حکومەت بۆ سەندیکا، کۆمەڵە و یەکێتییەکان: لە شەش مانگدا کۆنگرە ببەستن

24-01-2023
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی فەرمی سەرجەم سەندیکا، کۆمەڵە و یەکێتییەکان ئاگادار دەکاتەوە کە دەبێت لە ماوەی 180 رۆژدا دەستەی بەڕێوەبردنیان هەڵبژێرن. زۆربەی سەندیکا و کۆمەڵەکانیش چەند ساڵێک بەسەر کاتی کۆنگرەیاندا تێپەڕیوە، بەڵام دەڵێن "ئامادەین بۆ بەستنی کۆنگرە".
 
سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک کە رۆژی 07-12-2022 دەریکردووە و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانەکە واژۆی کردووە، سەرجەم سەندیکا، کۆمەڵە و یەکێتییەکان ئاگادار دەکاتەوە و نووسیویەتی "پاڵپشت بە یاسای کۆمەڵە و رێکخراوەکانی هەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە 18ـی ساڵی 1993، کاری پێویست ئەنجام بدەن بە ئاگادارکردنەوەی سەندیکا و کۆمەڵە و یەکێتییەکان بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبردنیان بەپێی یاسای بەرکار و پەیڕەوی ناوخۆییان لە ماوی 180 رۆژ".
 
کۆمەڵەی قوربانییانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە دوایین کۆنگرەی لە ساڵی 2007 بەستووە. لوقمان عەبدولقادر، نزیکەی 15 ساڵە سەرۆکی کۆمەڵەکەیە و دەڵێت، "لە ساڵی 2011 هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ کۆنگرە کرد، بەڵام لەلایەن ئیدارەی پارێزگای سلێمانییەوە ئاگادارکراینەوە کە کۆنگرەکە دوابخەین".
 
لوقمان عەبدولقادر قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "دەبوو ساڵی 2011 کۆنگرە ببەستین، بەڵام بە نووسراوێکی فەرمیی قایمقامیەتی سلێمانی کە تێیدا ئاماژە بە فەرمانی پارێزگار کرابوو، کۆنگرەکەیان پێ دواخستین، ئێستاش ئەگەر شوێنمان بۆ دابینکبرێت و هاوکاریمان بکرێت ئامادەین کۆنگرە ببەستین".
 
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانیش هاوشێوەی کۆمەڵەی قوربانییانی چەکی کیمیایی چەند ساڵێک بەسەر وادەی کۆنگرەیاندا تێپەڕیوە. لەوبارەوە رووداو پەیوەندیی بە ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانەوە کرد و نەیشاردەوە کە ململانێی سیاسی هۆکارێکی دواخستنی کۆنگرەکەیان بووە.

 

 
ئەحمەد گەرمیانی گوتی، "بەپێی پەیڕەو دەبێ چوار ساڵ جارێک بکرێت، دوای کۆتاییهاتنی وادەی دیاریکراو، بۆمان هەیە تەنیا شەش مانگ تەمەنی خولێک درێژبکەینەوە، بەڵام لە ساڵی 2011ـەوە کۆنگرەمان نەبەستووە، ئێستاش کە حکومەت بڕیاریداوە کۆنگرە ببەستین، ئامادەین".
 
لە ساڵانی 2015 و 2019دا، یەکێتیی مامۆستایان هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ بەستنی کۆنگرە کرد، بەڵام نەیانبەست. لەبارەی هۆکارەکانییەوە ئەحمەد گەرمیانی گوتی، "جارێک لەبەر هێرشەکانی داعش و جاری دووەم لەبەر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا نەمانتوانی کۆنگرە ببەستین، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا کۆمەڵێک ناکۆکیی سیاسی و ناکۆکی لەسەر خاڵەکانی بنەمای هەڵبژاردن هەبوون".
 
جێگری یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا هەموومان بە هەموو لق و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزییەوە، لەگەڵ کۆنگرەداین و لیژنەیەکمان پێکهێناوە، لە کۆبوونەوەی داهاتوومان ژمارەی ئەندامانی لیژنەکە زیاتر دەکەین و چالاکتری دەکەین."
 
زۆربەی سەندیکا و کۆمەڵەکان، هەموو ئەو دەستانە بەڕێوەیان دەبەن کە لە ساڵی 2011 هەڵبژێردراون، دواتریش ئەگەر گۆڕانکارییەک کرابێت، بە رێککەوتن و لەسەر بنەمای پشکی حیزبی بووە. 
 
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانیش هاوشێوەی کۆمەڵە و سەندیکاکانی دیکە، لە ساڵی 2011ـەوە کۆنگرەی نەبەستووە. بژار حەکیم، جێگری نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئەو بڕیارەی حکومەت، هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتی پێداون، بەڵام سەندیکای رۆژنامەنووسان و چەند سەندیکایەکی دیکە، بە یاسای پەرلەمانی دامەزراون، نازانین ئەو بڕیارە ئێمەش دەگرێتەوە یان نا".
 
بژار حەکیم دەڵێت، "حکومەت دەیەوێ هەموو کۆمەڵە و سەندیکاکان کۆنگرە ببەستن، ئێمەش وەکو سەندیکای رۆژنامەنووسان هەموومان کۆکین لەسەر بەستنی کۆنگرە و دروستکردنی ستافێکی نوێ بۆ سەندیکاکە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە