوردستان و زۆربەی ناوچەکانی ئێرانی گرتووەتەوە و پلەکانی گەرما دابەزیون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ