باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.
 
بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "بارانبارین کەمە و مانگی دوازدەش دوایین کاتی چاندنی گەنم و جۆیە". شارەزایەکی کەشناسییش ئاماژە بەوە دەکات، "بۆئەوەی کەرتی کشتوکاڵمان پارێزراوبێت و وشکەساڵی روونەدات، پێویستمان بەوەیە ساڵانە 200 بۆ 250 میلیمەتر باران ببارێت".
 
'باران کەم باریوە و مانگی دوازدەش دوایین کاتی چاندنی گەنم و جۆیە'
 
هیشام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە، 23ی تشرینی دووەم بە رووداوی گوت، "بەشێکی زۆری ئەو جووتیارانەی پشت بە باران دەبەستن بۆ گەنم و جۆ، لەبەر ئەو کەم بارانییەی ئەم ساڵ هەیە، تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە تۆو بچێنن. ئەگەر بارانبارین بەمشێوەیە بێت، ئەوا تۆویش بچێنن یان بێبەرهەم دەبن یان بەرهەمیان کەم سوود دەبێت. تەنیا خاوەن زەوییە بەراوەکان تۆویان چاندووە."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ، "تاوەکو مانگی 12 کات بۆ چاندنی گەنم و جۆ هەیە، دوای ئەو وادەیە جووتیاران لەبەر مەترسی شەختە ناتوانن تۆوەکانیان بچێنن، چونکە ئەگەر بەرهەمیشی هەبێت شەختە لەنێوی دەبات."
 
ئەندازیارێکی کشتوکاڵی: مانگی 11 تاوەکو مانگی 2 باشترین وادەی بارانبارینە بۆ کشتوکاڵ
 
هێڤی ئەبوبەکر، ئەندازیاری کشتوکاڵی بە رووداوی گوت، "بارانبارینی زۆر و سەرمای پێشوەختە و پاشوەختە زیانی بۆ بەروبوومی کشتوکاڵی بە گشتی دەبێت، بەجۆرێک ئەگەر شەپۆلی سەرمای سەخت هەبێت بەتایبەتی لە وەرزی پاییزدا ئەوا زیان بە چرۆ و گوڵەگەنمەکان دەگەیێنێت؛ هەروەها لە دوای مانگی دووەوە بارانبارینی زۆر دەکرێت زیان بە بەروبوومەکان بگەیێنێت. لە رابردووشدا نموونەی وامان هەبووە."
 
بە گوتەی ئەو شارەزایەی کشتوکاڵ، "وەرزی بارانی بەسوود و باش بۆ بەروبوومی کشتوکاڵی لە نێوەراستی مانگی 11 بۆ مانگی دووە، بەو مەرجەی سەرمای سەخت و بارانبارینی بەلێزمە و بەهێزی لەگەڵ نەبێت."
 
پەڵەدان لە سلێمانی و هەڵەبجە 
 
هاوکات، هیشام عەبدولخالق دەڵێت، "ئەم ساڵ لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بڕێکی باش باران باریوە و پەڵەی داوە؛ لە دهۆک و دەوروبەریشی بارانەکەی تا رادەیەک باشبووە، هەرچەندە پەڵەی نەداوە، بەڵام لە سنووری پارێزگای هەولێر بەراورد بە پار، بڕی بارانبارین باش نەبووە و پەڵەشی نەداوە."
 
هیشام عەبدولخالق دەڵێت، "هەر کاتێک باران ببارێت سوودی هەیە. ئەو بڕەی تاوەکو ئێستا باریوە، دەکرێت بڵێین بۆ ئەم کاتە ئاساییە، بەڵام ئەگەر تاوەکو مانگی دوازدە هەمان بڕ بێت، ئاسایی نییە و ئەگەر بارانی دیکەش نەبارێت کێشە بۆ کەرتی کشتوکاڵ بە گشتی و گەنم و جۆ بەتایبەتی دروست دەبێت. بە گشتیی بۆ کشتوکاڵ وا باشە لە مانگی 11ـەوە بەباشی باران ببارێت."
 
بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە رووی بڕی بارانبارینی ساڵانەوە دەکرێن بە سێ بەشەوە ئەوانیش ناوچەی مسۆگەر، نیمچە مسۆگەر و نامسۆگەرن."
 
بە گوتەی هیشام عەبدولخالق، ناوچە مسۆگەرەکان ساڵانە سەروو 500 میلیمەتر بارانیان تێدا دەبارێت، ئەوانیش ناوچە سنووری و شاخاوییەکانن. ناوچەی نیمچەمسۆگەریش ساڵانە رەنگە نزیکەی 450 میلیمەتری تێدا ببارێت، ئەوەش لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە دەگۆڕێت و ناوچە دەشتاییەکانی پارێزگاکان دەگرێتەوە؛ هەرچی ناوچەی نامسۆگەریشە بە گشتیی ساڵانە بڕی بارانبارین تێیدا کەمە و ناگاتە بڕی پێویست، وەک سنووری مەخموور لە هەولێر و گەرمیان لە سلێمانی."
 
بۆ کشتوکاڵێکی باش 'ساڵانە پێویستمان بە 200 بۆ 250 میلیمەتر بارانە'
 
محەممەد کەمال کە شارەزایەکی کەشناسییە بە رووداوی راگەیاند، "بۆ پەڵەدان پێویستمان بە بارانی بەردەوام و نەرم هەیە، بۆیە دەکرێت بڵێین جگە لە ناوچە کوێستانییەکان، ئەو بارانەی تاوەکو ئێستا بارییوە مەرجەکانی بارانبارینی باش و پەڵەدانی تێدا نەبووە."
 
"بەگشتیی بۆئەوەی بڵێین کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستاندا پارێزراوە و وشکەساڵی روونادات، پێویستمان بەوەیە ساڵانە 200 بۆ 250 میلیمەتر باران ببارێت، ئەویش بەو مەرجەی بارانەکە گشتگیر بێت"، محەممەد کەمال وای گوت.
 
ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوەشکرد، "بەگوێرەی پێشبینییەکان بێت، ئەم ساڵ مەترسی لەسەر بەروبوومی کشتوکاڵی نییە و بەو شەپۆلی بارانبارینە سەرتاسەرییەش کە پێشبینی دەکرێت 25ـی ئەم مانگە بگاتە هەرێمی کوردستان، پەڵە دەدات و مەترسییەکان بەڕادەیەکی زۆرباش دەڕەوێنێتەوە."
 
ئامارەکانی کەشناسی: هەولێر و دهۆک کەمترین بارانیان تێدا باریوە
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە 1ـی 9ـی ئەم ساڵەوە تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، لە شاری سلێمانی 100.8 میلیمەتر، هەڵەبجە 156.2 میلیمەتر، دهۆک 14.6 میلیمەتر و لە هەولێریش 18.3 میلیمەتر باریوە.
 
ئامارەکان دەریدەخەن، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پار، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە بەرزبووەتەوە، بەڵام لە هەولێر و دهۆک بڕەکە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
 
جیاوازی بارانبارینی ئەم ساڵ و پار لە مانگەکانی 1-9 تاوەکو 18-11 بەم شێوەیە:
 
هەولێر
ئەم ساڵ: 18.3 میلیمەتر
پار: 87.5 میلیمەتر
 
سلێمانی
ئەم ساڵ: 100.8 میلیمەتر
پار: 50.6 میلیمەتر
 
هەڵەبجە
ئەم ساڵ: 156.2 میلیمەتر
پار: 26.7 میلیمەتر
 
دهۆک
ئەم ساڵ: 14.6 میلیمەتر
پار: 88.9 میلیمەتر
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

خۆپێشاندان لە دێرسم قەدەخە کرا

دوای دانانی قەییووم بۆ شارەوانیی دێرسم و شارۆچکەی پلوور لە پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان، خۆپێشاندان و گردبوونەوە لەو پارێزگایە و خارپێت قەدەخە کرا