رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای ئامێدی فێستیڤاڵی تەحین بەڕێوەدەچێت، پەیامنێری رووداو دەڵێت، بڕیارە فێستیڤاڵەکە دوو رۆژ بەردەوام بێت و چەندین بەرهەمی دیکەشی تێدا نمایش دەکرێن.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-11-2023، لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک بە بەشداریی 27 کارگە و ئاشی تەحینی دەڤەرەکە، فێستیڤاڵی تەحین دەستپێبکات و تێیدا چەندین چالاکیی جیاجیا بەڕێوەبچن و چەندین بەرهەمی خۆماڵیی دیکەی دەڤەرەکەش نمایش بکرێن.
بەگوتەی هونەر رەشید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک، سەرەڕای ئەوەی تەحینی ئامێدی 100% خۆماڵییە، شێوەی بەرهەمهێنانیشی بە تەواوەتی دەستی، خۆماڵی و سرووشتییە؛ ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە تامی تەحینی ئامێدی جیاواز بێت لە تەحینی دیکە و خواستێکی زۆری لەسەر بێت.
خاوەن کارگە و ئاشێکی تەحین کە لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارە بە رووداوی گوت، ''ساڵانە زیاتر لە 10 تۆن بەرهەممان هەیە و کونجی دەکڕینەوە و تەحین بەرهەم دەهێنین، یان خەڵک دەیهێنن و بۆیان دەکەینە تەحین.''
خاوەن کارگەیەکی دیکەی تەحین قسەی بۆ هونەر رەشید کرد و گوتی، ''جگە لە بەرهەمهێنانی تەحین، زەیتەکەشی جیادەکەینەوە کە بۆ ئێشی جومگەکان دەبێت و وەکو (مەلحەم) بەکاردەهێنرێت''، ئاماژەی بەوەشکرد، نرخی هەر کیلۆیەکی زەیتەکە 10 هەزار دینارە و لە تەحین گرانترە.
لە فێستیڤاڵەکەدا جگە لە تەحین، هەناری پاشای دەڤەرەکە، هەنگوینی خۆماڵی، مرەبا و چەندین بەرهەمی دیکەش نمایش دەکرێن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە سەرانسەری پارێزگای دهۆک دوو هەزار و 653 دۆنم زەوی بۆ چاندنی کونجی تەرخانکراوە، کە ساڵانە 623 تۆن بەرهەمیان دەبێت، لەم بڕە کونجییەش بەگشتی 470 تۆن تەحین بەرهەم دەهێنرێت.
تەنیا لە قەزای ئامێدی نزیکەی 800 دۆنم زەوی بە کونجی چێندراوە، کە 188 تۆن کونجی بەرهەمی هەیە و ئەو کونجییەش 141 تۆن تەحینی لێ بەرهەم دەهێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ