کوردستان
بەڕێوەچوونی رێوڕەسمێکی ئایینیی کریستیانەکان لە کەنیسەیەکی شاری هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری کریستیانەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ کریسمسی ئەمساڵ هیچ گردبوونەوە و رێوڕەسمێکی ئایینی ئەنجامنادرێت "جگە لە نوێژی جەژن".
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری کریستیانەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندووە "بە مەبەستی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ئەمساڵی جەژن (تەنها مەراسیمی نوێژی جەژن) لە کەنیسە ئەنجامدەدرێت، جیا لەمە ھیچ کۆبوونەوە و گردبوونەوە یاخود ئاھەنگ لە گۆڕەپان یان ھۆڵی بۆنەکانی کەنیسە ئەنجامنادرێت".
رۆژی 22ی کانوونی یەکەمی 2020 سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی سەری ساڵەوە بڕیاریاندا. پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی دەڵێن، وەکو حکومەت هیچ ئاهەنگێکی فەرمییان نابێت، لە کەرکووک و هەڵەبجەش هیچ ئاهەنگێک بەڕێوەناچێت.
ساڵانە بەبۆنەی سەری ساڵی زاینی لە جیهاندا ئاهەنگ بەڕێوەدەچێت، لە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی هەموو شوێنێکی دیکە ئاهەنگ بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی داراییەوە، پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بڕیاریی جیاجیایان لەوبارەیەوە دەرکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ