رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدەن لە دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و مەترسیی وشکەساڵی. بەرپرسانی راپەڕین و گەرمیان دەڵێن، دۆخی ئاو لە هەردوو ناوچەکە جێی نیگەرانییە. لە دهۆکیش، ئاستی ئاوی ژێرزەوی بۆ 33 مەتر دابەزیوە.
سەرهەد شێخە، بەڕێوەبەری ئاماری سەرچاوەکانی ئاوی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئەگەر پلان و بەرنامەمان بۆ گلدانەوەی ئاوی سەرزەوی نەبێت، ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەردەوام دەبێت لە دابەزین." هاوکات، سالار عەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری گەرمیان ئاماژەی بەوەدا کە مەترسیی وشکەساڵی لە ناوچەکەیاندا هەیە.
'عێراق بۆ دروستکردن بەنداوی دەڵگە کەمتەرخەم بووە'
ئەمڕۆ هەینی 24-01-2025، سەرهەد شێخە، بەڕێوەبەری ئاماری سەرچاوەکانی ئاوی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد عزدەین پێشکێشیکرد، لەبارەی مەترسیی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی رایگەیاند: ''ئەگەر پلان و بەرنامەمان بۆ گلدانەوەی ئاوی سەرزەوی نەبێت، ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەردەوام دەبێت لە دابەزین.''
جیا لە کەمیی بارانبارین، یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی بیرە نایاساییەکانن، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بەگشتی لێدانی بیری نایاسایی 110٪ زیادیکردووە. سەرهەد شێخە گوتی: ''پێشتر نزیکەی پێنج هەزار بیری نایاسایی لە دەڤەری راپەڕین هەبوون، بەڵام بە هەوڵی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە ساڵی 2024ـدا ژمارەیان تاڕادەیەک کەمتر بووەتەوە.''
بەگوتەی بەڕێوەبەری ئاماری سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕین تەنیا لە ساڵی رابردوودا دەست بەسەر زیاتر لە 26 ئامێری نایاسایی بیرلێداندا گیراوە، ''بەشێکیان رێکاری یاساییان تێپەڕاندووە، بەشێکیشیان هێشتا چارەنووسیان یەکلایی نەبووەتەوە''.
سەرهەد شێخە ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان، رێکاری جۆراوجۆر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کەسانە هەیە کە بیری نایاسایی لێدەدەن، ''بەڵام دیارترینیان دەستبەسەرداگرتنی ئامێرەکانی بیرلێدانە، هەروەها سزای پێبژاردن و بەندکردنیش هەیە.''
لەبارەی بەرنامە و پڕۆژەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەمئاوی، بەڕێوەبەری ئاماری سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕین ئاماژەی دا، ''ئێمە پلانمان هەیە چەندین بەنداوی بچووک دروست بکەین و رێکاری زانستی بگیرنەبەر، بۆ ئەوەی ئاوی سەرزەوی بۆ ئاودێری و خواردنەوە بەکاربهێنین؛ بەداخەوە لە کوردستان کەمترین ئاوی سەرزەوی بەکارهێنراوە و زیاتر بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەچێت.''
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، پلان بۆ دروستکردنی کۆمەڵێک بەنداو دانراوە، لەنێویاندا بەنداوی دەڵگە لەسەر زێی بچووک لە سنووری قەزای پشدەر. بڕیار بۆ دروستکردنی بەنداوەکە دەرچووە، بەڵام هێشتا دەست بە جێبەجێکردنی نەکراوە.
بەگوێرەی ئامارێک کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ساڵانە 63.83٪ـی ئاوی سەرزەوی لە هەرێمی کوردستان سوودی لێ وەرناگیرێت. سەرهەد شێخە دەڵێت: ''بڕیار بوو لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023-2024-2025 گوژمەی دروستکردنی بەنداوی دەڵگە تەرخان بکرێت و دەست بە کارەکانی بکرێت، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا کاری جدی بۆ نەکراوە.''
بەنداوەکە توانای گلدانەوەی 120 ملیۆن مەتر سێ جا ئاوی دەبێت و دەکەوێتە سەر زێی بچووک. وەکو بەڕێوەبەری ئاماری سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕین گوتی: ''تاوەکو ئێستا بەگوێرەی پێویست کاری بۆ نەکراوە و حکومەتی عێراقیش لەوبارەوە کەمتەرخەم بووە. ئەوە لەکاتێکدایە ئەگەر گرفتی کەمئاوی کوردستان بگرێتەوە، تەنیا کاریگەری لەسەر ئێمە نییە، بەڵکو ئەوانیش تووشی گرفت دەکات.''
بەگوێرەی ئامارێک کە سەرۆکی رێکخراوی ئاو لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی داوە، ساڵانە 47 ملیار مەتر سێجا ئاو دەڕژێتە نێو هەرێمی کوردستان، بەڵام تەنیا سوود لە 17 ملیار مەتر سێجا وەردەگیرێت.
سەرهەد شێخە ئاماژەی بەوەش کرد، جیا لە بەنداوی دەڵگە، پڕۆژە و پلانیان بۆ دروستکردنی چەندین بەنداوی بچووک هەیە کە ''ئەگەر بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، دەتوانین بەشێکی کێشە و گرفتەکانی کەمئاوی لە سنوورەکە چارەسەر بکەین.''
بەڕێوەبەری ئاماری سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕین جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر ئاوی سەرزەوی گلنەدرێتەوە، بێگومان ئاستی ئاوی ژێرزەوی لەوەی کە هەیە زیاتر دادەبەزێت، بەتایبەتی لەو وەرزانەی کە بارانبارین کەمە.''
ئێران لە ساڵی 2017ـەوە بەنداوی کۆڵەسەی لە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر زێی بچووک دروستکردووە و ناوە بە ناوە سەرچاوەی ئاوەکە لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە، بەمەش رێژەی ئاوەکەی لە باشووری کوردستان بۆ نزیکبوونەوە لە وشکبوون کەمی کردووە و کاریگەر لەسەر ئاستی ئاوی بەنداوی دووکانیش هەبووە.
ئاوی دەوروبەری گەرمیان: لە سنوورەکە مەترسیی وشکەساڵی هەیە
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری گەرمیان دەڵێت، بەهۆی کەمیی بارانبارینەوە ئاستی ئاوی ژێرزەوی دابەزیوە و مەترسیی وشکەساڵی هەیە، گوتیشی، ''ئەگەر باران نەبارێت، ئەم ساڵ جووتیارانی سنوورەکە تووشی زیانێکی زۆر دەبن.''
بەهۆی کەمیی بارانبارین ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دابەزیوە. ئەمڕۆ هەینی 24-01-2025، سالار عەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری گەرمیان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 08:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد عیزەدین پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ''ئێستا لە گەرمیان ئەگەری ئەوە هەیە کە جارێکی دیکە وشکەساڵی رووبدات.''
سالار عەزیز گوتی، تاوەکو ئێستا مەترسییەکە هەر ئەگەرە، ''واتا تاڕادەیەک دۆخی ئاو باشترە، بەڵام ئەگەر [کەمیی بارانبارین] هەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت، ئینجا مەترسیی وشکەساڵی دەکەوێتە سەر سنوورەکەمان.''
گەرمیان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان گەرمترە و لە ئەگەری نەبارینی باراندا، ئاستی ئاوی ژێرزەوی بە رێژەیەکی زیاتر دادەبەزێت. گوتەبێژی ئاوی دەوروبەری گەرمیان ئاماژەی بەوەدا، ''پلانی ساڵانەمان هەیە کە بەرەنگاری کەمیی ئاو ببینەوە، ئێستا پەنامان بردووەتە بەر رووباری سیروان کە بە تەنیشت قەزای کەلار و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری گەرمیاندا تێدەپەڕێت.''
بەگوتەی سالار عەزیز ئێستا ئاستی ئاوی ژێرزەویی گەرمیان مامناوەندە، ''ئێمە ساڵانی پێشوو بە دەستی دابەزینی رێژەی ئاوی خواردنەوە ناڵەمان دەهات و گوندەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری گەرمیان گرفتیان بۆ دروست دەبوو، بەڵام سەرەڕای وشکبوونی بیرەکان، توانیومانە لە رێگەی تانکەرەوە ئاو بگەیێنینە گوندەکان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە چۆڵ نەبن.''
بەشێک لە جووتیاران بەهۆی کەمئاوییەوە ناچارن بۆ کاروباری کشتوکاڵ پەنا بەرنە بەر بیرلێدان. وەک گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری گەرمیان دەڵێت، ''ئێستا جووتیارانی سنووری گەرمیان تووشی جۆرێک لە نائومێدی بوون، چونکە تۆیان کردووە و باران نەباریوە، ئەوانەی زەویی دێمییان هەیە، دەڵێن ئەگەر باران لە سنوورەکە نەبارێت، تووشی زیانێکی زۆر دەبن .''
لە ساڵانی رابردوودا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ژمارەیەک بەنداوی بچووکی (پۆند) لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی سنووری گەرمیان دروست کردووە کە بەگشتی ئێستا ژمارەیەکان دەگاتە زیاتر لە 100 دانە؛ سالار عەزیز ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێمە بەنداوە بچووکەکان بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ بەکاردەهێنین، بەڵام ئاوی بەنداوەکان بەهۆی وشکەساڵی و کەمیی بارانبارینەوە، چەند ساڵێکە لە ئاستی چاوەڕوانیی ئیدارەکەدا نین.''
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی گەرمیان گوتیشی، ئاستی ئاو لە بەنداوە بچووکەکاندا تاوەکو ئێستا ئەوەندە بەرز نەبووەتەوە کە بتوانین بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ بەکاریان بهێنین.
کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی کەمبوونی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان کە تاوەکو ئێستا گلدانەوەی ئاوی باران لە بەنداوەکاندا نەگەیشتووەتە ئاستی پێویست.
یەکێک لە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان کە کاریگەریی کەمیی بارانبارینی پێوە دیارە، بەنداوی بەستۆڕەیە لە باکووری پارێزگای هەولێر؛ سەرەڕای ئەوەی توانای گلدانەوەی 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، ئێستا بڕێکی کەم ئاوی تێدا دەبینرێت و زۆر نزیکە لە بەتاڵبوون.
٪57ـی ئاوی کوردستان لە دهۆکە بەڵام تەنیا 10٪ـی سوودی لێ وەردەگیرێت
جووتیارێک لە ناوچەی ناڤکۆری دهۆک، بەهۆی نەبوونی پرۆژەی گرنگی ئاودێری، بۆ 62 دۆنم زەوی بە بڕی 25 هەزار دۆلار بیرێکی ئاو لێدەدات. سەرەڕای ئەو خەرجییە زۆرە، هێشتا دڵنیا نییە ئاو دەردەکەوێت یان نا.
سادق عەبدولرەحمان، خاوەنی زەوییەکەیە و باس لەوە دەکات، "پێش ئێستا لە ناوچەکەمان دەشتی ناڤکۆر، بیر بە پەنجەی دەست دەژمێردران، هێندە کەم بوون، ئێستا بەڕاستی زۆرن. جێگرەوەیەکمان هەیە ئەویش بەنداوی ئیسماوایە، ئەگەر دروستبکرابووایە، بیرەکان کەم دەبوون، من وەکو جووتیارێک ناچار نەدەبووم دوو دەفتەر و نیو بدەمە ئامێری بیر لێدان."
لە 10 ساڵی رابردوودا، رێژەی لێدانی بیر لە پارێزگای دهۆک دوو ئەوەندە بووە. زیاتر لە هەزار بیر تەنیا لە دەشتی ناڤکۆر لێدراوە. خەرجی هەر یەکەیان لە 15 هەزار بۆ 40 هەزار دۆلارە. زۆری ژمارەی بیرەکان وایکردووە ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە هەندێک شوێن بۆ 33 مەتر کەمبێتەوە.
عەبدولمەجید عەبدوڵـڵا، بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی دهۆک دەڵێت: "لە ساڵی 2013 نزیکەی دوو هەزار و 468 بیری ئاو هەبوون. لە ساڵی 2024 بووەتە 4 هەزار و 508 بیر. لەبەر زۆربوونی داواکاری لەسەر بیری ئاو و وشکەساڵی، ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە ناوچەی زاوا بۆ 33 مەتر و لە حەوزی ئاکرێ بۆ 16 مەتر دابەزیوە."
بەگوێرەی داتای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک، 55٪ـی ئاوی سەر زەوی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆکە، بەڵام تەنیا 10٪ـی ئاوەکە سوودی لێوەرگیراوە.
موسلیح حەسەن ساڵح، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک باس لەوە دەکات، "لەبەر ئەو گۆڕانەی ساڵانە لە کەشوهەوا روودەدات، پێویستمان بە ئاودانی تەواوکەر هەیە، بۆیە دەبێت پرۆژەی ستراتیژی دروستبکرێن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی پشت بە ئاوی باران دەبەستن."
یەکێک لەو پڕۆژە ستراتیژییە ئاودێرییانەی لە دەوروبەری ساڵی 1980 لەسەر بەنداوی دهۆک دروستکراوە و هەزاران دۆنم تەماتە بە پرۆژەکە ئاو دەدران و رۆژانە 6 بارهەڵگر تەماتە لە دهۆکەوە هەناردەی وڵاتانی کەنداو دەکران، ئێستا پرۆژەکە وێران بووە و خانوو و و رێگە لە شوێنی پرۆژەکە دروستکراون.
د. سەڵاح سندۆری، مامۆستای زانکۆیە و لەبارەی کەمبوونەوەی ئاو باس لەوە دەکات، "نابێت پشت بە ئاوی ژێرزەوی ببەستیت، بەڵکو دەبێت پشت بە ئاوی سەر زەوی ببەستیت و دەبێت وێستگەی تایبەت بە پاڵاوتنت هەبێت. بۆ نموونە، ئەگەر ئەو پرۆژەیەی لەسەر دیجلە دروستکراوە ئاوەکەی بۆ دەشتی سلێڤانە و سەدەی دهۆک بێت، ئەوا دەبێتە نموونە بۆ هەموو ناوچەکە. ئەم پرۆژەیەش ئەگەر تەواو کرابا، ئەوا 50٪ـی ئاوی خواردنەوەی دهۆکی دابین دەکرد."
بەگوێرەی رێکخراوی ئاوی کوردستان، ساڵانە 47 ملیار مەتر سێجا ئاو بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، لەو بڕە تەنیا سوود لە 17 ملیاری وەردەگیرێت و 30ـی دیکەی بە هەدەر دەڕوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ